شەهیدانی پاریس لە شارەکانی ئەوروپا یادکرانەوە

شەهیدانی کۆمەڵکوژی پاریس لە چەند شارێکی بە چالاکی جیاواز ئەوروپا یادکرانەوە.

لە شارەکانی دان هاگ و فرانکفۆرت و هانۆڤەری ئەڵمانیا و زیوریخ و بێرنی سویسرا و ئەسینای پایتەختی یۆنان و یەریڤان، شەهیدانی کۆمەڵکوژی پاریس یادکرانەوە.  

لە چالاکییەکەی دان هاگ، داوا لە دەوڵەتی فەرەنسا کرا زانیاری و بەڵگەکان لەگەڵ دادگا و پارێزەران هاوبەش بکات، پێویستە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک ئاشکرا بکرێن.

 دووپاتکرایەوە، هەردەم پەیوەست دەبن بە یادی ساکینە جانسیز و فیدان دۆگان و لەیلا شایلەمەزەوە.

لە فرانکفۆرت چالاکوانان لەبەردەم باڵیۆزخانەی فەرەنسا کۆبوونەوە.

دوو دۆسیە دەربارەی هەردوو کۆمەڵکوژییەکەی پاریس ڕادەستی بەرپرسانی باڵیۆزخانەکە کرا، درووشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" و "شەهید نامرن" بەرزکرایەوە.

بەم بۆنەیەوە لە زیوریخ خۆپیشاندانێک ڕێکخرا.

لەسەر ناوی یەکێتی ژنانی سویسرا (یەژەکە-سە) نورشەن نەرگس، ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر تاوانبارانی ڕاستەقینە ئاشکرا نەکرێن، دەوڵەتی فەرەنساش دەبێتە هاوبەشی کۆمەڵکوژییەکە، بەهۆی ئاشکرانەکردنی تاوانبارانەوە کۆمەڵکوژی دووەم ڕوویدا.

پاشان شاندێک لەگەڵ بەرپرسانی باڵیۆزخانەی فەرەنسا کۆبوونەوە، بەرپرسانی باڵیۆزخانەکە هاتنە ناو چالاکییەکە و ڕایانگەیاند، ئەو دۆسیەیەی خراوەتە بەردەستیان ڕەوانەی حکومەتی فەرەنسای دەکەن و هاوخەمی خۆیان دەربارەی کۆمەڵکوژییەکان ڕاگەیاند.

بەهەمانشێوە لە شاری بێرن چالاکییەک ئەنجامدرا.

لە چالاکییەکەدا ڕاگەیاندراوێک بە زمانی ئەڵمانی لەلایەن هاوسەرۆکی جڤاکی کوردی دیموکراتیکی بێرن، هەنار دیلمەچ خوێنرایەوە، دیلمەچ ئاماژەی بەوە کرد توڕەییمان دژی کۆمەڵکوژی زیندووە و بەڵێنی لێپرسینەوە بەردەوامە.

دیلمەچ داوای لە حکومەتی فەرەنسا کرد، پەردەی "نهێنی دەوڵەت" لا ببات و ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات.

پاشان سیاسەتمەداری کورد، نەژدەت ئاتالای ئاماژەی بەوە کرد کورد چەندین کۆمەڵکوژی بەسەردا هاتووە و هەرگیز شەهیدانی خۆمان لەیاد ناکەین و لەسەر ڕێگەیان بەردەوام دەبین. گوتی: "پێویستە کەس گومان نەکات، بکوژەکان دیارن، هەموو باش دەزانن کێن".

لە شاری هانۆڤەر بۆ شەرمەزارکردنی کۆمەڵکوژی پاریس تاجەگوڵینەی ڕەش لەبەردەم نوێنەرایەتی فەرەنسا دانرا.

لە چالاکییەکەدا  ژنان ڕایانگەیاند، تا بەدیهاتنی دادپەروەری دژی کۆمەڵکوژی دەنگ هەڵدەبڕن.

لە ماڵی گەلی یەریڤان بە پێشەنگایەتی یەکێتی ژنانی ئازاد، شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکانی پاریس و سلۆپی یادکرانەوە.

لە چالاکییەکەدا، لەسەر ناوی یەکێتی ژنانی ئازاد سەیران جەلاد و هاوسەرۆکانی کۆمیتەی کوردستان ئیلیا تۆماسیان و سیلۆ دربۆیان و باوکی شەهید میلۆ کاکاشیان دەربارەی گرنگی ڕۆژەکە قسەیان کرد.

لە قسەکاندا، ئاماژە بەوە کراوە کۆمەڵکوژییەکانی پاریس و سلۆپی بەرئەنجامی سیاسەتی فاشیستانە و دژە ژنی حکومەتی ئاکەپە-مەهەپەیە. بەتایبەت ژنانی کورد کراونەتە ئامانج. سەر نەوی ناکەین و لێپرسینەوە لە بکوژان دەکەین.

هەروەها بانگەواز لە دەوڵەتی فەرەنسا کرا، کۆمەڵکوژییەکان ڕوون بکاتەوە و بکوژان سزا بدات.

هەروەها بەم بۆنەیەوە لە ئەسینای پایتەختی یۆنان ڕێپێوانێکی جەماوەری لەبەردەم باڵیۆخانەی فەرەنسا ئەنجام درا.

لە چالاکییەکەدا لەبەردەم باڵیۆزخانەی فەرەنسا ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە. سیاسەتمەداری کورد ئەرکان ئەرەنجی ئاماژەی بەوە کرد، کۆمەڵکوژییەکە بەرامبەر پارادایمی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدراوە، بەڵام ئەم پارادایمە بە هەموو جیهاندا بڵاوبۆتەوە.

چالاکوانی کورد بەهار ئەنهاتار ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک کۆمەڵکوژی کوردی هێنایە ئەوروپا، ئامانجی هاوپەیمانی قێزەونی ئاکەپە-مەهەپە ئەوە بوو، هێرشەکان بگەیەنێتە هەموو جێگەیەکی جیهان کە کوردی تێدا دەژی.

بەهار دووپاتی کردەوە، مرۆڤایەتی و مێژوو و گەلی کورد هەرگیز لەو کەسانە نابوورن کە بەرامبەر ئەم کۆمەڵکوژییە قێزەونە بێدەنگ بوون.