مستەفا قەرەسوو ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەم شێوەیە هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخەکە کرد:
"لەم مانگەدا شەهادەتی زۆر گرنگ روویداوە. ماوەیەک لەمەوبەر یەکێک لە دایکە بەنرخەکانمان کە پێگەیەکی گرنگی لە تێکۆشانماندا هەبوو دایە سەکینە(سەکینە ئارات) گیانی خۆی لەدەستدا ڕۆحی شاد بێت. هەروەها یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەژاک ڕێزدار حاجی ئەحمەدی لەم مانگەدا کۆچی دوایی کرد. ئەو کەسایەتیەکی زۆر بەنرخ بوو. پێگەیەکی گرنگی لە تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد و هەم لە تێکۆشانی ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەم لە تێکۆشانی ئازادی لە هەر چوار بەشی کوردستاندا هەبوو و ڕەوڵێکی بەرچاوی گێڕا، هەمیشە بە ڕێزدارییەوە یادی دەکریتەوە.
هەروەها لەم مانگەی نەورۆزدا بە ڕێزداری و منەتدارییەوە هەڤاڵانی پێشەنگ کاوەی هاوچەرخ مەزڵوم دۆغان، زەکیە ئاڵکان، ڕەهشان دەمیرل، ڕۆناهی و بێریڤان بەبیر دێنمەوە کە ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان لە گەشەدانی نەورۆز تا بە ئەمڕۆ هەبووە. ئەگەر ئەمڕۆ نەورۆز لەم پێگەیەدایە و بەم ئاستە گەیشتووە، بە تێکۆشان، هەڵوێست و ڕێبازی زۆر گرنگی ئەوانەوە بووە.
هەروەها له هەفتەی قارەمانیەتدا، له ٢٨ی ئادار شەهادەتی هەڤاڵ مەعسوم کۆرکماز ڕوویداوە. پێگەو شوێنی هەڤاڵ مەعسووم کۆرکماز لەم تێکۆشانەدا بەباشی دیارە. بە هەڵوێست و ڕێبازی ڕۆڵێکی زۆر گرنگی لە پێکهێنانی هێزی پاراستنی گەل و پەرەپێدانی گێڕاوە. ئێمە بەردەوام وەک گەل و ڕێکخستن بەڕێزدارییەوە یادی دەکەینەوە و لە تێکۆشانی ئێمەدا بە زیندووی دەمێنێتەوە.
هەروەها لە نێو شەهیدانی سەرەتای تێکۆشانماندا، لە ٢٨ی ئاداری ١٩٨٠دا، سێ هەڤاڵمان لە شکستونی مێردین بەناوەکانی محەمەد کورت، ئەحمەد کورت، و سەلمان دۆغرو شەهید بوون. ئەم هەڤاڵانە لە یەکەمین گەریلا گرنگەکانی تێکۆشانمان بوون. بەڕاستی هەڤاڵانێکی بەنرخ بوون. بەڕێزدارییەوە بەبیریان دێنمەوە. کاتێک کە شەهید بوون ئێمە لە زیندان بووین.
هەروەها لەم مانگەدا بەڕێزدارییەوە یادی شەهید عەبدولڕەحمان تەمۆقی دەکەینەوە. کەسێکی زۆر بەنرخ بوو؛ باوەڕداری دینی بوو. بەڵام لە ساڵانی کۆتایی تەمەنیدا بوو بە کەسێکی ئاپۆیی و هەڤاڵی پەکەکە. چونکە هەموو بەها ئەرێنی و باشەکانی ئایینەکەی لە پارتەکەماندا دەبینی. بینی کە پارتەکەمان بەها ئەخلاقی و ڕاستەقینەکان و بەها کۆمەڵایەتیەکان بە زیندووی ڕادەگرێ، ئەو بەڕاستی بوو بە کەسێکی ئاپۆیی.
تەنانەت لەو تەمەنەدا، دوای ئەوەی بەشداری ڕێکخستن بوو، لە شاری حەڵەب خەباتی گەلی بەڕێوە دەبرد. ڕەنگە کەمتر بناسرێت، بەڵام بە شێوەیەکی شەخسی لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە ئەرکی بەڕێوەبردنی کۆمیتەیەکی پێ سپێردرا بوو و لە حەڵەب خەباتی گەلی بەڕێوە دەبرد. چونکە ئەو گەشەسەندنی تێکۆشانی پەکەکەی بە وەدیهێنانی ئامانج و بەهاکانی گەل دەزانی. تا دوا هەناسەی بە وەفاداریی بە بزووتنەوەکەوە مایەوە. بە ڕێزداری و حورمەتەوە بەبیری دێنمەوە.
پەکەکە لەسەر ڕێبازی شەهیدانی ئازادییە
لەم مانگەدا بێگومان دوو ڕووداوی گرنگ هەیە. یەکەم: 'پاش ڕووخانی کۆماری مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێبەرانی لە سێدارە دران و شەهید کران. قازی محەمەد و هاوڕێکانی لەسێدارە دران. بەو بۆنەوە بە رێزدارییەوە یادیان دەکەمەوە. لە تێکۆشانی ئازادی گەلی کورددا پێگەیەکی گرنگیان هەیە. لە ڕاپەڕینی کورد و زیندووکردنەوەی داوا ڕەواکانی گەلی کورد بۆ ئازادیدا ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو. بەشێکی گەورەیان لەم تێکۆشانەدا هەیە. ئێمەش بە تێکۆشانی خۆمان لە ڕاستیدا یادیان دەکەینەوە.
پەکەکە گرێدراوی هەموو شەهیدانی ئازادیە کە لە ڕابردوودا بۆ کوردستان خەبات و تێکۆشانیان کردووە. یادەوەری و تێکۆشانیان لە تێکۆشانی پەکەکەدا بە زیندوویی بەرز ڕادەگیرێت. سەرەتا وابوو و ئەمڕۆش بەهەمان شێوەیە، سبەیش بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت.
بێگومان شەهیدانی تریش هەن کە پێویستە بەڕێزدارییەو یادیان بکرێتەوە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ٣٠ی ئاداری ١٩٧٢کە ماهێر چایان و هەڤاڵەکانی لە شەڕێکدا لە قزڵ دەرە شەهید کران. ماهێر چایان ڕێبەرێکی زۆر گرنگ بوو لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی تورکیادا. ئەگەر ئەمڕۆ له تورکیەدا نەریتی چەپ و ڕۆحی شۆڕشگێڕیی و سۆزێک هەیه، ئەوا بێگومان بیر و هەوڵەکانی ماهێر چایان ڕۆڵێکی زۆر گرنگی تێدا هەبووه له دروستکردن، پاراستن وگەیاندنی بە ئێستادا.
ڕێبەر ئاپو لە لایەنگرانی ماهێر چایانە. لە ڕاستیدا کاتێک ماهێر چایان و هەڤاڵەکانی لە قزڵ دەرە کۆمەڵکوژ کران، ڕێبەر ئاپۆ لە زانکۆی زانستە سیاسییەکان، ئەو زانستگایەی کە ماهێر چایان لێی خوێندبووی، پێشەنگایەتی بایکۆتی گرتە ئەستۆ. لەو کاتەدا گەنج بوو و خوێندکاری قۆناغی یەکەمی زانکۆ بوو. ئەندامی هیچ ڕێکخراوێک نەبووە. لایەنگری شۆڕشگێڕ و لایەنگرێکی ماهێر چایان بوو و پێشەنگایەتی بایکۆتەکان لە ئەستۆ دەگرێت. بەهۆی ئەم پێشەنگایەتیەوە ماوەیەک لە زیندان ڕادەگیردرێت. هەروەها لە کاتی لەسێدارەدانی دەنیز، یوسف و حسێن، ڕێبەر ئاپۆش بۆ ماوەی ٧مانگ لە زینداندا مایەوە.
تێکۆشان و خۆڕاگری ماهێر چایانیش کاریگەری لەسەر تێکۆشانی ئێمە هەبووە. ئێستاش لە تێکۆشانی ئێمەدا بە زیندوویی ماوەتەوە. بۆیە بە ڕێزداریی و حورمەتەوە یادیان بەرز ڕادەگرم.
