کلیچ بۆ بەرپرسانی دەوڵەتی تورک: ئێوە کەسانێک تیرۆر دەکەن کە ناتوانن لێرە بژین

پەرلەمانتارێکى دەم پارتی، لە پەرلەمانی تورکیا روو لە بەرپرسانى دەوڵەتى تورک رایگەیاند: ئێوە کەسانێک تیرۆر دەکەن، کە ناتوانن لێرە بژین و ناتوانن بەهۆی گوشارەکانەوە لێرە درێژە بە سیاسەت بدەن و تەنیا لەسەر بەکارهێنانى مافە دیموکراسییەکانیان زیندانی دەکرێن.

گولستان کلیچ، پەرلەمانتارى دەم پارتی، لە میانەى پێشکەشکردنى وتارێک لەناو پەرلەمانى تورکیا وێنەى دکتۆر عەبدولقادر سەبری تۆپراقی بەرزکردەوە، کە رۆژی پێنج شەممە لەلایەن دەوڵەتى تورک لە سلێمانى شەهید کرا .

ئەو پەرلەمانتارەى دەم پارتى، لە وتارەکەیدا ڕوویکردە بەرپرسانى دەوڵەتى تورک و ڕایگەیاند، ئێوە کەسانێک تیرۆر دەکەن، کە ناتوانن لێرە بژین و ناتوانن خەریکی سیاسەت بن و تەنیا لەسەر بەکارهێنانى مافە دیموکراسییەکانیان زیندانی دەکرێن.

باسى لەوەشکرد، ئەوەى لە سلێمانى ڕوویدا یەکەم زنجیرە کوشتنى ئەو کەسانە نییە، کە تورکیایان جێهێشتووە.

ئێوارەی پێنج شەممە، لە بەرامبەر چێشتخانەیەک لە شاری سلێمانی، هاووڵاتییەک بەناوى عەبدولقادر سەبری تۆپراق شەهید کرا، کە بەهۆی گوشاری دەوڵەتی تورکەوە وەک پەنابەر لە باشووری کوردستان دەژیا.

 بنەماڵەکەى ئاماژە بەوەدەکەن کوڕەکەیان لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە شەهید کراوە.

پێشتریش چەند چالاکوان و سیاسەتمەداری دیکەی باکووری کوردستان کە بەهۆی گوشارەکانی دەوڵيتی تورکەوە روویان لە باشوووری کوردستان کردبوو، لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک تیرۆرکرابوون.

هـ . ب