دەسەڵاتداری ئاکەپە -مەهەپە لە ساڵی ٢٠٢٣ گوشار و هەڕەشەکانیان بۆ سەر ئەو رۆژنامەوانانەی وەک ئەوان بیر ناکەنەوە و بەدوادا چوون بۆ ڕاستیەکان دەکەن، زیاتر کرد. هاوسەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی دیجلە فورات سەردار ئاڵتان و پلاتفۆرمی ڕۆژنامەوانانی مەزوپۆتامیا (مەکەگە) دیرەن یورتسەڤەر، دۆخی ڕۆژنامەوانانی کوردیان لە ساڵی ٢٠٢٣کە لەبن گوشارەکانی دەسەڵاتدان و چاوەڕوانیان لە ساڵێ ٢٠٢٤بۆ ئاژانسی فورات هەڵسەنگاند.
٣٠ ساڵە گوشارەکان لەسەر ڕۆژنامەوانان بەردەوامی هەیە
دیرەن یورتسەڤەر ئەندامی مەکەگە ڕایگەیاند، ساڵی ٢٠٢٣ بۆ ڕۆژنامەنووسانی کورد هیچ جیاوازیەکی نەبوو لەگەڵ پێشتر و وتی:" بۆ ڕۆژنامەنووسانی کورد هیچ شتێک بە بەراورد بە پێشتر زۆر جیاواز نەبووە. گوشاری سیستماتیک لەسەر ڕۆژنامەوانانی کورد کە زیاتر لەم ٣٠ ساڵە بەردەوام بووە و بەردەوامە. دەستگیرکردن، دەستبەسەرکردن، سکاڵا، لێپرسینەوە و سنووردارکردنی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە ساڵی ٢٠٢٣ بەردەوام بوو".
'ڕۆژنامەوانانی کورد لە دژی گوشارەکان تێدەکۆشن'
یورتسەڤەر ئاماژەی بە گوشارەکانی سەر ڕۆژنامەوانانی کورد و ئاستی دیموکراسی لە تورکیادا و لە درێژەی قسەکانیدا وتی:" لەلایەک گوشار هەبووە، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕۆژنامەوانان درێژەیان بە نەریتی ڕۆژنامەوانی ئازاد دەدەن، دەزانن کە لەسەر ئاشکراکردنی ڕاستییەکان دەستگیردەکرێن، دەستبەسەر و ڕەنگە بکوژرێن. ڕۆژنامەوانانی کورد لە ساڵی ٢٠٢٣ لە دژی ئەو هەموو گوشارەکان لە شەقام و گۆڕپانەکاندا بوون و مافی زانیاریی گشتییان پاراست، هەروەها تێکۆشانیان بۆ ئازادی هاوڕیە زیندانیکراوەکانیان کرد و ئیرادەی ڕۆژنامەگەری شەرەفمەندانەیان لە بەرامبەر گوشارەکاندا نواند".
"زۆرترین هێرش دەکرێتە سەر ڕۆژنامەوانانی ژن"
یورتسەڤەر ئاماژەی بەوەدا کە گوشارەکان لە سەر ژنە ڕۆژنامەوانانی کورد زیاترە لە پیاوان و لە درێژەی قسەکانیدا وتی:"ئەمە ڕاستی سیاسەتی ستەمکاری حکومەت دەردەخات، ئێمە ڕووبەڕووی حکومەتێکین کە لە ژنان دەترسێت، بە درێژایی ساڵ، ژنە ڕۆژنامەوانەکان هەوڵیانداوە دەنگی ژنانی تێکۆشەر بن، چالاکیی و ناڕەزایەتیان بەرامبەر بەو سیاسەتانەی حکومەت بەڕێوە بردووە.
'ڕۆژنامەوانانی کورد پێشەنگایەتی دەکەن'
هەروەها یورتسەڤەر ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٤دا هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە پێشمانە، ئەزموونمان هەیە کە لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا دژی ڕۆژنامەوانی ئازاد ئۆپەراسیۆنی بەرفراوان ئەنجامدرا. لەوانەیە دوبارە لە ترسدا ئەم جۆرە هێرشانە ئەنجام بدرێتەوە. بۆیە ساڵی ٢٠٢٤ دەبێت بەهێزتر بۆ ڕاستییەکان تێکۆشان بکەین و ڕۆژنامەگەری بپارێزین، ڕۆژنامەوانانی کورد دەتوانن پێشەنگایەتی ئەم قۆناغە بکەن".
هاوسەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە فورات، سەردار ئاڵتان ڕایگەیاند، حکومەت لەسەدا ٩٠-٩٥ی میدیاکانی تورکیای خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە و ڕۆژنامەوانان ناتوانن بە ئازادی کارەکانیان بەڕێوەببەن.
ئاڵتان باسی لەوەشکرد، لە ساڵی ٢٠٢٣دا دەیان ڕۆژنامەوان دەستبەسەر و دەستگیرکراون و وتی:" ئەمساڵ ساڵێکی تاریک بوو لە بواری یاساییدا. کاتێک سەیری داتاکانی ١١ مانگی ساڵی ٢٠٢٣ دەکەین، دەبینین ١١٤ ڕۆژنامەوان دەستبەسەرکراون و ٣٣ کەسییان زیندانی کراون. بێگومان زۆربەیان ڕۆژنامەوانی کوردن. لەم پرۆسەیەدا لێپرسینەوە لە ٦٩ ڕۆژنامەوان کراوە، هەروەها ٥٨ کەسیان تۆمەتبار کران. ٣٧ ڕۆژنامەوان بە گشتی ٣٨ ساڵ و ١٠١١ ڕۆژ زیندانییان بەسەردا سەپێندرا، ڕۆژنامەوانان ٧٦٠ جاران دادگایی کراون، بەپێی دوایین ئامارەکانمان تا ئێستا ٥٧ ڕۆژنامەنووس لە زینداندان.