گەلی کورد ٥٠ ساڵە خۆی نوێ دەکاتەوە
هەروەها لەم مانگەدا ڕووداوێکی زۆر گرنگ ڕوویدا. لە شاری موش ١٤ هەڤاڵانی گەریلامان بە چەکی کیمیاوی کۆمەڵکوژ کران. ئەم دۆخە توڕەیی و بێزارییەکی زۆری لە شار و سەرتاسەری کوردستاندا لێکەوتەوە. لە ئەنجامدا هەموو گەلی ئامەد کاردانەوەیان نیشاندا. چالاکییەکەی ئامەد لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٠٦ ڕوویدا، یەکێک بوو لە چالاکییە گرنگەکانی مێژووی کوردستان. ڕۆژێکە وڵاتپارێزی و ڕۆحی بەرخۆدان و هەڵوێستی گەریلا و پێوەرەکانی وڵاتپارێزی و تێکۆشانی گەلی کوردستان گەیشتە ئاستێکی بەرز. لەو ڕۆژەدا شاری ئامەد جارێکی تر خۆی نوێ کردەوە. لە ڕاستیدا گەلی کوردستان بە درێژایی ٥٠ساڵ تێکۆشانی بەردەوام خۆی نوێ کردووتەوە. هەروەها ڕاپەڕینی ئاداری ٢٠٠٦ی شاری ئامەد لاپەڕەیەک بوو کە گەلی کوردستان، گەلی ئامەد، خۆیان دیسان نوێ کردەوە.
ئەمە زۆر گرنگە. ئامەد واتە ڕۆح، ڕۆحی کوردستانە. بەرخۆدانی ئامەد بەرخۆدانی کوردستانە. پێوەرەکانی وڵاتپارێزی و خەباتی ئامەد پێوەرەکانی وڵاتپارێزی و تێکۆشانی کوردستانە. بۆیە ڕاپەڕینی ئامەد لە ساڵی ٢٠٠٦ڕۆژێکی نەتەوەییە کە تێدا پێوەرەکانی سەرهەڵدان، تێکۆشان و وڵاتپارێزی لە کوردستاندا گەشەی کرد. با جارێکی تر ئاماژە بەوە بکەین؛ گەلی ئامەد لەو ئەو ڕۆژەدا خۆیان نوێ کردەوە. هەموو پێوەر و بەهاکانی گەلی کوردستانیش بەو شێوە نوێ بوونەوە. نەک هەر پێوەرەکانی تێکۆشان و وڵاتپارێزی و بەرخۆدان خۆی نوێ کردەوە، بەڵکو پێوەرەکانی وڵاتپارێزی، خەبات و بەرخۆدانی گەلی کوردستانیش خۆی نوێ کردەوە. بە بۆنەی ئەم مانگەوە یادی ئەو ١٤هەڤاڵەمان بە حورمەت و ڕێزدارییەوە بەبیر دێنمەوە و جارێکی تر سڵاو لە گەلی بەرخۆدێری شاری ئامەد دەکەم.
هەفتەی قارەمانیەتمان تێپەڕاند. بێگومان هەفتەیەکی سیمبولیە، بەڵام ئەمڕۆ گەریلاکانی کوردستان هەموو ڕەوڵی قارەمانیەت دەگێڕن. گەلیش ڕەوڵی قارەمانی دەگێڕێ. بێگومان ئەمەش دەرئەنجامی ٥٠ساڵ تێکۆشانە. بەڵام ئەوەی دەستی پێکردووە فیداییە گەورەکەیە، رێبەر ئاپویە. لەو هەلومەرجەدا، کاتێک کوردبوون، کوردستانی بوون هەموو شت لەبیرکرابوو، تێکۆشان بۆ کورد و کوردستان بە گەورەترین تاوان هەژمار دەکرا، رێبەر ئاپۆ ئەو مەترسییەی قبوڵکرد و دەستی بە تێکۆشانێکی مەزن کرد، نموونەیەکی گەورەی فیداکاری نیشاندا. پێویستە بەوجۆرە لەم بابەتە تێبگەین. لە ڕاستیدا کاتێک ڕێبەر ئاپۆ وتی: "کوردستان داگیر کراوە"، لەو کاتەدا بەئەسپایی گەل ئەوەی دەبیست. چونکە سەرهەڵدانی ڕێکخراوێکی نوێ و ڕادیکاڵ کە چارەنووسی کوردستان بگۆڕێت بە گەورەترین دوژمن و گەورەترین مەترسی بۆ حکومەتی تورکیا دادەنرا. ڕێبەرایەتی توانی ئەم بوێرییە بخوڵقێنێ.
هەروەها دەبێت هەنگاوەکانی رێبەر ئاپۆ لەو ساڵانەدا بەم شێوەیە هەڵسەنگێندرێت. لەو ماوەیەدا، بێگومان چەپی تورکیا کاریگەر بوو. لەنێو گەنجان و باڵی چەپی کۆمەڵگا کاریگەری هەبوو. هەروەها له نێو گەنجانی کوردیشدا هه ندێک گرووپی وه ک ڕزگاری یان DDKD کاریگەریان هەبوو. واتە دۆخی کاریگەری ناسیۆنالیزمی گۆڕانخواز یان ناسیۆنالیزمی هاوبەش هەبووە. لە ژینگەیەکی ئاوادا دەرکەوتن وەک گروپێکی جیاواز هەنگاوێکی بوێرانە و زۆر گرنگ بوو. ئاسان نەبوو. لەو بارودۆخانەدا بە هیچ شێوەیەک ئاسان نەبوو سەرهەڵبدات و دەست بە گەشەکردن بکات. پەرەسەندنی گرووپێکی کورد، گرووپێکی لەو جۆرە کە بۆ تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد دامەزرا بوو، ئاسان نەبوو. لە ڕاستیدا هەر لە یەکەم ڕۆژەوە هەم لەلایەن هێزە چەپەکانەوە لە تورکیە لێ دوور کەوتنەوە و هەم بە شێوەیەکی تر سەیر کرا، هەمیش لەلایەن گروپە کوردییەکانەوەش بە بچوک هەژمار دەکرا.
ڕێبەر ئاپۆ سوپایەکی فیدایی و گەلێکی فیدایی بەرهەم هێنا
کاتێک گروپەکە دەستیپێکرد، هەم بەشێکی بەرچاو لە گروپە چەپەکانی تورکیا و هەم بەشێک لە گروپە کوردییەکان بە گاڵتە کردن دەیانوت ئاپۆ ١٥-٢٠کەسی لەدەوری خۆی کۆکردووتەوە، دەیەوێت کوردستان ڕزگار بکات. ئەویان بە بچووک بینی و پێیان پێکەنین. لە وەها بارودۆخێکدا گروپەکە دەستی بە تێکۆشان کرد و ڕێبەر ئاپۆ لە سەرەتادا ئەم قسەی گوت: "شۆڕشی کوردستان قورسە، ئاسان نییە. ئەگەر بمانەوێت وەک گروپێک پەرە بستێنین و ئەم تێکۆشانە ئەنجام بدەین، دەبێت ڕووبەڕووی ئەو سەختی و بەربەستانە ببینەوە. هەروەها پێویستە هەرکەسێک بە شێوەیەکی فیداییانە ئەمامە لەبەر چاو بگرێت."
بە واتایەکی تر پێی نەگوتین: "شۆڕش شتێکی ئاسانە، دەرفەتی هەیە". گوتی: "بارودۆخەکە سەختە ئاسان نییە، هیچ دەرفەتێکیش نییە، کات و هەلومەرجێکی قورسە، جوگرافیایەکی سەختە، دوژمنیش دڕندەیە." هەروەها کاتێک باسی ڕاستی کۆمەڵگای کوردی دەکرد، بۆ ئەوەی نیشان بدات کە تا چەند داگیرکاری له کوردستاندا زاڵه، بۆ ئەوەی نیشانی بدات کۆمەڵگەی کوردی چەندە گرنگی به ئێمه دەدات، دەیگوت: "لەوانەیە یەک کوردیش نەمابێت کە خیانەتی بە خۆی نەکردبێت." کاتێک ئەمەی وت، مەبەستی ئەوە بوو کە ئیتر کەسێک، بیرۆکەیەک و هەڵوێستێک نەماوە کە توانای خۆپێشاندان و بەرەنگاربوونەوەی دژی جینۆساید و داگیرکاری هەبێت. چونکە تێکۆشان دژی دەوڵەتی تورک، تێکۆشان دژی داگیرکاری، جینۆساید، ئاسان نەبوو. ئەمەش بە قسە و دروشم نەدەکرا.
لەو ڕووەوە ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە باسی لە نەبوونی ئەو جۆرە بیرکردنەوە، هەستانە و نەبوونی هەستێکی وا بەرەنگاربوونەوە و تێگەیشتن دەکرد. بێگومان ڕاستیەکی کوردی هەبوو، ڕاستیەکی گەلی کورد هەبوو، بەڵام هیچ ئیرادە و بوێرییەک نەبوو کە بتوانێت ڕێگری لەم سیاسەتە جینۆساید و داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورک بکات، یان ڕایبگرێت. لەو کاتەدا ڕاستیەک هەبوو کە کۆمەڵگایەک لە دەورپێچی داگیرکاری و جینۆسایددا گیروودە هاتووە.
