ساڵێک پێش ئێستا لە دژی ناوەندی کەڵتووری کوردی ئەحمەد کایا لە شەقامی ئەنگین ئامادەکاری دەکرا بۆ کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ٢٠١٣. لە ٩ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٣ لە دژی نوسینگەی زانیاری کوردستان کە دەکەوێتە نزیک ناوەندی کەڵتووری هێڕشێکی تیروریستی ئەنجامدرا و یەکێک لە ئەندامانی دامەزرێنەری پەکەکە، ساکینە جانسیز (سارا)، نوێنەری کەنەکە لە پاریس، فیدان دۆغان (ڕۆژبین) و ئەندامی تەڤگەری گەنجان، لەیلا شایلەمەز(ڕوناهی) کرانە ئامانج و بە ٣ فیشەک کە بەر سەریان کەوتبوو تیرۆرکران.
بەڵگەنامەکان، تۆمارە دەنگییەکان و شایەتحاڵەکان بە ڕوونی دەستی دەولەتی تورک و میتیان لەم کۆمەڵکوژییەدا ئاشکرا کرد. بەڵام هیچ پێشکەوتنێک لە دۆسییەکەدا نەکراوە. نە دەوڵەتی تورک و نە دەوڵەتی فەرەنسا هاوبەشی بەو زانیارییانە ناکەن کە لەبەر دەستیاندایە. هەروەها دەزگای هەواڵگری ناوخۆیی فەرەنساش لە بەرامبەر داواکارییەکانی دادوەر و گەلی کورددا بێدەنگە و هاوبەشی بەو زانیارییانە ناکات کە لەبەر دەستیدایە. بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم دۆسییەیە "نهێنی دەوڵەتییە". ئاستەنگییەکان و هاوبەشی نەکردنی زانیارییەکان بەناوی "نهێنییەکانی دەوڵەت" گومانەکانی هێندەی تر زیاد کردووە. پارێزەران و ڕێکخستنە کوردییەکان پێیان وایە ئەو بەڵگەنامانە زانیاری گرنگیان تێدایە دەربارەی بکوژەکەی عومەر گونەی کە لە ساڵی ٢٠١٦ بە شێوەیەکی گوماناوی لە زینداندا گیانی لەدەستدا. ڕێکخستنە کوردییەکان و دۆستەکانیان چەندین جار هۆشدارییان داوەتە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا کە ئەگەر ئەو کەسانەی کە فەرمانی هێڕشەکەیان دەرکردووە و ئەو کەسانەی کە کۆمەڵکوژییەکەیان ئەنجامداوە سزانەدرێن، ڕەنگە ڕووبەڕووی هێڕشی نوێ ببینەوە.
ڕێپێوان لە ٢٣ی کانوونی یەکەم
گەلی کورد و دۆستەکانیان بۆ بەجێهێنانی دادپەروەری و ئاشکراکردنی دۆسییەکان لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ کاتژمێر ١١:٠٠ لە بەردەم نوسینگەی زانیاری کوردستان لە گاردونۆردی پاریس کۆدەبنەوە و ئەڤین گۆیی، عەبدوڕەحمان کیزیل و میر پەروەر بیر دەهێننەوە.
(سی دی کەی-ئێف) داوای کرد: "بۆ بەجێگەیاندنی دادپەروەرییەکی بێلایەن و لێکۆڵینەوەیەکی ورد بۆ ئەوەی ویلیام مالێت و هاوبەشە تاوانکارەکانی دادگایی بکرێن، ڕۆژی شەممە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، لە گاردونۆردەوە بەرەو ئەو شوێنەی کە هێرشەکەی تێدا ئەنجامدراوە ڕێپێوانێکی جەماوەری ئەنجام بدرێت".