ته‌ژه‌كه‌-ئه‌: ئێمه‌ ده‌ڕژێینه‌ گۆڕه‌پانه‌كان و ئیراده‌ی خۆمان ده‌پارێزین

ته‌ژه‌كه‌-ئه‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر هێرشه‌ داگیركه‌رییه‌كان نیشاندا و داوای له‌ كوردانی ئه‌وروپا، ژنانی كورد، هێزه‌ شۆڕشگێڕ و دیموكراسیه‌كان، هێزه‌ فیمینیسته‌كان كرد بڕژێنه‌ شه‌قامه‌كانه‌وه‌، خاوه‌نداری له‌ ئیراده‌ی ئازاد بكه‌ن و كوردستان بپارێزن.

 

بزوتنه‌وه‌ی ژنانی كورد له‌ ئه‌وروپا (ته‌ژه‌كه‌- ئه‌) ناڕه‌زایه‌تی نیشانی داگیركه‌ری دا. راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی ته‌ژه‌كه‌- ئه‌ به‌م جۆره‌یه‌:

"ده‌وڵه‌تی توركی فاشیست له‌سه‌ر گۆڕه‌پانه‌كانی زاپ و كوڕه‌ژارۆی سه‌ر به‌ هه‌رێمه‌كانی پاراستنی مه‌دیا ده‌ستی به‌ هێرشێكی نوێی داگیركاری كردووه‌. به‌ر له‌ هه‌موو شتێك ده‌مانه‌وێت كۆتا وته‌ بڵێین، كه‌ هیچ هێرشێك به‌رامبه‌ر ئیراجه‌ی گه‌لی كورد ناتوانێت سه‌ربكه‌وێت، بانگه‌شه‌ی ئازادی ده‌پارێزرێت، ناتوانرێت رێپێوانی ئازادی رابگیرێت و هێرشه‌كان تێكده‌شكێنرێن.

هۆكاری دانوستانه‌كانه‌ دیاربوون

به‌پێی راگه‌یه‌نراوی هه‌په‌گه‌ له‌ ئێواره‌ی ١٨ی نیسان به‌دواوه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ هێڵی باشوره‌وه‌ هێرش زیادیان كردووه‌. ئه‌و دۆخه‌ش ده‌ریده‌خات كه‌ به‌ هاوكاری كه‌ به‌ هاوكاری په‌ده‌كه‌- ده‌وڵه‌تی تورك پلانێكی نوێی چه‌په‌ڵ خراوه‌ته‌گه‌ڕ كه‌ پێشتر له‌ راگه‌یاندنه‌وه‌ ئاماژه‌ی پێدرابوو. هۆكاری دانوستانه‌كانی رۆژانی رابردوو له‌ نێوان به‌رپرسانی په‌ده‌كه‌ و ده‌وڵه‌تی تورك ئاشكرابوو.

شوباتی رابردوو ده‌وڵه‌تی تورك له‌ هه‌مان هێڵ هێرشیكردبووه‌ سه‌ر گاره‌، به‌ڵام وه‌ك هێرشه‌كانی به‌ر له‌وه‌ تووش شكست ببوو. گه‌ریلا له‌ گاره‌، وه‌رخه‌لێ، مامڕه‌شۆ، زه‌ندورا و چاخه‌سور به‌ به‌رخودانێكی بێ هاوتا، قوربانی قورسیشی دابێت، وه‌ڵامی ئه‌وانه‌ی دایه‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت ئیراده‌ی گه‌لی كورد بشكێنن.

ئۆپراسیۆنه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سنوور له‌ ساڵانی ١٩٩٠دا، شكسته‌كه‌یان له‌ زاپ له‌ ساڵی ٢٠٠٨ و دوایین جاریش له‌ ساڵانی ٢٠٢٠-٢٠٢١ئه‌نجامدران، وه‌ك چۆن ده‌وڵه‌تی توركی فاشیست شكستی هێنا، ئه‌مجاره‌ش به‌ ئامانجی له‌ناوبردن و پاكتاو كردن، وێڕای په‌ده‌كه‌ ده‌ستی به‌ هێرش كردووه‌. ئه‌و هێرشه‌ بۆ سه‌ر ده‌سكه‌وته‌كانی گه‌لی كورده‌، بۆ هه‌ڵوێستی ئازادی ژنانی كورد هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌.

به‌ به‌رخودانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ ده‌توانرێت پوچه‌ڵ بكرێته‌وه‌

ئه‌گه‌ر له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ هه‌ڵوێستێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ نیشان بدرێت و خاوه‌نداری له‌ به‌رخودانی گه‌ریلا بكرێت، وه‌ك چۆن ده‌وڵه‌تی تورك پێشتر تووشی شكستبوو جارێكی تر شكستده‌هێنێت و بۆ ده‌وڵه‌تی تورك ده‌بێته‌ سه‌ره‌تای كۆتایی.

نه‌ورۆزی رێبه‌رایه‌تی ساڵی ٥٠هه‌مین و گۆڕه‌پانه‌كانی ٨ی ئادار بۆ دۆست و دوژمنی ده‌رخست كه‌ ئه‌و ئیراده‌ی ئازادیه‌ به‌ هێرشه‌كان ناشكێت. ئه‌و ئیراده‌یه‌ خاوه‌نی ئه‌و هێزه‌یه‌ كه‌ هه‌موو هێرشه‌كان پوچه‌ڵ بكاته‌وه‌. به‌و بیر و باوه‌ڕه‌وه‌ ئێمه‌ داوا له‌ گه‌لی كورد له‌ ئه‌وروپا، ژنانی كورد، هێزه‌ دیموكراتیك و شۆڕگێڕه‌كان، هێزه‌ فیمینیسته‌كان ده‌كه‌ین كه‌ بڕژێنه‌ گۆڕه‌پانه‌كان، خاوه‌نداری له‌ ئیراده‌ی ئازادی بكه‌ن و كوردستان بپارێزن".

هـ . ب