لەم جۆرە ڕاستیەکۆمەڵایەتییەدا، لەشکرێکی فیدایی و گەلێکی فیدایی دروستکرد. گەلی کورد ئەمڕۆ گەلێکی فیداییە، فیدایی ترین مرۆڤە لە جیهاندا. ئەمە چۆن دروست بووە؟ لە ڕۆژی یەکەمدا کوردی خستە بەر ڕەخنەدانەوە و ئاماژەی بە کەموکوڕیەکانی کرد. بێگومان بە ڕەخنەگرتن لە کورد ڕەخنەدانی خۆیشی کرد. هەروەها وتی: "لەکوردستان کەسێکی کامڵ و تەواو نییە، ئێمە بۆ تواوکردنی یەکتر تێدەکۆشین." ڕاستییەکی لەو شێوەیە فیدایی بوونی خوڵقاند.
یەکێک لە خەسڵەتە هەرە گرنگەکانی رێبەرایەتی ئەوەیە کە وڵاتپارێزیکی قووڵ و عەشقێکی قووڵی بە ئازادی هەیە کە بەم شێوەیە تووڕەییەکانی ناخی مرۆڤ دەردەخات و تووڕەیی بەرامبەر بە داگیرکاری و جینۆساید لە کوردستان دروست دەکات ئەمەش فیدایی بوونی دروستکرد، ڕاستییەکی گەورەی گەلی خوڵقاند.
لەبەر ئەوەی ئەگەر هەست بە ستەم نەکەیت و تووڕەیی خۆت نیشان نەدەی، ناتوانی لە قووڵایی دۆخەکە تێبگەیت و تێکۆشانێکی گەورە ئەنجام بدەیت. ئەمە گرنگترین کاریگەری ڕێبەرایەتی بوو. گەل، گەنج، گروپ یان کەسانێک کە تازە بە گرووپەکەی پەیوەست دەبوون، لە ناخی هەموویاندا تووڕەیی، هۆشیاری و عەشق بە ئازادی خوڵقاند.
بەم شێوەیە فیدایی بوون سەرهەڵدەدات. ڕۆحی فیدایی بوون بۆ ئازادی سەرهەڵدەدات. هەروەک چۆن کەماڵ پیر وتی: "من ژیانم ئەوەندە خۆشدەوێت کە ئامادەم بۆی بمرم"، رێبەرایەتیش ئامانج و سیاسەتی ژیانی خستەڕوو کە مرۆڤەکان ئامادەن لە پێناویدا فیداییانە تێبکۆشن. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش فیدایی بوونی گەورە درا. ڕۆژووی مردنی ١٤ی تەمموز لە زیندان کە سەریهەڵدا، بەهۆی تایبەتمەندی فیدایی بوونی ڕێبەر ئاپۆەوە بوو. فیدایی بوون ڕۆحی ڕێبەر ئاپۆیە. ئەوە ئەو تووڕەییەیە کە ڕێبەر ئاپۆ لە دژی داگیرکاری و جینۆساید دروستی کرد، ڕۆحی تێکۆشانە، حەسرەتی ئازادییە کە تەنانەت لە زیندانیشدا لەسەر ئەم ڕەهەندە بەرخۆدانی پەرە پێدا. پێویستە بەم شێوەیە سەیر بکرێت.
دەبێت فیدایی بوون، سۆز و عەشق بە ئازادی و توڕەیی ڕێبەر ئاپۆ لە بەرامبەر دوژمن، لە دژی داگیرکاری و جینۆساید، دەبێ بەو شێوەیە تێبگەین کە لە پێشکەوتووترین شێوەی خۆیدا لە زیندانەکاندا مرۆڤ تێبگات. ئەمەش جێبەجێکردنی هەستەکانی رێبەرایەتیە.
هەر لەبەر ئەم هۆیەوە، رێبەرایەتی لە ماوەی ٥٠ساڵی ڕابردوودا پێشەنگی ئەم ڕێگایە بووە، بەم شێوەیە بەسەدان و هەزاران فیدایی لە مەزڵۆمەوە بۆ مەعسووم و هەتا ئاسیە و ڕۆژگەری بەرهەم هێناوە. هەموو ئەمانەش دەرئەنجامی عەشقی ڕێبەر ئاپۆ بە ئازادی، پابەندبوونی ڕێبەر ئاپۆ بە ئارمانجی، قووڵایی و هۆشیارییەیە کە دروستی کردووە و سەرهەڵدانی لە کۆمەڵگا و کادرەکانیدایە. پێویستە بەم شێوەیە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.
دڵخوازی نەورۆز دڵخوازی ئازادییە
بەڕاستی ئەمە نەورۆز بوو، نەورۆزلە بەرزترین ئاستدا. بەڕاستی بەم شێوەیە بوو. چاوەڕوانییمان لە هەڵوێست، جۆش و خڕۆش و خاوەندارێتی کۆمەڵگە لەم نەورۆزدا ئەوە بوو و نیشانی دا 'نەورۆزی گەل'ە.
ڕێبەر ئاپۆ بۆ گەلی کورد گوتی: "گەلی نەورۆز". مەبەستی لە گەلی نەورۆز گەلێکی بەرخۆدێر بوو. نەورۆز ئەوەندە فراوان و قووڵی حەقیقەتی گەلێکە. قوڵبوون، هێز و کاریگەری نەورۆز هەرچەندە بێت، ڕاستی گەلیش ئەوەندەیە.
لە ساڵانی ١٩٧٠ەوە، بە تایبەتی لە باکووری کوردستان، حەقیقەتی نەورۆز ئافرێنرا. نەورۆز و ڕاستی گەل لە ناو یەکدان. چونکە نەورۆز بەهای بنەڕەتی گەلی کوردە. بەهایەکی خاوەندارێتی کردن لە دڵخوازی ئازادییە. بۆیە لە ساڵانی ١٩٧٠دا بەڕاستی گەیشتبوو بە ئاستێک.
لەم بابەتەدا دەکرێت بپرسین هەست بە چی دەکەم؟ لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٧ لە دیلۆک نەورۆزمان پیرۆز کرد. نەورۆزی سەرەتامان زۆر مەزنبوو، کاریگەرترین نەورۆزی ساڵی ١٩٧٧ی دیلۆک بوو. ئەوکاتە تایەیی ئۆتۆمبێلمان کۆکردەوە. لە هەموو چوارڕێیانە مەزنەکانی دیلۆکدا تایەیی ئۆتۆمبێلمان کۆکردەوە. پاشان بۆمبمان هاویشت بۆ بانکەکان. لە هەمانکاتدا ئاگرمان لە تایەکان بەردا. ئاگردانی تایەکان لەسەر ڕێ. خەڵکی دیلۆک کە نەیانزانیبوو نوورۆز چییە - کورد یان تورک - سەریان سوڕما بوو. دەیانگووت، 'چی ڕوویداوە؟ ئەمڕۆ هەموو شوێنێک دەسووتێ؟ ئاگر بەرز دەبێتەوە؟'
لەو ڕۆژەوە تا ئێستا، هەموو ساڵێک نەورۆز زیاتر پێشکەوتووە و قووڵتر بووە لە واتا، بەشە فراوانترەکانی کۆمەڵگە خاوەندارێتیان لێ کرد و گەیشتووە بەم ئاستە. گەلی کوردیش مەزنبوو، پێشکەوت، هەستەکانی دیموکراسی و ئازادی گەورە بوون و پێشکەوتن. ئەم دڵخوازییەی نەورۆز لەهەمانکاتدا دڵخوازی ئازادی گەلی کوردە، دڵخوازی دیموکراسی، بەرزکردنەوە و قووڵکردنی داوای ژیان بە بەهاکانی خۆی. بۆیە زۆر گرنگە. ئایا دەکرێت زۆر شت لە مێژوودا بسڕێتەوە، تێکۆشانی ئازادی لە ناوببرێت؟ نەخێر.
بۆیە نەورۆز تەنها ڕۆژێک نییە. بۆ کورد چ واتایەکی هەیە، بۆ کوردستان، بۆ گەلانی ڕۆژھەڵاتی ناوین چی واتایەکی هەیە؛ پێویستە بەم شێوەیە هەلبەسنگێندرێت. بەم نەورۆزە گەلی کورد نیشانی دا کە تەنها بۆ خۆی هەروەها بۆ هەمووی ڕۆژھەڵاتی ناوین پێشەنگایەتی ئازادی و دیموکراسیی دەکات. دڵخوازی ئازادی، دڵخوازی دیموکراسی، دڵخوازی دادپەروەری گەل، و هەڵوێستی تێکۆشانە لە دژی ناحەقی.
