تەرمی سەبری تۆپراک دەگەڕێندرێتەوە بۆ باکووری کوردستان

بڕیارە تەرمی شەهید دکتۆر عەبدولقادر سەبری تۆپراک، کە دوێنێ لە شاری سلێمانی لە هێرشێکدا لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە شەهیدبووکرا، بگەڕێندرێتەوە باکووری کوردستان و بەخاک بسپێردرێت.

شەهید سەبری عەبدولقادر سەبری تۆرباک، ماوەی ساڵانێک لە باشووری کوردستان پەنابەری سیاسی بوو وە باوکی سێ منداڵە، لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان کاری دەکرد. دوێنێ لەلایەن چەکدارێکی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و شەهید کرا.

لە ئێستادا کەسوکاری شەهید دکتۆر سەبری تۆپراک، هاتوونەتە شاری سلێمانی و خەڵک بۆ سەرەخۆشی سەردانیان دەکەن و وا بڕیارە هەر لێرە مەراسیمی پرسەی بۆ دابنرێت. دواتر پاش تەواوکردنی ڕێکارە فەرمییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتى تورک تەرمەکەی بەڕێدەکەنەوە بۆ زێدی خۆی و لە باکووری کوردستان بەخاکی دەسپێرن.