سیمیناری کۆمیتەى پەژاک لە بەلجیکا بەڕێوەچوو

سیمیناری کۆمیتەى پەژاک لە بەلجیکا بە ئامادەبوونی هەڤاڵ سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پەژاک و هەڤاڵ ئەهۆن چیاکۆ ئەندامی مەجلیسی پەژاک و بە بەشداریی هەڤاڵان و لایەنگرانیان لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەڕێوەچوو.

سیمینارەکە سەرەتا بە خولەکێک رێزگرتن لە یادی شەهیدان دەستیپێکرد و پاشان هەڤأڵ سابر مامەدی ئەندام و وتەبێژی کۆمیتەى پەژاک لە بەلجیکا ڕاپۆرتێکی لەسەر کارەکانیان پێشکەشکرد.

 لە درێژەى سیمینارەکەدا سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پەژاک وێڕای رێزگرتن لە یادی شەهیدان و سپاسکردن لە ئامادەبوانی سیمینارەکە شیکاریی خۆی لەبارەی کێشەکان و بابەتەکانی ئێستای گەلی کورد و تێکۆشان لە پێناو ئازادیدا خستەڕوو. باسیشی لە ڕێککەوتنی فینلاند و سوید لەگەڵ تورکیا و هەروەها رێککەوتنی ڕادەستکردنی تاوانباران لە نێوان ئێران بە بەلجیکادا کرد.

سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پەژاک لە درێژەى وتەکانیدا راپۆرتێکی لەسەر یەکەمین کۆنگرەى پەژاک لە ئەوروپا پێشکەشی ئامادەبوان کرد و باسی لە پلان و بەرنامەکانی داهاتوی پەژاک کرد.

هەڤال سابر مامەدی لەبارەی پلانەکانی کۆمیتەى پەژاک لە بەلجیکا ئاماژەی بەم خاڵانەی خوارەوە کرد:

١ – دروستکردنی کۆمیتەى دیپلۆماسی و گەنجانی پەژاک لە ئەوروپا بە ناوەندێتیی بەلجیکا

٢ – رێکخستنی دەورە و خولی پەیوەندیدار بە کۆمیتەى دیپلۆماسی لە مانگی ئابی ٢٠٢٢دا لە بەلجیکا

٣ – ڕێکخستنی فێستیڤاڵی گەورەی کوردان لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ لە بەلجیکا

٤ – ڕێکخستنی مەراسیمی هونەری و مۆسیقای ڕەسەنی کوردی بە ئامادەبوونی هونەرمەندانی دانیشتوی ئەوروپا لە بەلجیکا

٥ – دروستکردنی تیمی وەرزشی و بە تایبەت تیمی فوتباڵ و بەشداریکردن لە پێشبڕکێیە وەرزشییەکاندا بە ناوی پەژاکەوە

٦ – هاوکاریی کۆمیتەى پەژاک لە بەلجیکا بۆ فێرکردنی زمانی کورد لەگەڵ هەڤاڵان لە رێگەى دابینکردنی پێداویستیی فێرکردن و هاوکاری لەگەڵ پەیمانگەى زمان لە پێناو کردنەوەى خولی زمانی کوردی و بەکارهێنانی توانایی هەڤاڵان لە پێناو وتنەوەى وانەى کوردیدا.

٧ – هاوکاریکردن و یارمەتیدانی هاووڵاتییانی تازە گەیشتوو بە ئەوروپا لە پێناو ئاسانکاری لە ڕەوتی پەنابەری و مانەوەدا

٨ – دابینکردنی کتێبی پەیوەندیدار بە حزب و ناوەرۆکی دیجیتاڵی فێرکاری لە پێناو بەرزکردنەوەى ئاستی زانستی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هەڤاڵان دا.

هەروەها ئەندامانی نوێ کۆمیتەى پەژاک لە بەلجیکا ناساند، کە ژمارەیان بووە بە ٨ کەس.

دوای ناساندنی ئەندامانی نوێی کۆمیتەکە، سیمینارەکە بە پرسیار و وەڵام بە ئامادەبوونی هەڤاڵان سیامەند موعینی و ئەهۆن چیاکۆ و سابر مامەدی و بەشداربوانی سیمینارەکە بەڕێوەچوو، کە تیایدا هەڤاڵان بۆچوون و رەخنەکانیان و پێشنیازەکانیان خستەڕوو. هەڤاڵانی بەرپرس وەڵامدەری ئەو پرسیارانە بوون و بە پۆلێنکردنی بابەتەکان بەڵێنی بەدواداچوون و چارەسەرکردنیان بە هەڤاڵانی ئامادە بوو دا. لە کۆتایدا ژمارەیەک کتێب و بڵاوکراوەی حزب لە پێناو زیادکردنی زانست و دیدی سیاسیی بەشداربوان لە سیمینارەکەدا دابەش کرا و کۆبوونەوەکە بە ڕێزگرتن لە یادی شەهیدان و بەهیوای ئازادیی نیشتمان و داهاتوویەکی ڕوون بۆ نەتەوەی کورد کۆتایی پێهات.

ژ.ت