لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٢ ملیۆن و ٥٠٥ هەزار و ٢٩٧ کەس لە ئێرانەوە پەڕیونەتەوە بۆ تورکیا و پەنایان بۆ ئەو وڵاتە بردووە. زۆرینەیان پەنابەرانی ئەفغان و پاکستانی بوون. ئەفغانیە پەنابەرەکان کە مەدەنی بوون دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی کۆچی شاری وان راگیران، دەرکران و دیپۆڕتی وڵاتەکەیان کرانەوە، بەڵام ئەندامانی سوپای ئەفغانستان کە بەهۆی گەڕانەوەی تالیبان بۆ سەر دەسەڵات ئاوارە ببوون و هەروەها ئەندامانی لقی ئەفغانستانی داعش، بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵە و پێشوازییان لێکرا.
وڵاتی سێهەم کە ئۆزباکستان ناوەکەی ئاشکرا نەکرد ئاخۆ تورکیایە؟
لە ساڵی ٢٠٢١دا دوای ئەوەی ئەمریکا بە تەواوەتی لە ئەفغانستان کشایەوە، تالیبان دەسەڵاتی گرتەوە دەست. ئەوانەی بە هۆی ستەمی تالیبانەوە هەڵاتن، لە رێگەی ئێرانەوە خۆیان گەیاندە تورکیا. ئەندامانی سوپای ئەفغانستانیش لە بری ئەوەی بەرامبەر بە تالیبان شەڕ بکەن، زۆرینەیان بەرەو ئۆزباکستان و تاجیکستان ئاوارەبوون.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوە ئۆزباکستاندا هاتووە، دانیشتوانی ئەفغان کە سەربازیشیان لە نێودایە، دوای گەڕانەوەی تالیبان بۆ سەر حوکم هەڵاتوون و بەرەو ئۆزباکستان کۆچبەر بوون، دوای دوو رۆژ مانەوەیان وڵاتی ئێمەیان جێهێشتووە و روویان کردووەتە وڵاتی سێهەم. لە راگەیەندراوەکەدا ناوی وڵاتی سێهەم ئاشکرا نەکرابوو. ئاشکرا کرا کە ژمارەی ئەو سەربازانە ٥٨٥ کەس بووە.
لەبەر ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئۆزباکستان ناوی وڵاتی سێهەمی ئاشکرا نەکرد، پرسیاری ئەوە هاتە ئاراوە کە ئاخۆ ئەو وڵاتە تورکیایە؟
لە چوارچێوە و لە ژێر ناوی بەرنامەی کاری خۆبەخشانەی کۆچبەراندا وەردەگیرێن
بە گوێرەی زانیارییەکان سەربازانی پێشووی ئەفغانستان و ئەندامانی داعس لە تورکیا سەرەتا لە ژێر ناوی کاری خۆبەخشی کۆچبەران کاریان پێدەکرێت. ئەو کەسانەی بە گوێرەی پێوانە دیاریکراوەکان بە گونجاو دەبینرێن، بە پێی خواست و پێویستی ئەو پاڕێزگایەی راهێنانیان تێدا کردووە دەتوانن لە دامودەزگا گشتییەکاندا کار بکەن.
دواجار بەرەو سەربازگەکانی کانیا خەزالان و رۆژئاوا رەوانە دەکرێن
ئەندامانی سوپای ئەفغانستان و ئەندامانی داعشی خوراسان یاخود لقی داعش لە ئەفغانستان بەم جۆرە لە ژێر ناو و بەرگێکی یاساییدا سەرەتا رەوانەی ئەرزڕوم دەکرێن. دوای ماوەیەک هێشتنەوەیان، بەرەو بارەگای سەربازی سەردار مەتە یەڵدرم لە سەر سنووری رۆژئاوا رەوانە دەکرێن. ئەو کەسانە لەوێ مەشق و راهێنانی سەربازییان پێدەکرێت و لە رۆژئاوا شەڕیان پێدەکرێت. راگەیەندرا کە ئەو کەسانە دەخرێنە ناو سوپای نیشتمانی سوریا کە سەر بە تورکیایە.
هـ . ب