کۆمەڵگەیبوونی ئەمە-لە حەوت ساڵیەوە تا حەفتا ساڵی، لە ژنەوە تاوەکو پیاو-ڕاستیی کۆمەڵگەی کوردە، لە کەسێتی نەورۆزدا دەرئەنجامی تێکۆشانی دەیان ساڵەیە، ئەوە نیشان دەدات کە گەیشتووە بە چ ئاستێک. دەبێت نەورۆز بەم شێوەیە ببینرێت. چونکە بەڕاستی ئێمەش زۆر تامەزۆر بووین. لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەورۆزی ئەمساڵ زۆر جیاواز بوو. لە ئەوروپا، لە ڕۆژئاوا، لە باکوور جیاواز بوو. نەورۆز لە ئەستەنبوڵ زۆر گەورە بوو؛ نیشانی دا کە تێکۆشانی پەنجا ساڵە چ ئەنجامێکی ئافراندووە. لە هەمانکاتدا خاوەنداریەکی مەزنە لە بانگەوازەکەی ڕێبەرێتی لە ٢٧ی شوبات.
هەمیشە دەڵێین، نەورۆزی هەر ساڵێک بەرنامەی تێکۆشانی ئەو ساڵەیە، کۆنگرەی ئەو ساڵەیە. واتا ئامانج و ڕێبازی تێکۆشانی ئەو ساڵە لە گۆڕەپانی نەورۆزدا دیاری دەکرێن. نەورۆزی ئەمساڵیش خاوەندارێتیکردن لە پەیامی ٢٧ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ بوو، قبوڵکردن و پەسەندکردنی ئەو پەیامە مێژووییە لەلایەن گەلی کوردەوە. ئەم خاوەندارێتیکردنێکی زۆر گرنگ بوو. بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ، وێنەی لە ئیمراڵی بڵاوکرایەوە کۆمەڵگە مۆڕاڵی لێ وەرگرت. وزەیەکی گەورەی ئافراند.
بێگومان مەزنی ڕێبەر ئاپۆیە. ڕێبەر ئاپۆ ڕاستییەکی زۆری ئافراند. پێویستە هەموو کەس ئەمە ببینێت. لە پێشەنگیی ڕێبەر ئاپۆدا پێویستە هەمووکەسێک سڵاو لە بەهاکانی پەکەکە بکات و جیاوازی بکات. ئەمە شتێکی کەم نییە. ڕاستیی زۆر لە بەردەستە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کاریگەری هەیە، لە باشوور کاریگەری هەیە، لە ڕۆژئاوا کاریگەری هەیە، لە ئەوروپا کاریگەری هەیە، لە جیهاندا کاریگەری هەیە. هەموو ئەمەش لە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆیە، ئەنجامی فکر و هەستی ڕێبەر ئاپۆیە. ئەوەی کە پێویستە هەمووکەسێک ئێستا سڵاوی لێ بکات ئەمەیە. دەبینین لە ڕۆژهەڵاتی ناوین 'ئەتمۆسفێرێکی کورد'ی چۆن هەیە. ئەگەر ئەمە نەبوایە، ئەگەر ئەم تێکۆشانە نەبوایە، ئایا دەستکەوتەکانی باشوور دەکرا بئافرێنرێن؟ دەستکەوت لە ڕۆژئاوا دەئافرێنرا؟ کامیان دەکرا پارێزرێت. پێویستە هەموو کەس ئەم ڕاستییە ببینێت.
گەلی نەورۆز چی ئافراند، چی بونیاتنا؟ پێویستە ئەمە ببینرێت. پەکەکە چی بونیاتنا، ڕێبەر ئاپۆ چی ئافراند؟ ئەگەر ئەوانە نەبوایە ئایا کامیان دەکرا بەدەست بهێنرێت؟ بە تێکۆشانمان هەندێک شت بەدەست هات، دەپارێزرێت. مەزنی نەورۆز، زیندووبوونی گەل لە هەموو بەشەکاندا، خاوەندارێتیکردن لە نەورۆز لە ئارادایە. ئەوەی کە ئەم زیندووبوونە ئافراند، ئەم ئەنجامەی ئافراند، پێویستە ببینرێت.
ئەگەر ئەو بەڵێنانەی دراون جێبەجی نەکرێن ئەوا چاوەڕوان نابین
ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازی کرد. ئەم بانگەوازە چی بوو؟ بەڕاستی دەوڵەت باخچەلی گوتبووی، 'با بانگەواز بکات، ڕێکخستن هەڵبوەشێتەوە، شەر ڕابگرێت'. هەروەها گوتبووی: 'با بانگەواز بکات، ئەوکات مافی هیوا کارا دەبێت'. ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازی کرد. لە چوارچێوەی هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخستن و وەستاندنی تێکۆشانی چەکداریدا بانگەوازی کرد، بەڵام گوتی، بۆ ئەمەش پێویستە کۆنگرە بکرێت و ئەو خۆی ئەم کۆنگرەیە بەڕێوەببات. ئەم بابەتە لە ئیمراڵییەوە تاوتوێ کرا، هەڵسەنگێندرا. هەڤاڵان بەسێ و عەباسیش سەرنجیان خستە سەر ئەمە. لەگەڵ بانگەوازەکەدا لە ماوەی هەفتەیەک، دە ڕۆژدا هەلومەرجەکانی ڕێبەر ئاپۆ گۆڕانکارییان تێدا بکرێت، بەڵام هیچ هەنگاوێک نەنرا.
ئەوکات بەچی باوەڕ بکەین؟ گوتیان، 'با بانگەواز بکرێت، مافی هیوا کارا دەبێت'. بانگەواز کرا، مافی هیوا کارا نەبوو. گوتیان، 'هەلومەرجەکانی ئیمرالی دەگۆڕێن'. نەگۆڕران. گوتیان، 'ڕێبەر ئاپۆ دەبێتە خاوەنی هەلومەرجی کار و ئازادی'. ئەمە ڕووی نەدا.
ئەم دۆخە بێگومان لەسەر ئامانج و حیسابەکانی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە دەبێتە هۆی بیرکردنەوە و گومان. پرسی کورد زۆر گەورەیە، بە بێدەنگکردنی چەک، هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخستن... ئەمانە بباەتێکی ئاسان نییە. خۆیان دەڵێن ٥٠ ساڵە بۆ دەوڵەتی تورک دەبێتە کێشە. دەمیرەڵ دەیگوت، 'ڕاپەڕینی زۆر مەزنی هەزار ساڵەیی.' ئەی، بەم شێوەیە نزیک دەبنەوە؟ واتا بە شێوازێکی تەنگ و سنوردار، بە پێی سوودەکانی پارتەکەی خۆتان نزیک دەبنەوە؟ ئەمە دۆخێکی وا نییە.
بۆیە چاوەڕوان دەبین، ڕێبەرێتیش چاوەڕوانە. چاوەڕێی هەنگاو نانبووین، لە چاوەڕوانی بەردەوامبوونی دیدارەکان بووین. چی ڕوویدا؟ شاندەکە ناچن. بەڕاستی، ئەمەش جۆرێکە لە سەرقاڵکردن، وەک ئەوەی بە نزیکبوونەوەیەکی وەستاو دەبینرێت. بەپێی دۆخ جوڵە دەکەن...
بەڵێن هەیە کە دراوە. هەم بەڵێنی باخچەلی هەیە، هەم چەند بەڵێنێکی جیاوازیش لە ئیمراڵیدا دراوە. ئەم بەڵێنانە جێبەجێ نەکران. لەم دۆخەدا چی ڕوودەدات؟ لەگەڵ ئەمەشدا هەڵوێست وەردەگرین. ڕێبەرێتیش بە ئارامگرتن هەڵوێست وەردەگرێت، بەڵام سنورێک بۆ ئەمە هەیە. لە بەرانبەر پەکەکە و ڕێبەر و ڕێکخستن نزیکبوونەوەیەکی ئاوا نابێت. هەڵوێستێکی دوور لە جدییەتییە. بەڵێن هیج باهەیەکی نامێنێت. خۆیان دەڵێن، 'با خێرا بێت'. دەڵێن، 'بە خێرایی ئەنجام وەردەگرین'. بەڵام لە کوێیە؟ دۆخێکی وا هەیە کە لە هەموو لایەوە دەبێتە هۆی گومان. لە سەرەتاوە گوتمان، لەسەر نزیکبوونەوەی دەوڵەتی تورک گومانمان هەیە. هەنگاو نەنا بووە هۆی زیادبوونی ئەم گومانە.
بەڵام، دەکرێت هەندێکی تر مرۆڤ چاوەڕوان بێت، لە پرۆسەکە بڕوانێت، بەڵام ئەگەر دیسان هەنگاو نەنرێت، ئەو بەڵێنانەی دراون جێبەجێ نەکرێن، ئێمەش چاوەڕێ ناکەین، بەم شێوەیە چاوەڕوان نابین. ئەوکات بە شێوازێکی جیاواز هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین. هەندێک ڕوونتر نیشانی دەدەین ئەم نزیکبوونەوەیە چ مانایەکی هەیە.
