پەرلەمانتارێکی پەدەکە: لەشکرکێشیەکانی تورکیا پەیوەندی بە بەغداوە هەیە

پەڕلەمانتاری پەدەکە لەپه‌رله‌مانى عێراق مەحما خەلیل ڕایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان هیچ زانیارییەکی لەسەر لەشکرکێشیەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق بەتایبەتی لەپارێزگای دهۆک نییەو ئەو بابەتە پەیوەندیی بەحکومەتی فیدراڵییەوە هەیە.

مەحما خەلیل لەلێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە: هەرێمی کوردستان پەیوەندیدار نییە بە بابەتی دەستتێوەردانەکانی تورکیا لەناو خاکی عێراق و بەتایبەتیی لە لەناوچەکانی پارێزگای دهۆک، بەڵکو حکومەتی فیدراڵی بەگوێرەی ماددەی ١٠٩ی دەستوور بەو بابەتەوە پەیوەندیدارە کە دەڵێت  (دەسەڵاتە فیدراڵییەکان پەیوەندیدارن بە پارێزگاریی لە یەکێتیی عێراق و سەلامەتی و سەربەخۆیی و سەروەریی و سیستەمی دیموکراتی فیدراڵی).
پێشتر عەلاوی بەنداوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش‌و بەرگریی لەپەرلەمانى عێراق رایگەیاندبوو: “هێزەکانی تورکیا لە قوڵایی ٤٠ کم لە ناو خاکی عێراقدا بوونیان هەیە و ئەمەش پێشێلکارییەکی مەترسیدارو گەورەیە بۆ سەروەریی عێراق”.
هەروەک ئاماژەی بەوەشکردبوو، "ئەم دەستدرێژییە ناڕەوایە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی و هەربۆیە دەبێت بەشێوەیەکی خێراو بەپەلە هەوڵبدەین‌و کاربکەین بۆ دوورخستنەوەی ئەو هێزانە".

سوپای دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە لە بە درێژایی سەدان کیلۆمەتر لە سنووری هەردوو پارێزگای دهۆک و هەولێر سەرقاڵی ئۆپراسیۆنی داگیرکەری و دەیان بنکە و بارەگای سەربازی دروستکردووە.

هـ . ب