چیدەم دۆغۆ _ تێکۆشین ئۆزان
ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەژەکە چیدەم دۆغۆ و ئەندامی ئەنجومەنی پاژک تێکۆشین ئۆزان لە بەرنامەیەکی تایبەتی مەدیا خەبەر تیڤییدا هەڵسەنگاندنییان بۆ پەیامە مێژووییەکەی ٢٧ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ کرد.
چیدەم باسی لەوەکرد کە بانگەوازی ٢٧ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ لە ئاستی مانیفیستۆدایە و گوتی، مانیفیستۆیەکەی لەو شێوەیە کە کاریگەری لەسەر کۆی گەلانی هەرێمەکە هەیە، بەجۆرێک بۆ ئایندەیی گەلان مۆری خۆی لە مێژوو دەدات. چیدەم دۆغۆ ئاماژەی بە باسکردنە تایبەتییەکان و دۆزینەوەکانی ناو بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ کرد و دەستنیشانی کرد کە هەندێک ئەرک هەیە دەبێت بە باشی لێی تێبگەین و دوای ئەوەی تێیگەیشتین جێبەجێی بکەین.
چیدەم گوتی؛ "دوای ماوەیەکی زۆر لە ڕووی جەستەییەوە وێنەیەکی ڕێبەر ئاپۆمان بینی. هەرچەندە وێنەیەکیش کەم بێت بەڵام حەسرەتی خۆمان بەو وێنەیە تێپەڕ کرد. سڵاو لە ڕێبەرێتی و بانگەوازییە مێژوویەکەی دەکەم."
چیدەم گوتی ئەو بانگەوازییەی کە کراوە بەرهەمی مێژووی تێکۆشانی ٥٠ ساڵە، ئاماژەی بە ئەزموونی لەو بوارەدا کرد و دەستنیشانی کرد پێویستە ڕوانگەکانی ڕێبەر ئاپۆ بگۆڕێن بۆ شیکاری و بەهێزترین سیستەم.
بانگەوازەکە ئەرکێیکە کە ڕێبەر ئاپۆ خستوینەتە ئەستۆ
دۆغۆ ڕایگەیاند بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ هەڵگری مانادارییەکی بەرفراوانە و ئەمەی گوت: "مانیفیستۆیەکە کە پێویستە هەموو گەلان و پێکهاتە و بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە باشی و درووستی لێی تێبگەن. ئێمە بەم شێوەیە هەڵدەسەنگێنین. وەک تەڤگەری ژنانی کورد ئەمە وەک ئەرکێک دەبینین کە ڕێبەر ئاپۆ خستوینەتە ئەستۆ. بەبێ ئەوەی ببێتە جێگەی مشتومڕ دەتوانین بانگەوازییەکە بە چ شێوەیەک بخەینە پراکتیکی خۆمانەوە، چۆن سەری بخەین؛ ئەمە ڕۆژەڤی بنەڕەتی تەڤگەری ژنە."
دۆغۆ گوتی، مەرج و پێویستییە ڕێبەر ئاپۆ لە هەلومەرجی ئازاددا بێت تا ئەوەی بتوانێت سیاسەت بکات، کارەکان بکات، پەیوەندییەکانی دانێت، لە تەندروستییەکی باش و سەقامگیردابێت. دۆغۆ جەختی کردەوە هەموو ئەمانە گەرەنتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکەیە.
چیدەم دۆغۆ دەسنیشانی کرد دەبێت هەڵمەتی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بەردەوام بێت و گوتی: "لەسەر بنەمای سەرخستنی ئەم هەڵمەتە، دەبێت کار بکرێت. دەبێت هەموو هێزی خۆمان سەفەربەر بکەین و بەشداربوون لە پرۆژەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، هەوڵدان بۆ سەرخستنی ڕوانگەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئاشتی ببێتە ڕێبازێکی بنەڕەتی ئەم پرۆسەیە."
