ڕێپێوانی مەزنی ئازادی: ئێمە عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد دەکەین

پەرلەمانتاری دەم پارتی سەباحەت ئەردۆگان ساریتاش لە ڕێپێوانی مەزنی ئازاد، گوتی: "ئێوە ناتوانن دەنگی بەڕێز ئۆجالان کپ بکەن، ئێمە سەردەکەوین".

"ڕێپێوانی مەزنی ئازادی" بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد، ٣ ڕۆژە بەردەوامە. ڕێپێوانکەران لە قۆڵی ڕێپێوانی قەرس پاش کۆبوونەوە لە ناوچەی بازیدی ئاگری، گەیشتنە گیادین و بە چەپڵە و جۆشوخرۆشەوە پێشوازیان لێ کرا.

پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) سەباحەت ئەردۆگان ساریتاش تیشکی خستەسەر بەرخۆدانی مێژوویی و تێکۆشانی ئازادی کورد، ڕایگەیاند نەبوونی یەکێتی هۆکاری نەگەیشتن بە ئامانج بووە و گوتی: "ئەحمەدی خانی هەمیشە باسی لە یەکێتی کوردان دەکرد، پێویستە کوردەکان یەکبگرن".

هەروەها ساریتاش تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتی: "گەلی کورد خاوەنداری لە پارادایمی یەکسانی دەکەن و نایانەوێت بێ سەرۆک بمێنن. ئێمە بۆ خاوەنداری لە ئازادی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان کەوتوینەڕێ. ناتوانن بەڕێز ئۆجالان لەیادی گەل ببەنەوە. لە دژی شەڕی تایبەتی قێزەون ئێمە بۆ هەمیشە بەرگری لە پارادایمی ئازادی دەکەین. ئێوە ناتوانن دەنگی بەڕێز ئۆجالان کپ بکەن، ئێمە سەردەکەوین".

ڕاگەیاندراوەکە بە بەرزکردنەوەی درووشمی "بژی بەرخۆدانی ئیمراڵی" کۆتایی هات.

پاشان دوو مناڵی کرێکار محەمەد ئایدەمیر و ئۆرهان ئەرسەلان کە ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن پۆلیسەوە کوژران لەبەردەم ئەو فڕنەی لێی کوژران، یادکرانەوە.