تولای حاتیمئۆگیولاری پشتیوانی بۆ مانگرتووان دەربڕی: دەبێت دەستبەجێ گۆشەگیری هەڵبگیرێت

هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپ تولای حاتیمئۆگیولاری سەردانی گڵکۆی دەنیز پۆیراز و جەمال تانهانی کرد و لە وتەیەکدا ئاماژەی بە بەرخۆدانی مانگرتن لە خواردن کرد.

هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (هەدەپ) تولای حاتیمئۆگیولاری لە ئیزمیر سەردانی گڵکۆی دەنیز پۆیرازی کرد کە لەلایەن فاشیستێکی دەوڵەتەوە تیرۆرکرابوو، هاوکات گڵکۆی جەمال تانهان زیندانی سیاسیشی بەسەر کردەوە، کە بە هۆی دواخستنی ئازادکردنی ژیانی لەدەستدابوو.

هەریەک لە پەرلەمانتارانی هەدەپ بورجو گوڵ چوبوک، ئیبراهیم ئاکن، گیورگ ئاسڵان و ئۆزنور بارتن و هەروەها ئەندامانی پارتەکە و بنەماڵەی پۆیراز یاوەری هاوسەرۆکی هەدەپیان کرد لەو سەردانەدا.

سەرەتا گڵکۆی پۆیراز لە کایناکلاری بوجای بەسەرکرایەوە و تولای حاتیمئۆگیولاری لەوێ وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی، تیرۆرکردنی پۆیراز ئازارێکی قوووڵ و بەسوێبوو لە دڵی هەموو هۆگر و لایەنگرێکی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ.

وتیشی، "ئەوانەی ئەویان تیرۆرکرد پێیان وابوو چۆک بە تێکۆشانی دیموکراسی دادەدەن. بەڵام تەواوی تورکیا خاوەنداری لە دەنیز پۆیراز کرد. پارێزگاری لە بکوژەکە لەلایەن پۆلیسەکانەوە، ئەو رووداوانەی لە هۆڵی دادگا روویاندا، دەریانخست کە لە پشت ئەو رووداوەوە ئەقڵیەتی دەسەڵاتداری هەیە. وێڕای بکوژ دەبێت ئەو ئەقڵیەتەش دادگایی بکرێت. نە بە کوشتن و نە بەگرتن ئێمە جۆک دانادەین. گەلی کورد قوربانی گەورەیدا. پلانی لەنابردن شکستی هێناوە، بەڵام تێکۆشانی گەلی کورد بەردەوامە".

فاتمە پۆیراز دایکی دەنیز پۆیرازیش وتی، "دەنیزێک رۆیشت هەزاران دەنیز هاتن. جێگە و پێگەی شەهیدان و قوربانیدەران زۆر گەورەیە".

تولای حاتیمئۆگیولاری و ئەندامانی پارتەکە دواتر سەردانی گڵکۆی جەمال تانهانیان کرد. لەوێ هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپ رایگەیاند، کە تانهان لە ئەنجامی سیاسەتەکانی دژ بە زیندانیانی نەخۆش گیانی لەدەستداوە.

جەختیشیکردەوە، کە دەبێت دەستبەجێ سەرجەم زیندانیانی نەخۆش ئازادبکرێن و وتی، "لە زیندانەکاندا بە مەبەستی هەڵگرتنی گۆشەگیری لە سەر بەڕێز ئۆجالان مانگرتن لە خواردن بەردەوامە. زیندانەکان گۆڕدراون بۆ ئەشکەنجەخانە. ئێمە بە دەسەڵات دەڵێین، لەناو ستەمی خۆیدا دەخنکێت. بۆ ئەوەی لە مانگرتن لە خواردندا مرۆڤەکان گیان لەدەست نەدەن، دەبێت گۆشەگیری لە ئیمراڵی هەڵبگیرێت. لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی و دادپەروەری لەم وڵاتە ئێمە درێژە بە تێکۆشان دەدەین".

هەدەپییەکان دواتر سەردانی خێمەی پرسەی جەمال تانهانیان کرد. هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپ بڕیارە لە مەنەمەن و بایراکلی درێژە بە بەسەرکردنەی گەل و کۆبوونەوە لەگەڵیان بدات.

هـ . ب