پرسی یاسادانان تەنیا بیانووە و هۆکارێکە بۆ کوشتنی کاتە
ئێمە پێدەکەنینمان دێت کاتێ حکومەتە فاشیستەکەی ئاکەپە-مەهەپە بەردەوام باسی "یاسادانان" دەکات، کاتێک باس لە هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمرالی دەکرێت. ئایا ئێوە پابەندی چ یاسایەکن؟ کاتێک کارێک دەکەن دەڵێن "یاسا هەیە"، کاتێکیش نەیانەوێت بیکەن، دەڵێن یاسا بوونی نییە. گوێ لە کەس ناگرن. یەکێتی ئەورووپاش کە دەڵێت، ئێوە گوێ ناگرن. دادگای دەستووری تورکیاش دەڵێت دیسان ئێوە گوێ ناگرن، کەواتە یاسا لە کوێیە؟
ئەم هەموو باس لە "یاسادانان" دەکەن وەک گاڵتەکردن وایە. دەڵێن "لە یاسای ئێمەدا بوونی نییە". ئەمە مانای چییە؟ "مافی هیوا لە یاسادا نییە؟" تورکیە ئەندامی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەورووپایە، باڵادەستی یاسای یەکێتی ئەورووپا بەسەر یاساکانی خۆیدا قبوڵ کردووە و یاسای نێونەتەوەییش لە سەرووی دەستوورەوە دەناسێت. لە ڕاستیدا دادگای ئەورووپا سەبارەت بە مافی هیوای گوتوویەتی: "جێبەجێی بکەن". ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر ئەو بڕیارە دراوە.
بەڵام لە ڕوانگەی ئەوانەوە شتێک نییە بە ناوی "یاسادانان"وە. ئەگەر بیانەوێت دەتوانن هەر ئێستا جێبەجێ بیکەن. چ یاسایەک ڕێگری لێدەکات؟ بەڵام بە پێچەوانەوە هیچ هەنگاوێک نانێن. هەم ڕێبەرایەتی و هەم بزووتنەوەکەمان بەردەوام وا دەڵێن. ئەمەش لە گۆڕەپانی دیموکراتیكدا بەهەمان شێوە باس دەکرێت. پێویستە دەستبەجێ هەندێک یاسا دابنرێت. ئێمە گوتبوومان، ئۆپۆزسیۆنیش گوتبووی: با لە پەرلەمان بڕیاری لەسەر بدرێت. پەرلەمان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. پەرلەمان یاساکان پەسەند دەکات. بەڵام ئێستا ئیدارەیەکی جیاواز کۆشکێکی جیاواز زیاتر رەوڵ دەگێڕێت. ئەو یاسایانەی ئەردۆغان دەیەوێت جێبەجێ دەکرێن، ئەو یاسایانەی کە ئەو نایەوێت بەڵاوە دەنرێن. بە جۆرێک لەوێ قسەی کۆشک لە پێشی هەموو شتێکەوەیە. زۆربەی ئۆپۆزسیۆن دەڵێن "بەڵێ با ئەو پرسە بێتە پەرلەمان، ئێمە پشتگیری لێدەکەین". بەو شێوەیە دەتوانرێت دەستووریش بگۆڕدرێت. هەموو لایەنەکان دەڵێن: "پێویستە ئەو پرسە لە پەرلەمان یەکلایی بکرێتەوە".
کەواتە "پرسی یاسادانان" تەنها بیانوو و هۆکارێکە بۆ کوشتنی کات. ئەگینا بنەمای ڕاستەقینەی دەستووری نییە.
هەرچەند شەڕ درێژە بکێشێت، هەندێک ڕانت بە دەست دەهێنن
ئاشکرایە ئەوانەی دژی ئاگربەستن، ئەو کەسانەن کە دەیانەوێت شەڕ بەردەوام بێت. لە ڕاستیدا لە تورکیا لایەنێکی دیار هەیە کە دەیەوێت شەڕ درێژە بکێشێت. لە ڕانت و پاساوی 'تێکۆشان لە دژی تیرۆر' سوود وەردەگرن. لە ساڵانی ٩٠ەکاندا ڕێبەر ئاپۆ دەیگووت 'ڕانت لەسەر ئاپۆ و پەکەکەیە'. هەرچەند شەڕ بەردەوام بێت، هەندێک لەوان ڕانت بە دەست دەهێنن. هێشتا ئەمە بەردەوامە. هەروەها بە پاساوی شەڕەوە هەوڵدەدەن ئۆپۆزسیۆن سەرکوت بکەن و هەموو کەسێک بێدەنگ بکەن. تەنانەت پارتییە یاسایییەکانیش وەک "پەیوەندی بە تیرۆریزمەوە" نیشان دەدەن.
ئەم لایەنی مەسەلەش هەیە. ئەوانەی نایانەوێت ئەم هۆکارانە لەدەست بدەن، دەیانەوێت شەڕ بەردەوام بێت. بۆیە دژی ئاگربەستن. ئێستا ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازێکی کرد و گوتی: "پەکەکە کۆنگرە ئەنجام دەدات، خۆی لەوێ هەڵدەوشێنێتەوە و تێکۆشانی چەکداری دەوەستێت." ئەمە چۆن دەبێت؟ پێویستە دوو شت جێبەجێ بکرێت. پێش کۆنگرە، پێویستە مەرجی ئەمنی دابین بکرێت. بۆیە گرنگە هێرشەکان بووەستێنرێن. دووەم پێویستە ڕێبەر ئاپۆش بەشداری کۆنگرە بکات و بەڕێوەی ببات.
بێ کۆنگرە، هیچ پارتێک هەڵناوەشێتەوە. کۆنگرە ئەنجام دەدرێت. "لە ڕێنامەی پارتەکاندا هیچ شتێکی وەها نییە کە 'هەڵوەشانەوە لەلایەن کەسێکی دیاریکراوەوە' ئەنجام بدرێت. تەنها بە بڕیاری کۆنگرە دەتوانرێت هەڵبوەشێتەوە. ئەگەر بێ بڕیاری کۆنگرە بڵێم "هەڵموەشاندەوە" ئەگەر ئەندامانی پەکەکە کۆنگرە ئەنجام نەدەن، ئەوا پارتی بەردەوام دەبێت. چونکە بڕیاری کۆنگرە نییە. بۆیە کۆنگرە بنەڕەتە. ئەمەش دەبێت لە ژینگەیەکی ئاگربەستدا ئەنجام بدرێت. کاتێک شەڕ بە هەموو ئاڵۆزییەکیەوە بەردەوامە و هێرشەکان بەردەوامە، چۆن دەکرێت کۆنگرە ئەنجام بدرێت؟ ناکرێت.
واتە نایانەوێت پەکەکە خۆی هەڵوەشێنیتەوە. یان دەبێت دەرفەتی ئەنجامدانی کۆنگرە بونیاتبنرێت و بەشداربوونی ڕێبەر ئاپۆش مسۆگەر بکات. ئەوجا دەکرێت بەم شێوەیە خۆی هەڵوەشێنێتەوە. لە دژی "بە بڕیاری کۆنگرە هەڵمانوەشێننەوە" دەرناکەوین. ڕێبەرێتی دەبێت بەشداری بکات و پەکەکەش کۆنگرە ئەنجام بدات. تێکۆشانی چەکداری دەکرێت کۆتایی پێ بهێنرێت، بەڵام هەلومەرج بۆ ئەمە پێویستە.
هەڤاڵان زۆر جار گوتویانە. دامەزرێنەری ئەم پارتە ڕێبەر ئاپۆیە. "پارتی" مانای ئایدیۆلۆژیایە، مانای سیاسەتە؛ ئەوەی کە شێوازی داوەتە ئەم پارتە ڕێبەرێتییە. ڕاستییەک بەم شێوەیە هەیە. پەکەکە ئەمڕۆ لە هێڵی ئایدیۆلۆژیای ڕێبەر ئاپۆدا تێکۆشان دەکات. لە زۆر ڕووەوە خۆی گۆڕیوە. شێوازەکانی ساڵانی ١٩٩٠ گۆڕیوە، لە شوێنی ئەوە پارادایمێکی نوێی پەرە پێ داوە. ئێستاش ئەمە دەبێت بگۆڕدرێت. چییە؟ لە شوێنی تێکۆشانی چەکداری شێوازەکانی تری تێکۆشان دێنە ئاراوە. خۆی پێی دەڵێن "سیاسەتی دیموکراتیک" یان شتێکی دیکە. لەم لایەنەدا بانگەوازەکەمان گرنگ بوو.
