تەرمی گەریلایەکی هەپەگە پاش ٦ ساڵ ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە

تەرمی گەریلای هەپەگە ئۆگوز چەلیک کە لە قاغزمان شەهیدبوو، پاش ٦ ساڵ ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.

تەرمی گەریلای هەپەگە ئۆگوز چەلیک (عەگید ئاری) کە ساڵی ٢٠١٩ لە شەڕێکدا لە ناوچەی قاغزمانی قەرس شەهیدبوو، پاش ٦ ساڵ ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.

تەرمی چەلیک لە ساڵی ٢٠١٩ هێنرایە پزیشکی دادەوەری ئەرزەڕۆم. بنەماڵەکەی لە ناوچەی هێنێی ئامەدەوە بۆ وەرگرتنی تەرمەکەی هاتنە ئەرزەڕۆم. بەڵام بەرپرسانی دەوڵەت تەرمەکەی چەلیکیان ڕادەست نەکرد و بۆ دیاریکردنی ناسنامەی تەرمەکە نموونەی خوێنیان لە بنەماڵەکەی وەرنەگرت.

بنەماڵەی چەلیک پێش ٦ مانگ بۆ وەرگرتنی تەرمەکە نموونەی خوێنیان بەخشی، پاش پشکنینی (DNA) دەرکەوت تەرمی چەلیکە و بنەماڵەکەی ئاگادارکرایەوە.

دوێنێ بنەماڵەی چەلیک هاتنە ئەرزەڕۆم. تەرمەکە لە گۆڕستانی بێکەسانی ئەرزەڕۆم دەرهێنرا و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا. بنەماڵەی چەلیک بۆ بەخاکسپاردنی تەرمەکە بەرەو هێنێ کەوتنەڕێ.