تولای حاتەم ئۆغۆللاری: لە ڕۆژئاوا خەڵکی سڤیل دەکوژرێن

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری گوتی: "ڕۆژئاوا بۆردوومان دەکرێت، سڤیل دەکوژرێت. وێستگەی کارەبا، کۆگای خۆراک و نەخۆشخانە و گۆڕەپانی ژیانی سڤیل بۆردوومان دەکرێن".

هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە کۆبوونەوەی هەفتانەدا نرخاندنی بۆ ڕۆژەڤەکان کرد.

تولای حاتەم ئۆغۆللاری تیشکی خستەسەر شەڕی زاپ  و گوتی: "باش بزانن، دایکانی کورد لە هەمووان زیاتر لە ئازاری دایکی ئەو سەربازانە تێدەگەن کە تەرمەکانیان گەڕاوەتەوە".

پاشان لەسەر بە ئامانجگرتنی پارتەکەیان لەلایەن سەرۆکی گشتی مەهەپەی فاشیست، دەوڵەت باخچەلییەوە گوتی: "پەرلەمان جێگەی زیهنیەتی جەلادەکان نییە".

تولای حاتەم ئۆغۆللاری ئاماژەی بەوە کرد پاش کوژرانی سەربازەکان دووبارە ڕۆژئاوا بە چڕی بۆردوومان دەکرێت، دووپاتی کردەوە، گەلانی ڕۆژئاوا بە کورد و عەرەبەوە، پێکەوە جیهانیان لە مەترسی داعش پاراست. گوتی: "وەک دەم پارتی دەڵێین، ئەم ڕێگایەی دەیگرنەبەر هەڵەیە. دووبارە ڕێگەی ئاشتی بۆ پەرلەمان و پارتە سیاسییەکان و تەواوی جڤاک پێشنیار دەکەین. ڕێگەی ئێمە، رێگەی ئاشتی و دانوستانە. ڕێگەی ئێمە ئافراندنی پرۆسەی چارەسەرە. ڕێگەی ئێمە، هەوڵێکە بۆ چارەسەرکردنی دیموکراتیک و ئاشتیانەی شەڕێکی ٤٠ ساڵە. ڕێگەمان ڕێگەی بونیادنانی ئاشتی شکۆدارە، هەرگیز ڕێگەمان ناگۆڕین. بە هەنگاوی پێداگرەوە درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین".

پاشان تیشکی خستەسەر ڕۆڵی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە چارەسەردا، گوتی: "بەڕێز ئۆجالان هەردەم دەیگوت: "هەلێکم بدەنێ، دەتوانین بە هەفتەیەک کۆتایی بە شەڕ بهێنین و لەسەر ئاشتی بدوێین، ئەمە دەرفەتە مومکینە". بەڵام وەڵامەکە چ بوو؟ ڕێککەوتنی دۆلمەباخچە وەلا نرا، مێزی دیالۆگ قڵپ کرایەوە و قۆناغی شەڕ گەڕایەوە و بە توندکردنەوەی گۆشەگیری ئیمراڵی ڕێگە لە قسەکردنی بەڕێز ئۆجالان گیرا.

شەڕ و ئازار چارەسەر نین. با کەس ئازار نەکاتە ئامرازی سیاسەت. ئیتر بەسە. ئەم خاکە تێربوو لە خوێن. با لەبری کۆبوونەوەی باڵای ئەمنی، کۆبوونەوەی باڵای ئاشتی ئەنجام بدەین".