سەرۆککۆماری عێراق بۆ راوێژکاری میت: دەبێت ڕێز لە سەرەوەری وڵاتەکەمان بگیرێت

عەبدولـلەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە میانی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئیبراهیم کاڵن راوێژکاری میت یاماژەی بەوەکرد، کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک کاریگەری خراپی کردووەتە سەر پەیوەندییەکانی هەردوولا و راشیگەیاند، "دەبێت رێز لە سەروەری عێراق بگرن".

عەبدولـلەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە بەغدا لەگەڵ راوێژکاری دەزگای هەواڵگری تورک (میت) ئیبراهیم کالن کۆبووە. پەیوەست بەو کۆبوونەوەیە نوسینگەی سەرۆککۆمار ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، کە سەرۆککۆمار لە کۆبوونەوەکەدا باسی ئەوەیکردوە، دەبێت هەردوو وڵات لەسەر کێشەی ئاو، کە چەند ساڵە تورکیا ڕێژەی ئاوی لەسەر عێراق کەمکردۆتەوە، کۆببنەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەکردوە، بە گوێرەی زیادبوونی دانیشتوان عێراق پێویستی بە ئاو زیاتربووە.

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوە هاتووە؛ سەرۆککۆمار باسی لەوەکردوە، هێرشە یەک لایەنەکانی وڵاتانی دراوسێ لەسەر عێراق، دەبێتە هۆکاری لە باربردنی ئارامی و ئاسایشی عێراق.

لە بەشێکی تری ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوە خراوەتە ڕوو، سەرۆککۆمار بە راوێژکاری دەزگای میتی ڕاگەیاندوە، پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر سلێمانی و شارەکانی تری هەرێمی کوردستان، کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات دروستکردوە، سەرۆککۆمار ئەوەی وتووە 'دەبێت وڵاتانی دراوسێ ڕێز لە سەروری عێراق و ئاسایشی گەلی عێراق بگرن'.