ڕۆژی ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لە گۆرەپانی بەرخۆدانی شاخی شەهید شاهین لە هەرێمی خواکورک لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا، یەکێک لەو ٣ گەریلایەی لە بەرخۆدان دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک شەهید بوو، شۆرشگێڕی ئینترناسیۆنالیستی ئەڵمانی ئازاد شەڕکەر ( تۆماس ژوهان سپیس)بوو.
ئازاد شەڕکەر، لە دایکبووی شاری ماینبورگی ئەڵمانیایە، لە ساڵی ٢٠١٦ بەشداری ڕیزەکانی گەریلاکانی ئازادی کوردستانەوە بووە. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پەرلەمانتارانی پارتی چەپ سەبارەت بە شەهیدکردنی ئازاد شەڕکەر پرسیارێکی نووسراوی پێشکەش بە ئەنجومەنی فیدراڵی کرد و داوایان لە حکومەت کرد وەڵامیان بداتەوە.
'پرسیارمان لە تورکیا و عێراق کردووە'
حکومەت بە سەرۆکایەتی راوێژکار ئۆلاف شۆڵز، وەڵامی پرسیارە نووسراوەکەی گۆکەی ئاکبولوت پەرلەمانتاری پارتی چەپی دایەوە. حکومەتی بەرلین ڕایگەیاند، کە زانیارییان لەسەر تۆماس یۆهان سپیس لە ڕۆژنامەکانەوە بیستووە و ڕایگەیاندووە کە لەو بارەوە هیچ لێدوانێکی فەرمی لە تورکیا و عێراقەوە نەدراوە.
لە وڵامی وەزارەتی دەرەوە بەناوی حکومەتی فیدراڵەوە، بەردەوام ڕاگەیەندراوە لە زۆر ڕووەوە پرسیار لە دەسەڵاتدارانی تورکیا و عێراق کراوە کە ئایا هەواڵەکەی تۆماس یۆهان سپیس ڕاستە یان نا؟ بەڵام حکومەتی ئەڵمانیا تا ئێستا نەیتوانییەوە هیچ وڵامێک لە ئەنقەرە و بەغدا وەربگرێتەوە.
'ئێمە چەکی گرنگ بە تورکیا نادەین'
سەبارەت بە پرسیاری 'ئایا ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ناتۆ پشتگیری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەن یان نا؟' حکومەتی شۆڵز ڕایگەیاند:"هیچ زانیارییەکمان لەسەر ئەم بابەتە نییە."
سەبارەت بە پرسیاری،"ئایا لە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان کەرەستەی سەربازی و چەکی ئەڵمانیا بەکاردەهێنرێت؟" وەها وڵامی دایەوە:"حکومەتی فیدراڵی سیاسەتێکی سنووردار و بەرپرسیارانەی فرۆشتنی چەکی هەیە، بۆیە بۆ شەڕی کورد یان ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ناوچەکە لەم ساڵانەی دواییدا، هیچ کام لە چەکە گرینگەکانی نافرۆشێت بە تورکیا."