چیدەم دۆغۆ بانگەوازی لە گەلی کورد، گەلانی تورکیا، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێزە شۆڕشگێڕەکان، دیموکراتیکەکان، چەپەکان، فیمینیست، ئەنارشی، ئیکۆلۆژی، دۆستان و ئەنتەرناسیۆنالیستەکان کرد لەسەر بنەمایی سەرخستن و پێکهێنانی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بە بەهێزییەوە بەشداری پرۆسەکە ببن.
بانگەوازەکە مانیفێستۆی ژیانێکی کۆمەڵایەتییە بە پێشەنگایەتی ژنان
ئەندامی ئەنجوومەنی پاژک، تێکۆشین ئۆزان ڕایگەیاند بە قوربانیدانی مەزن گەیشتوون بەم ئاستە و گوتی: "قوربانییەکی زۆر درا تاوەکو تێکۆشان بگاتە ئەم ئاستە، ئێمە زۆرترین قوربانیمان دا. وەک تەڤگەر، لەژێر چەتری ئەم تەڤگەرەدا کە ڕێبەرێتی پێشەنگایەتی دەکات، قوربانییەکی مەزن درا. چەندین شەهیدمان هەبوو. دەمەوێت جارێکی تر دووپاتی بکەمەوە، ئێمە دڵسۆزدەبین بۆ یادی شەهیدانمان، لە پرۆسەی نوێی تێکۆشاندا، کارێک دەکەین کە شایستەی یادی ئەوان بین".
ئۆزان ڕایگەیاند کە هەر بەشێکی پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ وەک مانیفێستۆیەکە و گوتی: " لە پەیامەکەدا بە ڕوونی باس لەوە کراوە کە لە ئایندەدا پێویستە چی بکرێت. ڕاگەیەندرا کە بۆچی پرۆسەکە گەیشتووەتە ئەم ئاستە، بۆچی بانگەوازێکی لەو شێوەیە کراوە. کاتێک وشە بە وشە لێی دەکۆڵرێتەوە، مرۆڤ دەتوانێت شوێنەواری ئاستی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و پێشهاتەکانی مێژووی تێکۆشانمان ببینێت. ئەمە گۆڕانکارییەکی تاکتیکی نییە؛ ئەمە گۆڕانکاریی پارادایمە. هەنگاوێکی ڕوونە بەرەو گۆڕینی پارادایمی ژیانی نوێ. ڕێبەرێتی کاتێک پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکی ئافراند، خۆی ناوی لێ نا. لە پارێزنامەکاندا ڕایگەیاندووە کە پێویستە تێکۆشان بە کەڵک وەرگرتن لە ڕێبازی دیموکراتیک و کەرەستەی تێکۆشانی دیموکراتیک بەڕێوە بچێت. هەروەها لە شیکارییەکانیدا سیاسەت و ڕێبازی پەیوەندی و پەرەسەندنی کولتووری لە ڕووی مێژووییەکانیاندا ڕوونکردەوە. هەروەها لە ڕوانگەیەکی مێژوویی و ڕۆژانەوە بە وردی هەڵە و کەموکورتییەکانی شیکردەوە.
ئەم هەنگاوەی وەک بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" پێناسەدەکرێت، نەک تەنها بانگەوازێک نییە بۆ "قۆناغێکی سیاسی". هاوکات پەیوەست بە سیاسەت و ڕێبازی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، شێوازێکی ژیانە بۆ سەدەی بیست و یەکەم، مانیفێستۆی شێوازێکی ژیانی کۆمەڵایەتییە کە ژنان پێشەنگایەتی دەکەن".
تێکۆشین ئۆزان ڕایگەیاند کە ڕۆڵی ژنان زۆر گرنگە و گوتی: "دیموکراسی شتێکە کە کەسانی سەرکەوتوو دەتوانن بەدی بهێنن. ژنان دامەزرێنەری کۆمەڵگەن، بۆیە زمانێکی گشتگیری تایبەت بە خۆیان هەیە. ئەم خاکەڕایی یان لاوازی نییە، گوزارشتە لە جۆرێکی تری هێز دەکات".