قەیس خەزعەلی: هێزەکانی تورکیا لە هەموو عێراق بکشێنەوە

ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق، قەیس خەزعەلی لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەرمەزار دەکات و دەڵێت: "پێویستە تورکیا هێزەکانی لە هەموو عێراق بکشێنێتەوە".

کاردانەوە و ناڕەزایەتییەکانی گەل و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکان دژی لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان تا دێت زیاتر دەبن، لەم بارەیەوە ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق، قەیس خەزعەلی بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دوا و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی شەرمەزار کرد.

خەزعەلی ڕایگەیاند بەتوندی ئیدانەی ئەم هێرشە بۆ سەر خاکی عێراق دەکەین، هەروەها گوتی: "هۆشداری دەدەین بە تورکیا لە هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی بیانووی جیاواز بۆ داگیرکردنی بەشێک لە خاکی وڵاتەکەمان".

خەزعەلی داوای لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم کرد هەڵوێستی یەکگرتوویان هەبێت و ڕێگری لە داگیرکاری بکەن بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان.

هەروەها خەزعەلی هۆشداری دەداتە تورکیا و دەڵێت: "داوا لە تورکیای دراوسێ دەکەین کە ڕێز لە مافی دراوسێکان بگرێت و پابەند بێت بە ڕێککەوتنەکانی نێوان هەردوو وڵات، هەروەها هێزەکانی لە هەموو عێراق بکشێنێتەوە".