سومەیە بۆز: بەرەنگاربوونەوەی گۆشەگیری پێویستی بە تێکۆشانی گەلانە

سومەیە بۆز، ئەندام پەرلەمانی دەم پارتی لە بازنەی موش ڕایگەیاند، گۆشەگیریی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تاوانە دژ بە مرۆڤایەتی و ڕایگەیاند: "بۆ ئەوەی کۆتایی بە ڕژێمی گۆشەگیری بهێنرێت، پێویستە گەلان بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە لە دژی ڕاپەڕن."

سومەیە بۆز، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی موش، سەبارەت بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، لە گەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد.

سومەیە بۆز باسی لە سەپاندنی گۆشەگیریی ڕەها بەسەر ڕێبەر ئۆجالاندا کرد و وتی: "بەرێز ئۆجالان چارەکە سەدەیەکە گۆشەگیرکراوە؛ پێنج ساڵە نە بنەماڵە و نە پارێزەرانی نەیانتوانیوە سەردانی بکەن، سێ ساڵە هەموو پەیوەندییەکانی پچڕاوە، هیچ لایەنێکی یاسایی لەم بابەتەدا بوونی نییە، لە ڕوانگەی یاساییەوە ئەمە پێشێلکارییەکی جددیی و بێ ئەخلاقیە؛ چونکە ئەم پرسە بە تایبەتی بۆ گەلی کورد گرنگە. بە ملیۆنان کەس دەڵێن ئۆجالان ئیرادەی منە، وەکوو رێبەر و سەرۆکی خۆیان قبوڵیان کردووە. بۆیە هەر جۆرە کردەوەیەک بەرامبەر بە بەڕێز ئۆجالان پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە کێشەی کورد و گەلی کوردەوە هەیە."

چارەسەرنەکردنی ئەم پرسە زیان بە گەل دەگەیەنێت

هەروەها سومەیە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان ڕووبەڕووی ئەو جۆرە عەقڵیەتە دەبنەوە کە دەیەوێت کێشەی کورد بە چارەسەرنەکراوی بمێنێتەوە و وتی: "چارەسەر نەکردنی پرسی کورد سوودی بۆ بەرژەوەندیی گەلان نییە. ئەگەر بەرژەوەندییەک هەبێت، ئەوە بەرژەوەندی ئەوانیشە، کەواتە لەبری قووڵکردنەوەی قەیرانە فرەلایەنەکان، پێویستە بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە هەنگاو بنێن دەبوو لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە لە گەڵ بەڕێز ئۆجالان درێژەیان بە دانوستان بدایە، بەڵام ئەو جۆرەی ئێمە دەیبینین و دیارە دەیانەوێت بە درێژەدان بە گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالان، بەردەوام بن لە حوکمڕانی و دەیانوێت پێکەوەژیانی گەلان لەبەرچاو نەگرن و خزمەتی شەڕ بکەن."

تێکۆشان  بۆ هەبوونی گەلی کوردە

سومەیە بۆز ئاماژەی بەوەشدا کە گەلی کورد لە پێناو هەبوونیدا تێکۆشان دەکات و وتی: "بەڵام لە بەرامبەر ئەم تێکۆشانە، سەدان ساڵە سیاسەتی نکۆڵیکردن و لەناوبردن بەڕێوەدەچێت، بەڵام لەلایەکی دیکەوە لەم تێکۆشانەدا دەستی ئاشتی درێژ دەکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حکومەت بە شەڕ وەڵام دەداتەوە و هەمووان دەزانین کە ئەم شەڕە سوودی بۆ هیچ لایەنێک نییە بۆیە دەبێت وڵامی داواکاری گەل بۆ ئاشتی بدرێتەوە، گۆشەگیریی زیندانی ئیمرالی بە هەموو زیندانەکانی دیکەدا بڵاو بووەتەوە و هەروەها لە زۆر ڕووەوە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا داناوە.گەل و کۆمەڵگا لە دژی یەکتر بەکار دێنن، هێرش دەکرێتە سەر کولتوور و زمان و مێژوو، لەبەرامبەردا خزمەتی شەڕ دەکەن، ئەم سیاسەتە زیان بە پێکەوە ژیانی گەلان دەگەیەنێت."

سومەیە بۆز لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە لایەنە سیاسییەکانی دیکەش بەشێکن لەو دووڕووییەتیە و وتی: "بۆ ئەوەی کۆتایی بەم ڕژیمی گۆشەگیریی بهێنرێت، نەتەنها بە شێوازی سیاسی، بەڵکو دەبێت گەل بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە لە دژی چالاکی بەڕێوە ببەن. وەک ئاماژەم پێدا ئەم گۆشەگیرییە تەنها بەسەر بەشێک لە کۆمەڵگادا بەڕێوە ناچێت، بۆیە ئەرکی هەموو کۆمەڵگایە لە دژی ئەم سیاسەتە ڕاپەڕن."