ئیبراهیم بیلمەز یەکێک لە پارێزەرانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەبارەی گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی، قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەران و 'مافی ئومێد' بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد.
بیلمەز باسی لەو سزایانە کرد، کە لەم دواییانەدا بەسەر عەبدوڵا ئۆجالاندا سەپێندراون و وتی: "ئەو سزایە لە لایەکەوە بۆ پاساوی ڕێگریکردنە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە بەکاردەهێنرێت و لە لایەکی دیکەشەوە وەک بەڵگە و ئارگۆمێنێتێک بۆ ڕێگریکردن لە 'مافی ئومێد' ئامادە دەکرێت. هەروەها ئەو بڕیارانەی دەستەی دادوەری بەهەمان شێوە ڕێگری لە چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەران دەکات، بەڵام لە ڕووی یاسایی و مافەکانەوە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە. لە دژی پێوەرە گشتییەکانی یاسایە، لە هەمان کاتدا لە دژی خاڵی یاساییە پەیوەندیدارەکانی خودی تورکیایە. بە هیچ شێوەیەک ڕەوا و شەرعی نین و بڕیاری هەڕەمەکی و میزاجین. ماوەی ١٨ مانگە ناتوانین هیچ زانیارییەک لە موەکیلەکەمان لە ئیمرالی وەربگرین، لە جیهاندا هیچ نموونەیەکی لەم شێوەیە نییە".
پارێزەر ئیبرایم بیلمەز ئاماژەی بە کاریگەری گۆشەگیریی لە ئیمرالی کرد لەسەر هەموو وڵات کرد و وتی: "مرۆڤ هێدی هێدی هەست بە دەرەنجامە خراپەکانی گۆشەگیریی ئیمراڵی لەسەر خۆی دەکات، بۆیە پێویستە ناڕەزایەتیی دیموکراتیکیشش زیاتر بکرێن".
ئیبراهیم بیلمەز ڕایگەیاند، کاتێک تێکۆشانی دیموکراتیک بگاتە ئاستی ئەو بەرخۆدانەی لە ئیمرالی بەڕێوەدەچێت، کێشەکە چارەسەر دەبێت و ڕاشیگەیاند، "بەڕاستیش ماوەی 23 ساڵە لە ئیمرالی بەرخۆدانێکی بێوێنە هەیە. عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوام لە دژی ئەو سیستمە تێدەکۆشێت و ئەو تێکۆشانەی خۆیشی لە ئیمراڵی لە هەلومەرجی زۆر سەخت و دژواردا درێژە پێ دەدات، بۆیە پێویستە کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک ئەمە ببینێت و تێکۆشانی خۆی بەو پێیە بەهێز بکات".
ئیبراهیم بیلمەز لەبارەی بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە بارەی 'مافی ئومێد'ەوە وتی: "دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەڵێت، 'ئێوە ناتوانن سزای زیندانیی قورسکراو وتوند بەسەر مرۆڤێکدا بسەپێنن و لەمەدا هیچ ئیستیسنا و جیاوازی و هەڵاواردنێک نابێت'، لە وەڵامی تورکیادا وەک ئەوەی گاڵتەی پێ بکەن و لە هەمان کاتیشدا دانپیادانانە لەسەر پێشێلکارییەکان و دەڵێت، سزای زیندانیکردنی قورس تەنها بەسەر عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی سیاسی دا سەپێنراوە. ئێمە هیوادارین تورکیا بەم زووانە خۆی لەو هەڵەیە ڕاست بکاتەوە".
بیلمەز ڕایگەیاند، ئەوەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا چاوەڕێی ئەو گۆڕانکاریەیە، کە پێی دەوترێت 'مافی ئومێد'، ئەوەی دوای دەستگیرکردنەکەی قبوڵی کردووە، کە لە ماوەیەکی گونجاودا، کە ئەو ماوەیە سنوورێکی دیاریکراوی نییە، چونکا لە نێوان ١٥ ساڵ تاوەکو ٢٠ ساڵ دەخایەنێت و لە دوای ئەوە دەبێت سەرلەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ ئەو سزایە بکرێتەوە.