بە بەرپرسیارانە مامەڵەمان کرد، یەکسەر وەڵامی ئەو بانگەوازەمان دایەوە و ڕوونمان کردەوە بانگەوازەکەی ڕێبەرێتی قبوڵ دەکەین. گوتمان "ئەو ئەرکەی دەکەوێتە سەر شانمان جێبەجێی دەکەین". ئێستا چی بکەین؟ پێویستییەکانی بانگەوازەکە جێبەجێ دەکەین، بەڵام لایەکی تر جێبەجێ ناکات. نەمانگوتوە پەکەکە هەڵناوەشێنینەوە و کۆتایی بە تێکۆشانی چەکداری ناهێنین بەڵام بۆ ئەوەی ئەمە جێبەجێ بێت، پێویستە کۆنگرەی پەکەکە ئەنجام بدرێت و ڕێبەر ئاپۆش بەشداری بکات. نزیکبوونەوەی ئێستا ڕاست نییە.
دەوڵەت باخچەلی دەردەەکەوێت و دەڵێت، "با بێنە ملازگر و لەوێ ئەنجامی بدەن". هیچ جدیایەتییەکی تێدا نییە. ئێوە شەڕ ڕاناگرن، پەکەکەییەکان دەبینن شەهیدیان دەکەن و هێرش بەردەوامە. ئەمە مانای چییە؟ لە کوێ بەڕێوەبەرییەکی پەکەکە و گەریلا دەبینیت لێی دەدات. ئەوکات چۆن دەکرێت کۆنگرە بکرێت؟ بۆیە نزیکبوونەوەکانی دەوڵەت باخچەلی جدی نین. بەپێی بانگەوازەکەی خۆیانیش مامەڵە ناکەن. گوتبووی، "با ڕێبەرێتی بانگەوازێک بکات، با لە مافی هیوا سوود وەرگرێت". لە ڕاستیدا هیچ شتێک نییە. ئەمە مانای ئەوەیە کە لایەنێک هەیە دەیەوێت شەڕ بەردەوام بێت.
دەمانەوێت پڕۆسەکە بەرەو پێشەوە ببەین، بەڵام بە هۆشیارییەوە مامەڵە دەکەین
گەلەکەمان باوەڕیان بە ڕێبەر ئاپۆ و پارتەکەیان هەیە. هیچ گومانێک لەلایەنی گەلدا نییە کە ئەم پرۆسەیە بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەبرێت. گەل دەزانێت کە ڕێبەر ئاپۆ بە پێی بەرژەوەندییەکانی گەل شت دەکات و باوەڕ بەم تەڤگەر دێنیت. لەم مانایەدا گەل کێشەی نییە، باوەڕ دەکات. گەل لە نەورۆزدا بە هەموو هێزیەوە خاوەندارێتی لە بانگەوازەکە کرد.
بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە دەوڵەتی تورک و دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە هیچ هەنگاوێکیان نەناوە، لە ناو دۆستان و گەلدا گومان زیاد دەکات. ئێمە دەزانین: کاتێک بابەتەکە دەبێتە دەوڵەتی تورک، بە هوشیارییەوە مامەڵە دەکەین. هەمیشە ئاگادارین. دەمانەوێت پرۆسەکە بەرەو پێشەوە ببەین، بەڵام بە هوشیارییەوە مامەڵە دەکەین. هەرگیز دەست لە هەستیاری خۆمان هەڵناگرین، بەڵام دەبێت هەستیاری بە مانای "نەکردنی هیچ شتێک، بەرەوپێش نەبردنی پڕۆسەکە و سەرنەکەوتنی نەبێت. پێویستە بەم شێوەیە مامەڵە بکەین.
ئامانجمان ئەوەیە دەربازی قۆناغێکی نوێی تێکۆشان بین
ئێستا ئامانجمان ئەوەیە دەربازی قۆناغێکی نوێی تێکۆشان بین. قۆناغێکی نوێی تێکۆشان، سەرەتایەکی نوێیە... لە بری ڕێ و ڕێبازە کۆنەکانی تێکۆشان بەرەو ڕێ و ڕێبازی نوێی تێکۆشان بەردەوام دەبین. ئامانجەکەمان بەم شێوەیە سەرخست... پارادایمەکەمان خۆی ڕوونە؛ لە پرۆگرامەکەماندا هیچ گۆڕانکارییەک نییە. بە پارادایمێکی نوێ عەقڵیەتی دەوڵەتپارێزی و دەسەلاتپارێزیمان تێپەڕاند. عەقڵیەتی دەوڵەتپارێزی، ئۆتۆریتەری کۆنمان هەڵوەشاندەوە و ڕوومان کردە عەقڵیەتێکی ئازادیخواز و دیموکراتیک کە دوورە لە دەوڵەت و دەسەڵاتدارییەوە بەردەوامی پێدەدەین. باوەڕمان بەوەیە ئەمە باشترین ڕێگایە بۆ گەلی کورد تا بگاتە مافە بنەڕەتییەکانی. لە بری دەوڵەت گوتمان کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک؛ گوتمان دیموکراسی ڕادیکاڵ، گوتمان خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک. ئەمە هەموویان کەم یان زۆر تێگەن.
بەو کەسانەی پرسیاری "کۆمەڵگای دیموکراتی چییە؟" دەکەن دەڵێین: کۆمەڵگەی دیموکراتیک مانای کۆمەڵگەی ڕێکخراو؛ ڕێکخرابوونی هەموو کۆمەڵگە مانای دیموکراتیکبوونی کۆمەڵگەیە. لەسەر ئەم بنەمایە دیموکراتیکبوون پێش دەکەوێت. لەم چوارچێوەیەدا ناسنامە جیاوازەکان و بەشە جیاوازەکان لەسەر بنەمای دیموکراتک نزیکی یەک دەبنەوە. گەلانی تورکیا و گەلی کوردیش لەسەر بنەمای دیموکراتیک نزیک ئەبنەوە لە یەکتر. کۆمەڵگەی دیموکراتیک نزیکبوونەوەیەکی ئازادی هەموو بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگایە لە بەرانبەر یەکتر.
دیموکراسیی ڕادیکاڵیش ڕێکخرابوونێکی دیموکراتیکییە خۆی دەسپێرێتە کۆمەڵگەی ڕێکخستنی، سیستەمێکی دیموکراتیکیە. کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکیش بەهەمان شێوەیە. بە شێوەی دەوڵەت نییە؛ سیستەمێکی کۆمەڵگەیی-سیاسییە کە خۆی دەسپێرێتە ڕێکخرابوونی کۆمەڵگە. کۆمەڵگە بەبێ چاوەڕوانی دەوڵەت، سیستەمی خۆی دەئافرێنێت. بێگومان دەوڵەتیش تا ڕادەیەک بە هەستیارییەوە مامەڵە دەکات. ڕوانگەیەکی بەم شێوەیەمان هەیە.
بۆ چارەسەری پرسی کورد چیمان دەوێت دیارە. گەلی کورد خاوەن داخوازی بنەڕەتیی دیموکراتیکە؛ مافەکانیان کە ناتوانرێت گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، پەروەردە بە زمانی دایک مافێکە کە ناتوانرێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت، خۆبەڕێوەبەری مافێکە کە ناتوانرێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت و خاوەن ناسنامەیە. بۆ ئەوەی ئەمە بە دی بێت ڕێ و ڕێبازمان دیارە. لە پرۆسەی نوێی تێکۆشاندا دەتوانین باسی ئەمە بکەین.
بەڵام دەڵێین "دیموکراتیکبوون"، ڕێبەرێتی دەڵێت "گۆڕانکاری دیموکراتیک و کۆمەڵگای دیموکراتیک"، بەڵام کاتێک هیچ هەنگاوێک نانرێت گەلەکەمان دەڵێن "ئەم گۆڕانکارییە دیموکراتییک بە دی دێنێت، ئایا ئەمە کۆمەڵگەی دیموکراتیک بونیات دەنێت؟" و گومانیان لا دروست دەبێت. ئەم گومانانە بنەڕەتی نین. واتا لایەنی تر پرۆسەی تێکۆشانی دیموکراتیک قبوڵ ناکەن و نایانەوێت تێکۆشان لە چوارچێوەیەکی دیموکراتیکدا بەڕێوەبچێت. بۆیە گومانەکانی گەل و دۆستان کە لە سەرەتاوە هەبوو، بەردەوامە و کەس ناتوانێت بڵێت ئەم گومانانە لە جێی خۆیدا نییە.
لە لایەکی ترەوە، دەڵێین. دەمانەوێت لەگەڵ ڕێبەرێتی پرۆسەیەکی لەم جۆرە بەڕێوەببەین؛ دەمانەوێت ئەو بانگەوازەی ڕێبەرێتی کردویەتی جێبەجێ بکەین، بۆ ئەوەی کۆنگرە ببەستن و بەپێی ئەم بانگەوازە مامەڵە بکەین. لەم بابەتەدا باوەڕمان بەخۆمانە. هیچ دوودڵییەکمان نییە. باوەڕمان بە خۆمانە. لە قۆناغی نوێی تێکۆشاندا، تێکۆشانێکی مەزنتر و کاریگەرتر بەڕێوەدەبەین. تێکۆشانی دیموکراسی کۆمەڵگە فراوانتر دەکەین. لەو باوەڕەداین گەلی کورد و هێزە دیموکراسیەکان لە تورکیا کاتێک مەرجەکانی ئەم بانگەوازە جێبەجێ دەکرێن پێشهاتی بەهێز بەبێ گرژی ئەزموون بکەن.
