شاندێکی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی کەتەلۆنیا کۆبووەوە

شاندێکی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی کەتەلۆنیا پرە ئاراگۆنێس بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندی و هاوکاری نێوان هەرێم و کەتەلۆنیا کۆبووەوە.

شاندی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر لە بەرشەلۆنە لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی کەتەلۆنیا کۆبووەوە. شاندەکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری پێکهاتبوو لە هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، بەدران چیا کورد، نوێنەری بەڕێوەبەری خۆسەر لە ئەوروپا، عەبدولکەریم عومەر و هاوسەرۆکی پارتی سوریانی، نەزیرە گەورییە. سەرۆکی حکومەتی کەتەلۆنیا پرە ئاراگۆنێس لە ناوەندی حکومەت پێشوازیان لێکرا.

 لە میانی دیدارەکەدا، سەرۆکی حکومەتی کەتەلۆنیا، پرە ئاراگۆنێس، باسی لە پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر لە هەموو لایەنی سیاسی، مرۆیی، ئابووری و گەشەپێدانەکان کرد.

پرە ئاراگۆنێس ڕۆڵی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە تێکشکاندنی چەتەکانی داعشی بەرز نرخاند و ڕایگەیاند، کە پێویستە پشتیوانی و هاوکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر بکرێت لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

هەروەها پرە ئاراگۆنێس ئاماژەی بەوەشدا، بەردەوام دەبن لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و ڕایگەیاند، ئامادەیە دەنگی گەلی ڕۆژئاوا بێت بۆ ئەوەی پرسەکانیان بگەیەننە پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکان.

لە لایەکی دیکەوە، هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، بەدران چیا کورد، پێشوازی لە هەڵوێستی حکومەتی کەتەلۆنیا و گەلەکەی کرد لە پشتیوانیکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر و دۆزی گەلی هەرێمەکەیان و هەوڵەکانی حکومەتی کەتەلۆنیا بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

 چیا کورد باسی لەوەشکرد، کە لە نێوان پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا هاوبەشی زۆر هەیە و لە پەرەسەندنە و"هەوڵی زیاتر دەدەین بۆ زیادکردنی کاری هاوبەش و پەیوەندی دۆستانەکام پێکەوە."

سەبارەت بە ئاستەنگیەکانی بەردەم خۆبەڕێوەبەری هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر هەرێمەکە، چیا کورد بەم شێوەیە بەردەوم بوو:"ئەم هێرشانە بە شێوەیەکی سەرەکی دژی وێرانکردنی شوێنە ستراتیژییەکان و بەئامانجکردنی ڕێکخراوەکانی هاووڵاتیانە. بۆیە ئەم هێرشانەن ، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، دەکەونە بەشی تاوانەکانی شەڕ و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتیەوە."

چیا کورد لە کۆتاییدا ڕایگەیاند، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بەرپرسیارێتی خۆی بەجێبگەیەنێت و کۆتایی بەو تاوانانە بهێندرێت و لە هەمان کاتدا پاڵپشتی لە هەوڵەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر و هاوپەیمانەکانی بکات بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.