سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان ڕێپێوانکەرانی ئازادی بەرەو گەملیک ڕێپێوان دەکەن

ڕێپێوانکەرانی ئازادی ئەم بەیانییە لە شارەکانی سەرحەد و بۆتان و ئامەد و چوکرۆڤا بەڕێ کەوتن، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان بەرەو گەملیک ڕێپێوان دەکەن.

لە سەراپای کوردستان و تورکیا هاوڵاتیان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەڵگرتنی گۆشەگیریی لەسەر وی، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، بەرەو گەملیک ڕێپێوان دەکەن. سبەی هەزاران کەس لە زۆرێک لە شارەکانی ناوچەی مەڕمەڕە و دەریای ئیجە بەرەو گەملیک ڕێپێوان دەکەن. ئەو هاوڵاتیانەی لە گەملیک کۆدەبنەوە، "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەر بۆ پرسی کورد" ڕادەگەیەنن.

ئەمڕۆ ڕێپێوانکەرانی ئازادی لە وان، ئێلح، سێرت، شەرناخ، مێردین، ڕحا، ئەدەنە، دیلۆک، هاتای، عوسمانیە بەڕێ کەوتن، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکانی پۆلیس، بەرەو گەملیک ڕێپێوانیان کرد. هاوڵاتییان لە ئێلح کۆبوونەوە و بەرەو ئامەد بەڕێ کەوتن. لە شاری سێرت لە دەروازی شارەکە پۆلیس ویستی ڕێگە لە هاتنەناوەی هاوڵاتیان بگرێت. هاوڵاتیان ناڕەزایەتییان بەرامبەر بەم کارە دەربڕی، ئیرادەی خۆیان بۆ درێژەدان بە ڕێپێوانەکە پیشاندا و لەسەر ڕێی خۆیان بەردەوام بوون.

لە کۆڵانەکانی ئامەد، درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" بەرزکرایەوە

پاش ئەوەی هاوڵاتیان لە شارەکانەوە گەیشتنە ئامەد، گۆرانی گوترا و ڕیزی هەڵپەڕکێ بەسترا. کاتێک جەماوەرەکە لە پارکی کۆشویۆلۆ وەستان، کۆمەڵێک کە زۆربەیان گەنج بوون بەرەو ناوچەی ڕێزان ڕێپێوانیان کرد. ئەو کۆمەڵەی لە شەقامی ئێمەک ڕێپێوانیان کرد، دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "بژی بەرخۆدانی ئیمراڵی" و "پەکەکە گەلە، گەل لێرەیە"یان بەرزکردەوە. لە گەڕەکی کەینارتەپە، کۆمەڵێک گەنج چوونە سەر شەقامەکان و دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ"یان بەرزکردەوە.

پۆلیس ویستی ڕێگەیان لێ بگرێت، بەڵام پەرلەمانتارانی هەدەپ ڕێگەی هاتوچۆیان گرت. لە ئۆفیسی شارەکەش، گەنجان بە درووشمی "لە چیا مەگەڕێ، ئاپۆییەکان لە هەموو شوێنێکن" ڕێپێوانیان کرد.

لەوێدا هاوسەرۆکی دەبەپە، کەسکین بایندەر، ناڕەزایەتی بەرامبەر پۆلیس دەربڕی، دووپاتی کردەوە: "ئەمە ڕێگەی ئازادییە، ڕێگەی یەکێتییە، بێگومان ئێمە سەردەکەوین".

سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان لە مێرسین گەیشتن بە یەکتر

ئەو هاوڵاتیانەی لە ئەدەنە و هاتای و عوسمانیە و دیلوک بەڕێ کەوتن، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان لە مێرسین یەکیان گرت. پاش گەمارۆدانی پارکی مناڵی ئازاد، کە شوێنی خوێندنەوەی ڕاگەیاندراوەکە بوو. جەماوەر بەرەو بارەگای هەدەپی ئاکدەنیز ڕێپێوانیان کرد. لەوێدا درووشمی "بژی بەرخۆدانی زیندان"یان بەرزکردەوە.

گەنجان لە وان گوێیان نەدا بە ئاستەنگەکان

لە وان، هاوڵاتیان لە کۆڵانی هونەری ناوچەی ڕێگەی ئاوریشم کۆبوونەوە. ئەوکاتەی جەماوەری هەوڵیاندا ڕاگەیاندراو بخوێننەوە، پۆلیس ڕێگەی لێ گرتن. پۆلیس هێرشی کرد و زۆر کەسی دەستبەسەر کرد. بەڵام سەرەڕای هەموو هێرشەکان، گەنجان لە کۆڵانەکان ڕێپێوانیان کرد و درووشمی "بژی بەرخۆدانی ئیمراڵی"یان بەرزکردەوە.

لە کۆڵانەکانی وان، بۆ ماوەیەکی درێژ درووشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" بەرزکرایەوە.