لەو بارەیەوە بیلمەز وتی: "پێویستە گۆڕانکاری یاسایی بکرێت و میکانیزمێک دروست بکرێت. لەڕێگەی ئەم میکانیزمەوە دۆخی ئەو کەسەی بەزیندانی هەتاهەتایی سزادراوە دووبارە و سەرلەنوێ هەڵدەسەنگێنرێتەوە. بەم شێوەیە دۆخی مرۆیی ئەو مرۆڤە کە "بۆ کۆمەڵگە بێ زیانە، سوودی دەبێت' بۆیە دەبێت هەڵدەسەنگێنرێتەوە و جارێکی تر و سەرلەنوێ بڕیار بدرێتەوە. لەوانەیە بڕیاری ئازادکردنیش بدرێت و ئەو کەسە ئازاد بکرێت".
ئیبراهیم بیلمەز ئاماژەی بەوەکرد، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە پێناو خێر و چاکەی هەموو کۆمەڵگەدا کاری کردووە و هەوڵیداوە و وتی: "کاتێک بچووکترین دەرفەتی پێدراوە، دەستبەجێ هەوڵیداوە بۆ چارەسەری بەکاری بهێنێت. لە بابەتی چارەسەریی کێشەى کورددا ئاگاداری بەرپرسیاریەتی و هێزی خۆی بوو، بۆیە چی پێویست بوو، ئەوەی ئەنجامدا و هەموو هەنگاوێکی لە پێناویدا نا.
لە ڕووی تیۆرییەوە ئەو نەخشەیەی ئامادە کرد و شێوازەکانی چارەسەریی پێشنیاز کرد، پێشنیازی چارەسەری و پێکهێنانی لیژنە و دەستەی مرۆڤە ژیرمەندەکان و هەروەها ئامادەکردنی ڕای گشتی کرد. یەکلایەنە داوای ئاگربەستی لە پەکەکە کرد و ئەو بانگەوازەی جێبەجێکرا، بۆیە مرۆڤێکە، نەک زیان بە کۆمەڵگای تورکیا ناگەیەنێت، بەڵکو بەپێچەوانەشەوە مرۆڤێکە، کە سوودێکی زۆری بۆ کۆمەڵگای تورکیا هەیە.
بۆیە مافی ئومێد مافێکی گرنگە. پێویستە تورکیا لەم بوارەدا گۆڕانکاری ئەنجام بدات. ئەگینا دەبێتە وڵاتێک، کە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپای تێدا جێبەجێ ناکرێت. تورکیا لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ئەو بڕیارانە جێبەجێ ناکات. هەمیشە کاتی پێ تێدەپەڕێنێت و سەرقاڵکردن دروست دەکات. عەبدوڵا ئۆجالانیش هەموو ڕۆژێک لەژێر هەلومەرجی سەختی ئەشکەنجەدان لە ناو چوار دیواردا بەرخودان دەکات و تێدەکۆشێت.
ئەگەر تورکیا ئەم بڕیارە جێبەجێ نەکات، ئەگەری ئەوە هەیە ئەنجومەنی ئەوروپا سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنێت. ڕەنگە پرۆسەیەک سەبارەت بەتورکیا دەست پێبکات. ئێمە باس لە پرۆسەیەک دەکەین، کە دەتوانێت تورکیا بەتەواوی بخاتە دەرەوەی ئەنجومەنی ئەوروپا. ئەگەر شتێکی وا ڕووبدات ئەوا تورکیا لە هەموو لایەکەوە زیانی پێدەگات. ئەوە بەو مانایە دێت، کە تورکیا لە خولی مافی مرۆڤدا تێکشکاوە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو ئابووریەکەشی دەڕووخێت و تورکیا دەگاتە ئاستی داڕمان".
ژ.ت