ئۆندەر: سەردانی دەمیرتاش دەکەین و دواتر ڕاگەیاندراوێکی بەرفراوان دەدەین

سری سورەیا ئۆندەر یەک لە ئەندامانی شاندەکەی دەم پارتی لە دوای چاوپێکەوتن لەگەڵ داودئۆغلۆدا وتی، "کاتێک سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاشمان کرد، ئەوکات ڕاگەیاندراوێکی بەرفراوان دەدەین."

لە چوارچێوەی سەردان و کۆبوونەوەکانیاندا ئەمڕۆ شاندەکەی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆکی گشتی پارتی ئایندە، ئەحمەد داودئۆغلۆدا کۆبوونەوە.

ئۆندەر کە ئەندامێکی شاندەکەیە لە دوای کۆبوونەوەکەوە قسەیکرد و وتی: "هەندێک باسی ئەزموونەکانی پێشومان کرد. لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا زانیارییمان لەگەڵیاندا گۆڕییەوە. داوای پێشنیار، تێبینی، ڕەخنە و هۆشدارییمان لێ کردن. ئەوانیش بە وردی زانیاری و هۆشیارییان پێداین. لە دوای چاوپێکەوتنمان لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاشدا ڕاگەیاندراوێکی بەرفراوان دەدەین."

داودئۆغۆلۆیش سوپاسی سەردانیکردنی شاندەکەی کرد و وتی: "کۆبوونەوەیەکی گەرموگوڕ بوو. بیر و ڕا و روانگەکانی خۆمانمان هاوبەش کرد و جەختمان لەوەکردەوە سوود لە ئەزموونەکانی پێشوو وەربگرین. باسمان لەوەکرد لە سەرانسەری جیهان، هەرێمەکە، سووریا، عێراق، لوبنان و ئوردن گۆڕانکاری خێرا و لە ناکاو ڕوودەدەن و سەرنجمان خستەسەر گرنگی دۆخی ناوخۆ. باشترکردنی دۆخی ناوخۆیش تەنها بە دیموکراسی دێتەئاراوە. ئەمەش بە دیدگایەکەوە دەکرێت کە کورد، تورک و هەموو هاوڵاتییان بە ئومێدەوە سەیری داهاتوو بکەن. پێشنیارم بۆ شاندەکە و هەموو سیاسییەکان ئەوەیە لە بەرانبەر ئەم قۆناغەدا بۆ بونیادنانی ئاشتی لە تورکیادا بجوڵێنەوە."