"ئەگەر گۆشەگیری پشتگوێ بخرێت، ئاستی چالاکییەکانمان بەرزتر دەبێت"

هاجەرە چای بە داوای "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان" دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە، گوتی: "پێویستە ئاستەنگەکانی بەردەم ئازادی جەستەیی ڕێبەرێتی هەڵبگیرێت. ئەگەر گۆشەگیری ئیمراڵی پشتگوێ بخرێت، ئاستی چالاکییەکانمان مەزنتر دەبێت".

چالاکیی مانگرتن لە خواردنی بەنۆرەی زیندانییەکانی تورکیا و کوردستان بە درووشمی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەر بۆ پرسی کورد" لە ١٠٦ زیندان ١٥ ڕۆژە بەردەوامە. لەم چوارچێوەیەدا، هاجەرە چای لە زیندانی ژنانی تاراسۆس، لەڕێگەی بنەماڵەکەیەوە دەربارەی چالاکییەکەی پەیامێکی بڵاوکردەوە.

چای لە پەیامەکەدا دەڵێت: " نزیکەی ٣ ساڵە هیچ زانیارییەک دەرباەری ڕێبەرێتی وەرنەگیراوە. ئەو گۆشەگیرییەی لە ئیمراڵی بەردەوامە، گۆشەگیرییەکی نامرۆڤانەیە. نایاساییە و دژی یاسا نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکانە. بەرامبەر ئەم نادادپەروەرییە، دەستمان بە مانگرتن لە خواردنی بەنۆرە کردووە. داوا لە هەموو ڕێکخراوە نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکان دەکەین؛ گۆشەگیریی توندی ئیمراڵی و ئاستەنگەکانی بەردەم ئازادی جەستەیی ڕێبەرێتی لاببرێت. ئەگەر گۆشەگیری ئیمراڵی پشتگوێ بخرێت، ئاستی چالاکییەکانمان بەرز دەبێتەوە. بۆیە پێویستە هەموو هێزەکانی لایەنگری ئاشتی و دیموکراسی و ئازادی لە بەرامبەر ئەو نادادپەروەرییەی ئێستا بوەستنەوە و پشتیوانی لە چالاکییە ڕەواکەمان بکەن".