تەڤ-دەم: پەکەکە مێژووی زوڵم و نکۆڵی لەناوبرد

تەڤ-دەم بە ڕاگەیاندراوێک ٤٦ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەی پیرۆز کرد. لە ڕاگەیاندراوەکەدا وترا "پەکەکە مێژووی زوڵم و نکۆڵی لە ناو برد".

بەبۆنەی ٤٦ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک (تەڤ-دەم) ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەمجۆرەیە:"بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، تێکۆشەرانی هەنگاوی یەکەم، بنەماڵەی شەهیدان، بەرخۆدەرانی زیندانەکان و لە هەموو گەلی کورد دەکەین.

دامەزراندنی پەکەکە لە ١٩٧٨ دامەزراندنێکی ئاسایی بوو، وەک پارتێکی کوردستانی نوێ دامەزرا، بەڵام ژیانەوە و ڕزگارکردنی گەلی کورد بوو لە قڕکردن. فاشیزمی تورکیا پێش دامەزراندنی پەکەکە باوەڕی وابوو ئیدی نە گەلی کورد و نە دۆزی کوردستان هەیە.

بە لەناوبردنی شۆڕشی ئاگری ١٩٣٠ و شۆڕشی دێرسیم ١٩٣٦، فاشیزمی تورکیا بانگەشەی لەناوچوونی گەلی کورد و دۆزی کوردستانی کردبوو. بەڵام دامەزراندنی پەکەکە مێژووی نکۆڵیکردن و پشتگوێخستنی هەڵوەشاندەوە.

لە بەرانبەر زیهنیەتی نکۆڵی گەلان، پەکەکە لە کەسێتی هەڤاڵان کەمال پیر، حەقی قەرار و شەهیدانی دۆزی ئازادی خوشک و برایەتی کورد، تورک و تەواوی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوینی پێشخست. بۆ ڕۆژهەڵاتێکی ئازاد، یەکسان و لە ناوبردنی زۆرداری داگیرکەری و دەسەڵاتداران، بە هەزاران شەهیدی پێشکەشی مرۆڤایەتی کردووە.

وەک تەڤ-دەم ٤٦ هەمین ساڵیادی پارتی ژیانەوە پیرۆز دەکەین و بە ڕێز و سوپاسەوە یەکەمین کاروانی شەهیدان، مەزڵوم دۆغان، کەمال پیر، خەیری دورموش، زیلان، بێریتان، ڕەیحان، ساکینە، مەعسوم کۆرکماز فەرماندەی هەڵمەتی ١٥ ئاب، بەبیردەهێنینەوە.

بانگەواز لە هەموو دامەزراوەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە پەکەکە لە ناو "لیستی تیرۆر" دەربکەن (پەکەکە تیرۆر نییە، لە بەرانبەر تیرۆری دەوڵەت تێدەکۆشێت) و ئازادی جەستەی ڕێبەر ئاپۆش مسۆگەر بکرێت".