لە مەراسیمێکی ماتەمینی لە کەرکوک یادی شەهیدانی کوردی فەیلی کرایەوە
لە چوارچێوەی یادکردنەوەی رۆژی شەهیدانی کوردانی فەیلیدا، لە شاری کەرکوک لە مەڕاسیمێکی ماتەمینیدا ٤٥هەمین ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی فەیلی کرایەوە .
لە چوارچێوەی یادکردنەوەی رۆژی شەهیدانی کوردانی فەیلیدا، لە شاری کەرکوک لە مەڕاسیمێکی ماتەمینیدا ٤٥هەمین ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی فەیلی کرایەوە .
لە ساڵی ۱۹۲٤ یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی جەختی لە دابەشکردنی گەلی عێراقی کردەوە بۆ سێ بەش لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە، لەبەر ئەوەی کوردە فەیلیەکان رێبازی شیعە بوون، بە ڕەچەڵەک ئێرانی ناونووس کران، بۆیە ھەمیشە کەوتوونەتە بەر ھێرشی دەسەڵاتدارانی عێراق، لە دوای ھاتنی ڕژێمی بەعس بۆ سەر دەسەڵات و دەستبەسەرداگرتنی، لە ساڵی ۱۹٦۸ـەوە کوردە فەیلیەکان ڕووبەڕوی شاڵاوی توندی ڕاگواستن و جینۆساید بوونەوە، لە سەرەتای ساڵانی (۱۹۷۰) ڕژێمی بەعسی پێشوو نزیکەی چل ھەزار کوردی فەیلی ڕاگوێزی ئێران کرد، بە بیانووی ئەوەی کە ڕەچەڵەکیان ئێرانییە، لە درێژایی ئەم سیاستە بەرامبەر بە کوردە فەیلیەکان، لەساڵی ۱۹۸۰ بەپێی بڕیاری ٦٦٦ مافی ھاوڵاتی بوونیان لێسەندرایەوە، پاشان دەست گیرا بەسەر ماڵ و سامانەکەیانیان، ھێرشی زۆر توند و دڕندانە دەکرایە سەر کوردە فەیلیەکان، بە زەوتکردنی ژنان و کوشتنی پیاو و منداڵەکان.
بەپێی ئامارەکانی خاچی سوور و مانگی سووری نێودەوڵەتی، ٤۰۰ هەزار ھاوڵاتیی فەیلی بوونەتە قوربانیی ڕژێمی پێشووی عێراق، بە کوژران و ڕاگواستنەوە، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، لە ساڵی ٢٠٠٦ یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی، بڕیاری (٦٦٦)ی ساڵی ۱۹۸۰ی پووچەڵ کردەوە، لەم چوارچێوەیەدا بەشێک لە کوردە فەیلیەکان توانییان بەشێک لە مافەکانیان بەدەست بھێننەوە.
لە پارکی "مەیدانی فڕۆکەوانی" لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بەبۆنەی ٤٥هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی کوردانی فەیلی کە ناسراوە بە "رۆژی شەهیدانی کوردی فەیلی" لە مەڕاسیمێکی ماتەمیندا، بە ئامادەبووانی کەسایەتیی پێکهاتە و بیروباوەرە جیاوازەکانی کەرکوک و لایەنە سیاسیەکانی شاری کەرکوک، ئەو یادە بەرزڕاگیرا.
جێگای باسە، لە سەرەتای مەراسیمەکەدا قورئان بۆ روحی شەهیدان خوێندرایەوە، دواتر هەمووان بۆ یادی پاکی شەهیدانی کوردانی فەیلی و تەواوی شەهیدانی کوردستان خولەکێک بێدەنگیان بەڕێوە برد.
