تولای حاتەم ئۆغۆللاری: دەبێت دەستبەجێ هەلومەرجی گونجاو بۆ عەبدوڵا ئۆجالان بڕەخسێنرێت
هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری گوتی: "لە ئیمراڵی گۆشەگیری بەردەوامە. چی دەبێت با ببێت، پێویستە دەستبەجێ هەلومەرجی کار و ژیانی ئازاد بڕەخسێنرێت".
هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری گوتی: "لە ئیمراڵی گۆشەگیری بەردەوامە. چی دەبێت با ببێت، پێویستە دەستبەجێ هەلومەرجی کار و ژیانی ئازاد بڕەخسێنرێت".
دەم پارتی لە ناوەندی گشتی لەگەڵ هاوسەرۆکی شارەکان کۆبووەوە، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری پێش کۆبوونەوەکە دەربارەی پێشهاتەکان قسەی کرد.
تولای حاتەم ئۆغۆللاری گوتی: "هەم لە ٨ ی ئادار و هەم لە ئامارا، داوای هاوبەشی گەلان، ئازادی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بوو. پەیامی بەهێز درا بۆ ڕاستکردنەوەی هەلومەرجی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان. ملیۆنان کەس ڕژانە گۆڕەپانەکنی نەورۆز بانگەوازیان لە دەوڵەت کرد وەڵامی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بداتەوە و هەنگاو بنێت. پێکەوە گوتمان پشتگیری لە بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجالان دەکەین. بەڵام هێشتا دەسەڵات هەنگاوی ڕوونی نەهاویشتووە. لە ناوخۆ و دەرەوە، خاوەنداری لە بانگەوازەکە کرا و داواکرا دەوڵەت هەنگاوی پێویست بنێت".
تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند ئاڵۆزییەکانی جیهان تادێت زیاتر دەبن و کاریگەری ڕاستەوخۆ لە تورکیا دەکەن، ئەگەر شەڕ لە سەرانسەری جیهان زیاتر دەبێت. تیشکی خستەسەر گۆڕانکارییەکان لە سوریا و بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر گەل و باوەڕە جیاوازەکان، گوتی: " لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا لەگەڵ بنیاتنانی سوریایەکی دیموکراتیکین. ئەگەر ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییەی کە لەلایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پەرەی پێدراوە، لە سەرتاسەری سوریا جێبەجێ بکرێت، ئەوا چارەسەری بەردەوام لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر تورکیا دەبێت".
ئاماژەی بەوە کرد لەکاتێکدا تورکیا لەنێو پشێوییەکی مەزندایە، ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازی کرد بەڵام هێشتا دەوڵەت لەم هەنگاوە تێنەگەیشتووە و وەڵامی بەهێزی نەداوەتەوە، لەبری هەنگاوی دیموکراتیک و باشکردنی ڕەوشی ئیمراڵی، ئۆپەراسیۆنی دژی شارەوانی ئیستەنبوڵ ئەنجامدا، گوتی: "وەک دەم پارتی هەنگاوی دژە دیموکراتیک قبووڵ ناکەین. ئەم نزیکایەتییە وەک تێکدانێک دژی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەبینین. سیاسەت و دادگا و یاسا و دادپەروەری لە ژێر داروپەردوودایە. دەبێت ڕزگاری بکەین".
تولای حاتەم ئۆغۆللاری ئاماژەی بەوە کرد، گۆشەگیری ئیمراڵی بەردەوامە، گوتی: " چی دەبێت با ببێت، پێویستە دەستبەجێ هەلومەرجی کار و ژیانی ئازاد بڕەخسێنرێت. لەکاتێکدا پرۆسەکە ناوبنێن بە 'گفتوگۆ' و هاوکات پرۆسەیەکی بێ دیالۆگ بەڕێوەببەن، ئەمە نابێت. پرۆسەی گفتوگۆ بەبێ گفتوگۆ نابێت. بەهیواین دەوڵەت و دەسەڵات بەباشی هەڵسەنگاندن بۆ ئەمە بکات. ئێمە دەبینین کاتێک ئەم پێشهاتانە ڕوودەدەن، بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان بۆ ئاشتی ناوخۆیی چەند گرنگە. ئەم بانگەوازە نەوەک تەنها بۆ گەلی کورد، بۆ ٨٥ ملیۆن هاوڵاتیە".