هێزێک تەحمولی لە بەرانبەر ئۆپۆزسیۆن نەبێت، چۆن دەتوانێت پرسی کورد چارەسەر بکات؟
لە ڕاستیدا، ناڵێین "فشار لە دژی ئۆپۆزسیۆن"؛ لە دژی بەهای دیموکراتیکەکان، پێوانە دیموکراتیکەکان و عەقڵیەتی دیموکراتیک هێرش هەیە. پێویستە بەم شێوەیە سەیری ڕووداوەکانی ئەستەنبوڵ بکەین. نابێت لێرەدا بڵێین جەهەپە. بۆچی؟ چونکە زیاتر لە هەموو کەس، کوردەکان ئەم ڕاستیەیان ئەزموون کردووە. زیاتر لە ١٥٠ شارەوانی بە شێوازێکی نایاسایی دەستی بەسەردا گیرا و لە شوێنی ئەوان قەیوم دانرا. کوردەکان باش دەزانن کە هیچ هۆکارێکی ڕاستەقینە نییە بۆ هیچ یەکێک لەمانە، هەموویان درۆ و دۆزی ساختەن. لە هەموویاندا وتیان "سەرچاوەکانی دەوڵەت دەگوازنەوە بۆ ڕێکخراوەکە". بەڵام ئایا بەڕاستی وایە؟ نەخێر، هەمووی بێ بنەما بوو. واتا هەمووی درۆیە. بۆیە کوردەکان باش بەم بارودۆخە دەزانن. ئێستاش هەوڵ دەدرێت هەمان ڕێکارەکان لە بەرانبەر جەهەپەش جێبەجێ بکرێت.
لە ڕاستیدا ئەمە بە تەواوی دروستکراوە، پاساوی ناڕاستن. بۆ ئەوەی دەستبەسەر شارەوانییەکاندا بگرن پاساو دەهێننەوە. لەوانەیە هۆکارەکان جیاواز بن، بەڵام بە کورتی هەمان لۆژیکە: نایانەوێت شارەوانییەکان ئۆپۆزسیۆن بەڕێوەی ببات.
هەرچەندە سات بە سات لەگەڵ بەڕێوەبەرانی شارەوانی یان پارتە نزیکەکانی ئاکەپە ڕێکەوتن دەکرێت "ڕێکەوتنی شارەکان" وەک پاساوێک نیشان دەدەن. ئێستا ئۆپۆزسیۆن بە ئامانج دەگیرێت. ئەوەی لە ئەکرەم ئیمامۆغلۆ و ئەوانی تر کراوە، بە تەواوی نادیموکراتیک و نایاسایییە، بۆ سەرکوتکردن و توانەوەی ئۆپۆزسیۆن دادگا وەک چەکێک بەکاردەهێنن.
دیموکراسی مانای تەحمولکردنە لە بەرانبەر ئۆپۆزسیۆن. تەحمولکردنی بۆچوونی جیاواز، قبوڵکردنی ڕۆڵییانە لە تێکۆشانی دیموکراتیکدا، بەڵام دادگا وەک چەکێک بەکاردەهێنن. کورد زۆر باش ئەمە دەزانێت. چونکە هەڵوێستی کوردان لە بەرانبەر ڕووداوەکانی ئەستەنبوڵ کە ڕوودەدات، دیارە. ئەم کردارانە نادادپەروەرانە و دژە دیموکراتیکن. بە چەکی دادگا ئەنجام دەدرێن. ئەکرەم ئیمام ئوغلۆش زیندانی کرا. کێ باوەڕی دەکات؟ چ کوردێک باوەڕ دەکات؟ لە تورکیا نازانم کەسێک هەیە باوەڕی بکات یان نا نازانم، بەڵام هیچ کوردێک لە کوردستان باوەڕ ناکات. دەکرێت تەنها لایەنگرانی ئاکەپە باوەڕ بکەن.
ئەم ڕووداوە زۆر گرنگە. تەنگکردنی گۆڕەپانی دیموکراسی، بەکارهێنانی دادگا وەک چەک، سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن... لایەنێک کە بەم شێوەیە نزیک بێتەوە، چۆن دەتوانێت پرسەکانی تورکیا چارەسەر بکات و هەنگاو بۆ دیموکراتیکبوون بنێت؟ بەتایبەتی هەتاوەکو دیموکراتیکبوون نەبێت، پرسی کورد چارەسەر نابێت. بۆیە ئەم کردارانە بە تەواوی دژە دیموکراتیکن. بەکارهێنانی دادگایە و بە تەواوی بێ بنەمایە. تێکۆشانی گەل و گەنجان لە دژی ئەمە، تێکۆشانێکی مافدار و دیموکراتیکە.
لەم بابەتەدا هەڵوێستی كورد زۆر ڕوونە. هەمووكەسێک دەزانێت ئەمە هەڵەیە و تێكۆشان مافدارە. لەم لایەنەوە ئەم پراكتیكەی لە ئەستەنبوڵ ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەیە پرۆسەیەكەی ڕێبەرێتی و ئێمە تێک بدەن کە دەمانەوێت پێشى بخەین. سەربەخۆیی پێبدرێت. ئەمە گومان زیاد دەكات. ئۆپۆزسیۆن بە ڕاستى دەپرسن، "ئەوان چۆن پرسی كورد چارەسەر دەكەن؟" و هیچ كەسێك ناتوانێت بڵێت نادادپەروەران.
پێکەوەژیان لەگەڵ هاوپەیمانی شارەکاندا بەدی دێت
حکومەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە، "هاوپەیمانی شار"ی خستۆتە ناوەندی فشارەکانی بۆ سەر ئۆپۆزسیۆن. لەلایەک باس لە "خوشک و برایەتی کورد و تورک دەکەن، لەلایەکی دیکەشەوە هاوپەیمانی شارەکان بە هاوکاری تیرۆر بەناو دەکەن، کە دەکرێت نموونەیەکی کردەیی دژی خوشک و برایەتی کورد و تورک بێت. ئایا ئەمە ناکۆکی لەناو خۆیدا دروست ناکات؟
لە ڕاستیدا هەم دژایەتییە و هەم نییە. چونکە تا ٤-٥مانگ لەمەوبەر گوتارێکی لەو شێوەیە لەبارەی "خوشک و برایەتی لەگەڵ کورد نەبوو. تەنانەت هەر کوردێکی ئاساییش بە "خائین" دادەنرا. شتێک بە ناوی دیموکراسی لە ئارادا نەبوو. ئێستا کە ڕەوتێکی نوێ هاتۆتە ئاراوە، وا دیارە کەمێک باسی خوشک و برایەتی مێژوویی لەگەڵ کورد دەکەن، بەڵام کاتێک باسی هاوپەیمانی شارەکان دێتە پێشەوە، بە تیرۆرەوە نیسبەتی دەدەن. واتە هەر لایەنێک سوودی بۆیان هەبێت... دەردەکەوێت کە ئەو هەڵوێستەی پێشوو هێشتا هەر بەردەوامە و دەستبەرداریی نەبوون.
هاوپەیمانی شارەکان، کەواتە چی؟ لەگەڵ جەهەپە لەسەر ئاستی حیزب گەیشتوونەتە ڕێکەوتن و هاوپەیمانی؛ دەکرێت. جەهەپە دەیکات، ئاکەپەش دەیکات. ئەمە لایەنێکی یاساییە. بەڵام بۆ کورد دەڵێن: "نا، ناکرێ، ئەوە تیرۆرە!" عەقڵیەتێکی دیموکراتیک بوونی نییە. هەموو شتێکی کورد وەک "دوژمن، تیرۆریست" دەبینن. لە ڕاستیدا هەندێک بە ئاشکرا دان بەم ڕاستییەدا دەنێن.
بۆ نموونە سلێمان سۆیلو باس لە "رێککەوتن لەگەڵ حیزبوڵا (HÜDA PAR)" و هتد دەکات و بەرگری لە شتی جۆراوجۆر دەکات. واقیعی خۆی ئاشکرا کرد. لێرەشدا دیسانەوە فێڵبازانە مامەڵە دەکات. بە بۆچوونی ئەوان سەیرە لە ئەستەنبوڵ و ئیزمیر کورد، کە زۆرینە نییە، دەتوانێت لە بەڕێوەبەریدا بێت، بەڵام لەو شوێنانەی کە زۆرینەیە، ئێمە قەیوم لەشوێنی دادەنێین. بەتەواوی دوژمنایەتی کورد دەکەن.
