یەرەکە: فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک ٢ جار هەرێمی ئاسۆسیان بۆردوومان کرد

یەرەکە ڕایگەیاند، دوێنێ فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک ٢ جار هەرێمی ئاسۆسیان بۆردوومان کردووە، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەتووەتەوە بەڵام زیانێکی زۆر بە سرووشت و ڕەز و باخی هاوڵاتییانی هەرێمەکە کەوتووە.

ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر دەسکەوتەکانی گەلەکەمان، بە تایبەتیش شەڕڤان و گەریلا و یەکینەکانی پاراستنی ئازادی کوردستان بەردەوامە. دوێنێ جارێکی تر کاتژمێر ٢٣:٢٣ فڕۆکە شەڕکەرەکانی دەوڵەتی تورک ٢ جار هەرێمی ئاسۆسیان بۆردوومان کردووە. هەرچەندە هیچ زەرەر و زیانێک بەر یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەکەوتبێ، زەرەرێکی زۆری لە سروشتی ناوچەکە و ڕەز و باخی هاووڵاتییان داوە و دڵەڕاوکێ و ناڕەحەتی لە ناو دانیشتوانی ناوچەکەدا دروست کردووە".

لە درێژەی ڕاگەیاندراوی یەرەکەدا هاتووە: "ئەم هێرشانە لە کاتێکدا ڕوویان لە زیاد بوون کردووە، لە ئێستادا بە دەسپێشخەری ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کوردستان قۆناغێکی ئاشتی و دیموکراتیک  دەستی پێکردووە، کەچی بەرپرسانی دەوڵەتی تورک بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەو هەنگاوانە و هەستیاری قۆناغەکە، ڕۆژانە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و فڕۆکەی شەڕکەر پەرە بە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی پاراستنی کوردستان دەدەن. بۆیە لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتیمان لە بەرانبەر قۆناغەکە و بەجێهێنانی ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتیەی لەسەر شانمانە؛ داوا لە گەلەکەمان و ڕای گشتی نێودەوڵەتی دەکەین، ئەم پێشێلکاریە زەق و بەرچاوەی دەوڵەتی تورکیا ببینن و بە پێی ئەوە هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن".