دەبەپە: پێویستە دەسەڵات هەنگاوی ڕوون بنێت
لە ئەنجامنامەی هاوسەرۆکی شار و ئەنجوومەنەکانی پارتی دەبەپە، داوا لە دەسەڵات کرا ئیتر هەنگاوی ڕوون بنێت.
لە ئەنجامنامەی هاوسەرۆکی شار و ئەنجوومەنەکانی پارتی دەبەپە، داوا لە دەسەڵات کرا ئیتر هەنگاوی ڕوون بنێت.
پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی هاوسەرۆکی شارەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارتەکەی لە ئامەد بڵاوکردەوە. لە ئەنجامنامەکەدا باس لەوە کراوە، پاش بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" بە سەرۆکایەتی هاوسەرۆکانی گشتی دەبەپە چیدەم کلیچگون ئوچار و کەسکین بایندەر و بەشداری ئەندامانی ئەنجوومەنی پارتە و هاوسەرۆکانی شارەکان، کۆبوونەوە ئەنجامدراوە، تێیدا هەڵسەنگاندنی بەرفراوان بۆ بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ کراوە.
لە ئەنجامنامەکەدا هاتووە: "بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان نەوەک هەر بۆ گەلی کورد، بۆ هەموو گەلان و پرۆسەی دیموکراتیکبوونی تورکیا واتایەکی مێژوویی هەیە. ئەم بانگەوازە گوزارشتە لە ئیرادەیەکی بەهێز بۆ کردنەوەی ڕێگەی ئاشتی و ئازادی و یەکسانی. وەک دەبەپە بۆ خاوەنداری لە بانگەوازەکە، بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوانە بگۆڕین بۆ پرۆسەیەک و دەسکەوتەکانی گەلانمان بپارێزین، بە هەموو هێزمانەوە تێکۆشان مەزن دەکەین".
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، خاوەنداری لە ئیرادەی چارەسەری ڕێبەر ئاپۆ بەرپرسیارێتییەکی سیاسی و مێژووییە لەپێناو ئایندەی گەلان، دەڵێت: "ئیرادەی وی بۆ چارەسەر، بۆ ئازادی و یەکسانی گەلان دەرفەتێکە و ڕێگە نادەین ئەم دەرفەتە لەدەست بچێت. دەسکەوتەکانی گەلی کورد لە سەردەمی نوێدا دەپارێزرێن و زیاتر بەرەوپێش دەبرێن".
هەروەها جەختکراوەتەوە کە گرنگە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بە کۆمەڵایەتی بکرێت چونکە گوزراشتە لە خواستی هاوبەشی گەلان، بۆیە خاوەنداری گەلان لە پرۆسەکە ڕۆڵی مەزن دەگێڕێت لە بەرقەراربوونی ئاشتییەکی درێژخایەن.
هەروەها دووپاتکراوەتەوە بۆ ئەم مەبەستە لە ڕۆژانی ئایندە لە زیاتر لە ١٠٠ شار لەگەڵ گەلدا کۆدەبنەوە، بەتایبەت لە چالاکییەکانی ٨ ی ئادار و نەورۆز، خاوەنداری بەهێز لە ئیرادەی چارەسەر دەکەن.
هەروەها لە ئەنجامنامەکەدا هاتووە: "ئازادیی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە زۆر گرنگە. تاوەکو بتوانێت بەشێوەیەکی ئازاد بۆچوونەکانی بخاتەڕوو، دەبێت بەشێوەی جەستەیی ئازاد ببێت".
هەروەها جەختکراوەتەوە دەبێت لەم ڕووەوە دەوڵەت و دەسەڵات هەنگاوی ڕوون بنێن و زەمینەی کاری پەرلەمانی کاریگەرتر بکرێت کە ڕێبەر ئاپۆش تیشکی دەخاتەسەر، وە دەبێت ئۆپۆزیسیۆن و ڕێکخراوەکان بەرپرسیارێتی بە تەواوی کۆمەڵگە بدەن.
لەکۆتاییدا دەبەپە جەخت دەکاتەوە خاوەنداری لە بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن، بۆ سەرکەوتنی ئیرادەی چارەسەر و بەدیهێنانی خواستی گەل و بەرقەراربوونی ئاشتی، درێژە بە تێکۆشان دەدەن، دەڵێت: "بۆ ئەوەی ئەم بانگەوازەی بەڕێز ئۆجالان زیاتر بەکۆمەڵایەتی بێت و بگۆڕێت بۆ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، هەرچی بکەوێتە ئەستۆمان ئەنجامی دەدەین، بۆ بەهێزبوونی هەنگاوەکانی ئاشتی و چارەسەر خەبات دەکەین".