تەڤدەم: ئێمە پشتیوانی لە بەرخودانی ئێران و ڕۆژهەڵات دەکەین

تەڤدەم بۆ پشتیوانیکردن لە بەرخۆدانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بانگەوازێکی بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (تەڤدەم) لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئیدانەکردنی کوشتنی ژینا ئەمینی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە:

"ئەوەی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێران ئەنجامی دەدات سیاسەتی ستەمکارانە و دڕندانەیە بۆ پاکتاوکردنی کلتورە ئەخلاقییەکان و دەستبەسەرداگرتنیان بە شێوازی جیاواز و بە پاساوی دوور لە بەها مرۆیی و ئەخلاقییەکان. تەنیا لەبەر ئەوەی چەند تاڵێک لە پرچی ژینا ئەمینی بە دەرەوە بوون، دامودەزگاکانی ڕژێمی مەلاکانی ئێران تەحەممولیان نەکرد و لەبەردەم هەموواندا ئەشکەنجەیان دا و کوشتیان.

کوشتتنی ژنان بەم شێوازە دڕندانەیە مانای قەتڵوعامکردنی ڕۆحی ژیانی ئازادە، چونکە ژنان گوزارشت لە ڕۆحی ژیانی ئەخلاقی و کەرامەت و شکۆی کۆمەڵایەتی و کەلتووری و مرۆیی دەکەن.

کوشتنی ژینا بەم شێوازە دڕندانەیە سەلماندی، کە ڕژێمی ئێران درێژە بە سیاسەتی ڕەگەزپەرستی و نەژادپەرستی و نکۆڵیکردن دەدات و هەموو بەها کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، بە تایبەتی تایبەتمەندییەکانی ژنان پێشێل دەکات. ئامانجی ئەم تاوانە، لە کەسایەتیی ژینا ئەمینی دا هێرشکردنە سەر ئیرادەی ژنانی بەهێز و ئازادە، کە هێزی خۆیان لە فەلسەفە و بەرخۆدانی ژنانی هاوچەرخ وەردەگرن، کە تیرۆریزمیان لە ناوچەکە تێکشکاندووە، بۆیە ژینا دەیویست کۆت بە بەندی کۆیلایەتی بشکێنێت، کە لەلایەن ڕژێمی ستەمکاری ئێرانەوە بەسەر ژناندا سەپێنراوە. هیچ جیاوازییەک لە نێوان ڕژێمی ئێران و ڕژێمی فاشیستی تورکیادا نییە و چەندین ڕێککەوتنی نهێنیان هەیە لە ناوچەکەدا بۆ شکاندنی ئیرادەی گەل و کۆمەڵگاکان.

ژینا ئەمینی بوو بە سیمبۆلی خەباتێکی نوێ، کە هەموو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی ئێرانی کردە دۆزەخ بۆ ڕژێمی ئێران. بەدروشمی 'ژنان، ژیان، ئازادی' خۆپیشاندانی مەزنیان ڕێکخست. ئەمەش سەرەتای شۆڕشێکی نوێیە بە پێشەنگایەتیی ژنان، کە ڕژێمی مەلاکانی ئێرانی هەژاندووە و دووڕوویی نەژادپەرستانەی ئێران و هێزە ئەمنییەکانی بە هەموو لقە تیرۆریستەکانیەوە بە بێ جیاوازی لە نێوان گەورە و بچووکدا تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن و دەیانکوژن.

داوا لە هەموو گەلی کورد و هەموو گەلانی ئێران و هێزە سیاسی و نەتەوەییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە یاساییەکانی ژنان لە هەرێمەکە بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، کە پشتگیری لە ئیرادەی گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران بکەن، کە بە پێشەنگایەتی ژنان لە دژی تاوانە پاکتاوکارییەکانی رژێمی ئێران بۆ پاراستنی شکۆ و ئیرادەی کۆمەڵگە تێدەکۆشن".

ژ.ت