ئەحمەد سلێمان: ئامانجی سەرەکی سوریایەکی ناناوەندی-دیموکراتیکە

ئەحمەد سلێمان ئەندامی شاندی دانوستانکاری کوردی ڕۆژئاوا، ڕایگەیاند ئامانجی سەرەکی شاندی کوردی ڕۆژئاوا مسۆگەرکردنی مافە دەستوورییەکانە لە چوارچێوەی سوریایەکی ناناوەندی-دیموکراتیکدا.

سەرەڕای نادیاری بارودۆخی سیاسی سوریا پاش شەڕی ناوخۆ، کوردانی ڕۆژئاوا هەنگاوێکی مێژووییان ناوە.

دوای "کۆنفرانسی یەکێتی و یەكهەڵوێستی کورد" کە لە ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٥بەڕێوەچوو، شاندێکی دانوستانکار بە نوێنەرایەتی کوردانەوە لە سوریا پێکهێنرا. ئەم شاندە ئەرکی دانوستان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق لەسەر بنەمای مافە بنەڕەتییەکانی کورد لە ئەستۆ دەگرێت.

ئەحمەد سلێمان، جێگری سکرتێری گشتی پارتی دیموکراتیکی پێشکەوتووی کوردی سوریا، یەکێک لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی شاندەکەیە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی نومەدیا٢٤، وردەکارییەکانی پشت پێشهاتەکان و گرنگی ئەم پرۆسەیەی ڕوونکردەوە.

سلێمان بە هەڵسەنگاندنی هۆکارەکانی شکستی هەوڵە یەکگرتووییەکان لە ساڵی ٢٠١١ـەوە هەتا ئێستا، جیاوازیی ئەم پرۆسەیە نوێیە لە بوونی بەڵگەنامەی روانگەی هاوبەش و پێکهێنانی شاندێک بە بەشدارییەکی بەرفراوان دەبینێت. ئەم بەڵگەنامەیە داواکارییە هاوبەشەکانی کورد سەبارەت بە مافە نەتەوەییەکانی و بنەمای سەرەکیی دانوستانە لەگەڵ دیمەشق.

سلێمان ئاماژەی بەوەدا کە دەستپێشخەریی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی قەسەدە و ڕۆڵی پاڵپشتی ئەکتەرە جیهانییەکان وەک ئەمریکا و فەرەنسا لە پێکهێنانی شاندە نوێیەکەدا یەکلاکەرەوە بوون. سلێمان ئاماژەی بەوەشکرد کە لایەنە گرنگە کوردستانییەکانی وەک پەدەکە و یەنەکە لە هەرێمی کوردستانیش بەشدارییان لە پرۆسەکەدا هەبووە.

سلێمان ڕایگەیاند: "ئەو شەڕەی کە لە ماوەی ١٤ساڵی ڕابردوودا سوریای لە ئاستە جیاجیاکاندا وێران کردووە، بێ گومان بە بێ گەیشتن بە مافە ڕەوا نەتەوەییەکانی کورد کۆتایی نایەت و هەوڵەکانی ئاشتی سەرناگرن، جیاوازییەکانی ئەم شاندە ئەوەیە کە دانوستان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و چین و توێژە جیاجیاکان دەکات بۆ مسۆگەر کردنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد.

ئەحمەد سلێمان ڕایگەیاند کە بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ کە لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا بڵاو بووەوە کاریگەری ئەرێنی و ڕاستەوخۆی لەسەر ڕۆژئاوا هەبووە.

سلێمان بە ئاماژە بەوەی کە "بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە کاتێکی زۆر گرنگ و مێژووییدا ڕاگەیەندرا،" وتی: "دوای بانگەوازییەکە، هەڵوێستە توندەکانی تورکیا بەرامبەر بە ڕۆژئاوا کەمبوویەوە و بە هاوکاری هاوپەیمانی نێونەتەوەیی ئاگربەست بەرقەرار بووە.

سلێمان لەکۆتایی قسەکانیدا وتی: "هیوادارین سوریا ببێتە وڵاتێک کە بە ئاشتی لەناو خۆیدا و لەگەڵ دراوسێکانیدا بژی. ئامانجی سەرەکی شاندی دانوستانکار، بێگومان مسۆگەرکردنی مافە بنەڕەتییەکانی کوردە لە چوارچێوەی سوریای دیموکراتیک و ناناوەندی و دابینکردنی هەموو دەرفەت و مەرجە پێویستەکانە بۆ گەیشتن بە چارەسەریەکی هەمیشەیی لەم بوارەدا و ڕێککەوتن لەگەڵ دیمەشق."