"ساڵی رابردوو ٢٨٠ رۆژنامەنووس دادگایی کراون و ٥٧ رۆژنامەنووسیش تائێستا لە زیندانن"
بە گوێرەی راپۆرتێکی کۆمەڵەی رۆژنامەوانانی دیجلە فورات لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٢٨٠ رۆژنامەنووس دادگایی کراون، لەئێستاشدا ٥٧ رۆژنامەنووس لە زینداندان.
بە گوێرەی راپۆرتێکی کۆمەڵەی رۆژنامەوانانی دیجلە فورات لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٢٨٠ رۆژنامەنووس دادگایی کراون، لەئێستاشدا ٥٧ رۆژنامەنووس لە زینداندان.
کۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی دیجلە فورات (دەفەگە) بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنیەوە لە نوسینگەی سەرەکی خۆی لە ئامەد راپۆرتی پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە مافەکانی رۆژنامەنووسان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ی بڵاوکردەوە.
لە بەشێکی راپۆرتەکەدا ئاماژە بە دۆخی کاری رۆژنامەوانی لەسەرتاسەری جیهان و ناوچەکە دراوە و ئەوە بە بیرهێنراوەتەوە کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە سەرتاسەری جیهان ١٢٠ رۆژنامەنووس کە ١١یان ژنن کوژراون، کە زۆرینەیان لە غەززە کوژراون.
هەروەها ئەوەش بە بیرهێنراوەتەوە کە رۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی رۆژنیوز زیاتر لە دوو مانگە لەلایەن پەدەکەوە بێسەروشوێنکراوە.
سەبارەت بە تورکیاش ئاماژە بەوەکراوە کە ساڵی رابردووش هاوشێوەی ساڵانی پێشوو سیاسەتی گوشار و پێشێلکاری مافەکان بەرامبەر بە رۆژنامەوانان بەردەوام بووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی دەستگیرکردنی رۆژنامەوانان کە لە ساڵی ٢٠٢٢وەوە دەستیپێکرد و بەهۆیەوە لە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢دا ١٦ رۆژنامەوانی کورد و لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ دا ٩ رۆژنامەوانی کورد دەستبەسەرکرابوو و ماوەیەکی زۆر بە بێ دادگایی دەستبەسەرکرابوون، لە ٢٥ و ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٣شدا لە دوو دۆسیەی لێپرسینەوەدا ئەو رۆژنامەوانانەی دەستبەسەرکرابوون، بۆ چەندین مانگ بە بێ دادگایی لە زیندان راگیرابوون و تائێستاش دیجلە موفتیئۆغڵو هاوسەرۆکی کۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی دیجلە فورات (دەفەگە) کە یەک لە دەستبەسەرکراوانبوو، تائێستا لە زینداندایە.
هەر لە راپۆرتەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو، کە ساڵی رابردوو ٢٨٠ رۆژنامەنووس ٨٢١ جار براونەتە بەردەم دادگا و بەم جۆرەش ئاکەپە-مەهەپە لە رێگەی ئەو دۆسیانەی دژی رۆژنامەوانانی دەکەنەوە پێیان دەڵێن کە 'رێگە نادەین کاری رۆژنامەوانی بکەن'.
جیالەوانە هەر لەو ساڵەدا بەدەیان جار رێگری لە روماڵ و کارەکانی بەدواداجوونی رۆژنامەوانی کراوە و ژمارەیەک رۆژنامەنووسیش بە هۆی پیشەکەیانەوە رووبەڕوو لێدان و ئەشکەنجە بوونەوە، لەوانە سینان ئایگون کە لە تاتوانی بەدلیس لە سەر ئاشکراکردنی دۆسیەیەکی گەندەڵی شارەوانی لەلایەن پاسەوانانی سەرۆک شارەوانی تاتوان ئەمین گەیلانی و کارمەندانی شارەوانیەوە لێیدرابوو.
لە راپۆرتەکەدا وردەکاری هێرش و پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان بەم جۆرە خراوەتەڕوو:
هێرش بۆ سەر رۆژنامەنووسان ٣٦، ئەو رۆژنامەنووسانەی لەبەردەم ماڵەکانیان دەستگیرکراون ٤٣، ئەو رۆژنامەنووسانەی دەستبەسەرکراون ١١٩، ئەو رۆژنامەنووسانەی زیندانی کراون ٣٦، مامەڵەی نەشیاو بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان ٦٤، ئەو رۆژنامەنووسانەی هەڕەشەیان لێکراوە یاخود داوای سیخوڕیان لێکراوە ٣٨، ئەو رۆژنامەنووسانەی رێگرییان لێکراوە بەدواداچوونی رۆژنامەوانی بکەن ١١٠، پێشێلکاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان لە زیندان ٣٧.
هەروەها ٧٥ رۆژنامەنووس لە ژێر لێپرسینەوەدان، لەبارەی ٦٦ رۆژنامەنووسەوە دۆسیە کراوەتەوە، ٤٤ رۆژنامەنووس سزادراون، ٤٨ ساڵ و ٩ مانگ و ١٤ رۆژ سزای زیندان و ١٤٧ هەزار و ٤٨٦ لیرە سزای دارایی بەسەر رۆژنامەواناندا سەپێندراوە. ٨٢١ جار رۆژنامەوانان براونەتە بەردەم دادگا، ٥٧ رۆژنامەنووس تائێستا لە زیندانن، ٥٨ رۆژنامەنووس لە کار دەرکراون، دەستەی چاودێری میدیا سزای بەسەر ٦٨ دەزگادا سەپاندووە و ١١٢ هەواڵیش قەدەغەی بڵاوکردنەوەیان خراوەتەسەر. ٨٣ ماڵپەڕ داخراون، گواستنەوەی ٧ هەزار و ١٠٦ هەواڵ و ٣ هەزار و ٧٦١ ناوەرۆکی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان رێگرییان لێکراوە".
جێی باسە لە دوایین راپۆرتی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور لە ساڵی رابردودا هەریەک لە وڵاتانی چین، میانمار، بیلاروسیا، ئێران و تورکیا بە گەورەترین زیندانی رۆژنامەنووسان پۆلێن کرابوون.
هـ . ب