پۆلیسی تورک لە ٧ شاردا ١١ ڕۆژنامەنووسی دەستگیرکرد

لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی داواکاری گشتیی دەوڵەتی تورک لە ئەنقەرە پۆلیسی تورک لە شارەکانی ئەنقەرە، ئیستەنبول، وان، ئامەد، ڕحا، مێرسین و مێردین هەڵیانکوتایە سەر چەندین ماڵی هاووڵاتییان.

لە ئەنجامی ئەو هەڵکوتانانەدا، سەرنوسەری ئاژانسی میزۆپۆتامیا دیرەن یۆرتسەڤەر، پەیامنێرانی ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا (MA)، دەنیز نازلم، سەلمان گۆزەل یوز، زەمۆ ئاگۆز، بێریڤان ئاڵتان، هاکان یاڵچین، ئەمروڵا ئاکار و جەیلان شاهینلی، پەیامنێرانی ئاژانسی  ژن نیوز حەبیبە ئەرەن و ئۆزنور دەگەر دەستگیرکران..

دزگای دادی تورک فەرمانی نهێنی لەسەر ئەو دۆسیەیان دەرکرد و لەبەر ئەوەش نازانرێت ئەو ڕۆژنامەنووسانە بە چی تۆمەتبار دەکرێن.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو ڕۆژنامەنووسانە، کە لە شارە جیاوازەکاندا دەستگیرکراون دەبرێنە ئەنقەرە.

هەروەها دەریا ڕەن پەیامنێری ژن نیوز لە ماڵەکەی خۆی لە ئامەد بە مەبەستی لێکۆڵینەوەیەکی جیا لەوەی سەرەوە دەستگیرکراوە.

ناڕەزایی بەرامبەر بە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان

زۆرێک لە ڕێکخراوە ڕۆژنامەنووسییەکان کاردانەوەیان بەرامبەر دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان هەبوو.

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە فورات: پەیامنێرانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا (MA) و ژن نیوز، کە ئەندامی کۆمەڵەکەمانن، لە ئەنجامی هەڵکوتانە سەر ماڵەکاندا دەستگیرکران. لە چوارچێوەی هەمان ئۆپەراسیۆن دا هەڵیانکوتایە سەر نوسینگەی ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا لە ئەنقەرە. ئێمە ئیدانەی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئامانجدارە لە دژی رۆژنامەنوسان ئیدانە دەکەین، چاپەمەنی ئازاد بەرامبەر ئەو هێرشانە سەردانانەوێنێت.

دیسک باسن-ئیش: ئەم بەیانییە لە ئەنجامی هەڵکوتانە سەر ماڵان  چەندین کارمەندی ئاژانسی میزۆپۆتامیا و ژن نیوز، کە ئەندامانی ئیمەشی تیادایە دەستگیرکران. تا ئێستا بەلایەنی کەمەوە ٧ ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراون. ئێمە دوای پرۆسەکەدا دەکەوین.  ڕۆژنامەگەری تاوان نییە. لە زووترین کات دا هەڤاڵەکانمان ئازاد بکەن.

پلاتفۆرمی ڕۆژنامەنووسانی ژنانی میزۆپۆتامیا (MKGP): پەیامنێرانی ژن نیوز و ئێم ئەی لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتیی ئەنقەرەوە دەستگیرکران. هەوڵدەدەن بە سیاسەتی چەوسێنەرانە و سەرکوتکارانە دژ بەڕۆژنامەنووسان لەهەموو لایەکەوە گوشار بخەنە سەر ڕۆژنامەنووسان. ئێمە دوێنێش وتمان و ئێستاش دووبارەی دەکەینەوە، ئێوە ناتوانن ڕۆژنامەنووسان بێدەنگ بکەن. ئەو سیاسەتە زاڵمانە و ستەکارانەیە ناگاتە ئامانج. ئێمە واز لە نووسینی ڕاستییەکان ناهێنین. دەست لەسەر ڕۆژنامەنووسان هەڵبگرن. یاسا و دەستگیرکردنەکانتان ناتوانێت پاشەکشە بە ڕۆژنامەنووسان بکات.

سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی تورکیا: لە کاتێکدا یاسای سانسۆڕ دەست بە جێبەجێکردنی کرا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئۆپەراسیۆنێکی پاکتاوکاریدا هەڵیانکوتایە سەر ماڵی چەندین ڕۆژنامەنووس و دەستگیریان کرد. هەروەها نووسینگەکانیان پشکنیوە و بڕیاری لێکۆڵینەوەی نەهێنییان دەرکردووە تاوەکو کاری پارێزەران سنووردار بکەن. ئێوە ناتوانن بەم سەرکوتکاری و هەڵسوکەوتانەتان  ڕۆژنامەگەری و رۆژنامەنووسان تاوانبار بکەن!.

ژ.ت