واتە عەقڵیەتیش هەر هەمانە: "کوردێک کە بە ناسنامەی خۆیەوە بژی و بەرەنگاری دەبێتەوە، قەد ناتوانێت لایەنگری حیزبێکی تورکی بێت. ڕێککەوتن تەنها لەگەڵ کوردێک دەکرێت کە ناسنامەی خۆی ڕەتکردبێتەوە و تەسلیم بێت. ئەمەیە کە ئەوان دەیانەوێت. ئۆزگور ئۆزەل وەڵامی ئەم قسەیەی دایەوە و وتی: "من پشتگیری هاوپەیمانی شارەکان دەکەم". بەڵێ ئەمە شتێکە کە پێویستە پشتگیری بکرێت. چونکە پەیوەندی کورد و تورک چۆن دادەمەزرێت و بەشداری چۆن دەبێت و پێکەوە ژیان چۆن دەبێت؟ بەم شێوەیە دەبێت.
گەنجان بە میراتی تێکۆشان و بەرخۆدانەوە سەرهەڵدەدەن
لە تورکیە بەتایبەت لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە فشارێکی یەکجار زۆری دەست پێکردووە. وەک دیکتاتۆرییەکی فاشیستی ڕەفتار دەکات. نەیهێشتووە کەس هەناسە بدات. تا ئێستا هیچ بایەخێکی بە گەنجان نەداوە. ئەو فشارەی لەسەر کورد هەیە باوەڕ پێنەکراوە. هەزاران کورد لە زیندان و لەژێر ئەشکەنجەدان. بەهەزاران گوند سووتاون و وێران کراون. پێشتریش ڕوویداوە، بەڵام لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا دڕندەیی بێ وێنەیان ئەنجامداوە.
هەندێک جار باس لەوە دەکرێت کە ئایا پرۆسەی ئاشتی مومکینە یان نا، چەند سەرباز و پۆلیس کوژراون، چۆن دەبێت و هتد.. ئێوە چی دەڵێن؟ کوردیش زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. ئەشکەنجەدان، زیندانیکردن، کەمئەندامبوون، کوشتنی ڕۆڵەکانیان، هەموو ئەمانەیان ئەزموون کردووە. شەڕ ئەمەیە. کێشەکە لەوەدایە کە لەم پڕۆسەیەدا فشارێکی زۆر قورس کراوە، لەوانەش فشارێکی قورس بەسەر کورددا هاتووە. کۆمەڵگای تورکیاش لەژێر فشاردایە. دەڵێن ٤ ترلیۆن دۆلاریان بۆ شەڕ خەرج کردووە و هەژاری پەرەی سەندووە. هەروەها گەنجان نەیانتوانیوە ئاسوودە بن. گەنجان، بە سروشتی خۆیان، دەیانەوێت خۆیان دەرببڕن و بەدوای داهێناندا بگەڕێن. ئەم حکومەتە خنکاندوویانی.
هەر بۆیە گەنجان کاردانەوەیان نیشاندا. لە لایەکی دیکەوە لە مێژووی تورکیادا گەنجان ڕۆڵێکی گرنگیان لە تێکۆشاندا بینیوە. لە نەوەی ١٩٦٨دا خەباتێکی یەکجار گەورە هەبوو، لە ساڵانی ١٩٧٠هەمان شت بووە. تێچووی قورس درا. لە ساڵانی ١٩٩٠تا ڕادەیەک زیندوو بوونەوە. ئەمە لە ڕاستیدا میراتێکە. دەڵێن نەوەی ز، بەڵام ئێمە باسی کۆمەڵگایەکی گەنج دەکەین. هەروەها کۆمەڵگا میرات و کۆدەکانی بەرخۆدانی خۆی بۆ گەنجان دەگوازێتەوە. ئەمە تەنها کێشەی سەردەمی ئێستای تەکنەلۆژیا و پەیوەندییەکان نییە. بەڵکوو میراتێکی مێژوویی وا هەیە.
هەر بۆیە گەنجان سەرهەڵدان دەکەن. ساڵانی ١٩٧٠م لەبیرە؛ بەگشتی هیچ گەنجێکی نەما نەبێتە سیاسی. فاشیست هەبوو، ئیسلامی هەبوو، سۆسیالیست هەبوو، بەڵام بزووتنەوەیەکی زۆر فراوانی گەنجانیش هەبوو. گەنجان هەمیشە هەیمەنەی گۆڕانکارین. بەو تێکۆشانەی کە دەستی پێدەکەن، یەکەم کەسن کە دۆخی ئێستا ڕەتدەکەنەوە. هەروەها ڕۆحیەتی گەنجان ڕۆڵی هەبووە لە ڕوانگەی ڕادیکاڵتری ئۆزگور ئۆزەل و جەهەپەدا.
دادگای گەلانی ڕۆژئاوا کاریگەری لەسەر ڕای گشتی دەبێت
دادگای ڕۆژئاوا گرنگ بوو، بە تایبەت لەم قۆناغەدا زۆر گرنگ بوو. هەوڵەکانی گروپی جۆکانی و هەتەشە بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات هەیە و زۆربەی هەوڵی دژە دیموکراسییە... دیموکراسی بەوان نایەتەدی. تا ئێستا ڕوون نییە سوریا بەرەو کوێ دەڕوات. لە پڕۆسەیەکی وادا دادگایی کردنی ئەو تاوانانەی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوا ئەنجامی داوە و هەڵسەنگاندنی ڕەوشی سوریا بە گشتی زۆر گرنگە. پێویستە لە ڕۆژەڤدا بێت. دەبێت بەجدی وەربگیرێت. کاریگەری لەسەر ڕای گشتی دەبێت. باوەڕم بەمەیە.
کۆنفرانسی کوردانیش زۆر گرنگ بوو. ئەنجامدانی، بە تایبەت دوای بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ، زۆر گرنگ بوو. خەریکە بڵێین کۆنفرانسەکە لە چوارچێوەی بانگەوازەکەی ڕێبەرێتی ئەنجامدراوە. لە گفتوگۆکاندا داواکاری ڕوون هەبوو؛ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، هەنگاونانی دەوڵەتی تورک، دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆر... بەشداربووان پشتیوانی خۆیان دەربڕی. ئەوەش بووە پشتیوانی بۆ گەلی کورد لە نەورۆز، پشتگیری بوو بۆ کۆمەڵگەی تورکیا و لایەنەکان لە ئەوروپا. ئەمە گرنگە. سڵاو لەو کەسانە دەکەین کۆنفرانسەکەیان ڕێکخست و ئەوانەی تێیدا بەشداربوون. باوەڕمان وایە، هەوڵەکانیان دەگاتە ئامانج.
ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ، ڕۆژبوونی گەلی کوردە
ئەم ڕاستییە ئاشکرایە؛ بە هەڵسەنگاندنی بابەتی دەبینرێت، لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ لەدایکبوونی گەلی کوردە. ئەمە زۆر گرنگە. ئێمە دەتوانین بە هەڵسەنگاندنی ئەنجامی تێکۆشانی ٥٠ ساڵە، لە ڕاستی ڕێبەر ئاپۆ بۆ کۆمەڵگەی کورد، تێبگەین. بۆیە گەلی کورد بە لە دایکبوونی خۆی دەزانێت. وەک ژیانەوەی ئازادی و بەرخۆدان و ناسنامە و کەلتوور و هەبوونی خۆی دەبینێت.
بۆیە دەبێت خاوەنداری لە ڕێبەرێتی بکرێت. پێویستە ڕۆژبوونی ڕێبەرێتی وەک ڕۆژبوونی تێکۆشان ببینرێت، وەک ڕۆژی دەرکەوتنی ئەم بەهایانە، ڕۆژی چاندنی تۆوی تێکۆشان و بەهاکان، ببینرێت. پێویستە واتایەکی وەها بە ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ بدرێت. بەشداری گەل زۆر گرنگە. ئاهەنگەکەی ئامارا زۆر گرنگە.
هەروەها دەبێت لە ڕۆژبوونی ڕێبەرێتییدا، هەزاران، سەدان هەزار نەمام لە هەموو شوێنێک بچێنرێت. پێویستە واتایەکی وەها بەم ڕۆژە بدرێت. بۆتە نەریتێک، بەڵام پێویستە هێندەی تر بەهێزتر و کاریگەرتر بێت. ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ پیرۆزدەکەم. ڕۆژبوونی ڕێبەرێتی ڕۆژبوونی هەموومانە. لەم ڕۆژبوونەدا بڕوام وایە کە گەلەکەمان لە چوار پارچەی کوردستان ئەم ڕۆژە وەک پێویستییەک بۆ پیشاندانی دڵسۆزی خۆیان بۆ ڕێبەرێتی، بەشێوەیەکی شایستە پیرۆز دەکەن.
بەم بۆنەیەوە، ٤ ی نیسان، ڕۆژبوونی خۆمان و گەلی کورد و هەمووان، پیرۆز دەکەم.