'ڕووبەڕووی جینۆساید و ڕاگواستن بووینەتەوە'
زینە عەلی کە ژنێکی کوردی فەیلییە دوای ئەوەی کە کەسوکاری لەلایەن رژێمی پێشووی بەعسەوە لە عێراق دەرکران لە ئاوارەیی لە ئێران لە دایکبووە، زینە ئیستا مامۆستایە لە قوتابخانەیەکی تایبەت بە کوردانی فەیلی لە شاری هەولێر، ناوبراو لە مەڕاسیمی ماتەمینیەکەدا وەکو خاوەن شەهید بەشداربوو، سەبارەت بەو کارەساتەی کە بەسەر کوردانی فەیلی و خۆی و بنەماڵەکەی هات بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا و ئاشکرای کرد: "بنەماڵەکەم یەکێکە لە دەیان هەزار بنەماڵەی کوردی فەیلی کە ڕووبەڕووی جینۆساید و ڕاگواستن بوونەوە، و خۆم لە ساڵی ١٩٨٤ لە ئاوارەیی لە ووڵاتی ئێران لەدایکبوومە، بەداخەوە تاوەکو ئیستا سادەترین مافی کوردانی فەیلی لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە کە ناسنامەیە نەگەڕاوەتەوە، هەمیشە هەوڵدراوە ناسنامەی ڕاستەقینەی کوردانی فەیلی بگۆڕدرێت".
'جینۆسایدی سەر کوردانی فەیلی تائیستا بەردەوامە'
زینەی عەلی درێژەی بە قسەکانیدا و زیاتر باسی نەهامەتی و ئازارەکانی کوردانی فەیلی کرد و گووتی: "هەمووان دەلێن کوردانی فەیلی یەکجار جینۆسایدکران بەڵام جینۆسایدی سەر ئێمە تاوەکو ئیستا بەردەوامی هەیە، تاوەکو ئیستا ئاوارەین و لە سادەترین مافەکانمان بێبەشین، بەشێکی زۆری بنەماڵەکەم لە ئێران بەخاکسپێردران یەکێک لەوانە دایکمە کە لە غوربەت لەژێر خاکە و ئاواتی بوو رۆژێک لە رۆژان لە خاکی نشتیمانەکەی خۆمان بەخاکپسپێردرێت".
'گەورەترین شاڵاو ئەنجام درا بۆ سڕێنەوەی کوردانی فەیلی'
لەلای خۆیەوە ئیبراهیم مەجید ڕەمەزان، یەکێک لە بەرپرسانی ڕێکخراوی کوردانی فەیلی، سەبارەت بە رۆژی شەهیدانی کوردی فەیلی بەم شێوەیە دوا: "چونکە لە رۆژی ٤ی نیسانی ساڵی ١٩٨٠ گەورەترین پرۆسەی جینۆساید بۆسەر کوردانی فەیلی ئەنجامدرا، لەو کارەساتەدا رژێمی پێشووی بەعس لە عێراق دەستی کرد بە کۆمەڵکوژی، ڕاگواستن، دەستبەسەرگرتنی موڵک و ماڵ و لێسەندنەوەی ناسنامە لە کوردانی فەیلی، دادگای تاوانەکانی عێراق دانی بەوەناوە کە ئەو شاڵاوەی ئەنجامدرا بۆ سڕێنەوەی کوردانی فەیلی جینۆسایدە".
'کوردی فەیلی هەمیشە دڵسۆزە بەرامبەر ناسنامەی نەتەوەیی خۆی'
هەروەها لە کۆتایی قسەکانیدا، ئیبراهیم مەجید، ووتیشی: "تاوەکو ئیستا چارەنووس و ڕووفاتی ٢٣هەزار گەنجی کوردی فەیلی بێ سەروشوێنن، هەروەها تاوەکو ئیستا موڵک و ماڵ و ناسنامە بۆ کوردانی فەیلی نەگەڕاوەتەوە، پێویستە حکومەتی عێراقی شوێنی ڕووفاتی شەهیدانمان ئاشکرا بکات و قەرەبووی بنەماڵەی شەهیدەکان بکاتەوە، ئێمەی کوردانی فەیلی هەمیشە دلسۆز بووینە بۆ ناسنامەی نەتەوەیی و مەزهەبی و کلتوری خۆمان و هیچ کات سازش لەسەر نەتەوە و مەزهەبی خۆمان ناکەین".