پاولا مارتین پۆنز: تورکیا ناچاربوو کە دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام بدات

پارێزەر پاولا مارتین پۆنز سەبارەت بە دیدار لەگەڵ رێبەر ئاپۆ وتی، "تورکیا درکی بە هێز و سەنگی عەبدوڵا ئۆجالان کرد و ناچار بوو کە دیداری لەگەڵدا ئەنجام بدات". هاوکات ئەو پارێزەرە داوای ئازادی رێبەر ئاپۆ و سەرجەم زیندانیانی سیاسی کرد.

چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و پارێزەری رێکخراوی فێمینیستی IACTA پاولا مارتین پۆنز کە ساڵی ٢٠٢٣ یەکێک لە ئەندامانی ئەو شاندە نێونەتەوەییەی لە دژی گۆشەگیری لە ئیمراڵی سەردانی تورکیایان کرد، لە بارەی دیدارەکەی ئەم دواییە لەگەڵ رێبەر ئاپۆ قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

پاولا مارتین پۆنز بە بیری هێنایەوە کە بۆ رۆیشتن بۆ ئیمراڵی رێگەیان پێنەدراوە و ئەوەی خستەڕوو کە بەرگریکارانی مافەکان مرۆڤ لە هەر ناوچەیەکی جیهان بن، دەبێت بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بوەستنەوە.

'ئەوەی لە ئیمراڵی ئەنجام دەدرێت، ئەشکەنجەدانە'

پاولا مارتین پۆنز باسی لەوەکرد، کە ئەشکەنجەدانی رێبەر ئاپۆ بە تەواوەتی هەڵوێستێکە لە دژی گەلی کورد و وتی:" ئەو ئەشکەنجەیە لە هەمان کاتدا پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە و لە بەرامبەر هەموو لایەنگرانی دیموکراسی و تێکۆشەرانی ئازادی ئەنجام دەدرێت. لە ئیمراڵی دۆخێک لە سەرووی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئارادایە. ئەوەی لە ئیمراڵی روودەدات ئەشکەنجەیە. ئامانجی شاندەکەمان ئەوە بوو کە لە نزیکەوە چاودێری دۆخی زیندانیان لەو دوورگەیە بکەین و گوشار بخەینە سەر تورکیا بۆ ئەوەی بە گوێرەی رێسا و بنەما نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ بجوڵێتەوە".

پاولا مارتین پۆنز ئەوەشی خستەڕوو، کە دۆخی ئیمراڵی تەنیا پەیوەست نییە بە تورکیاوە و دەبێت گوشار بخرێتە سەر ئەو دەوڵەتانەشی کە هاوکاری تورکیا دەکەن. پاولا مارتین پۆنز باسی لەوەشکرد، "ئەو دەوڵەتانە هەمان ئەو دەوڵەتانەن کە پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤیان واژۆ کردووە و بەرامبەر بە هەموو جۆرە ئەشکەنجە و مامەڵەیەکی خراپ بەرپرسیارن".

'تورکیا ناچاربوو کە دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام بدات'

پاولا مارتین پۆنز باسی لەوەکرد کە دیدارەکەی رێبەر ئاپۆ لەگەڵ عومەر ئۆجالانی برازای و دواتریش شاندی دەم پارتی گرنگ بوون و ئاماژەی بەوەدا کە دیدارەکان جارێکی دیکە نیشانیان دا هزر و روانگەکانی رێبەر ئاپۆ بۆ گەلان چەندە گرنگە. پاولا مارتین پۆنز لەو بارەوە راشیگەیاند، "لە هەمان کاتدا تورکیا تێگەیشت کە لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە ناچارە دیدار لەگەڵ ئۆجالان ئەنجام بدات. جارێکی دیکە ئاشکرا بوو کە ئۆجالان نەک هەر بۆ کوردان و رۆژئاوا، بەڵکوو بۆ سەرجەم گەلانی بندەست کەسایەتیەکی گرنگە".

'تورکیا هەستی بە هێزی عەبدوڵا ئۆجالان کردووە'

پاولا مارتین پۆنز باسی لەوەکرد کە پێیان وانییە کە گۆشەگیری هەڵگیراوە و وتی، "ئێمە هێشتا نازانین کە گۆشەگیری هەڵگیراوە یان نا. تورکیا زۆر جار ئەوە دووبارە دەکاتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی لە سێ گۆشەی گەلی کورد، بەڕێز ئۆجالان و تورکیادا پەیوەندی و پرۆسەیەکی نوێ بێتە ئاراوە، درکی بە هێزی ئۆجالان کرد. عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرێکە و بە شێوەی کۆلەکتیڤ دەجوڵێتەوە و ئەو چارەسەریەشی هەوڵی بۆ دەدات، چارەسەریەکی کۆلەکتیڤ و بە کۆمەڵە بۆ هەموو گەلان. مێژووی هەموو چارەسەرییەکان هەڵدەسەنگێنێت و لەپێناو ئایندەدا روانگە و پێرسپێکتیڤی گرنگ دەخاتەڕوو. شەڕە ئایینی و تایفییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە باشی راڤە دەکات و بە گوێرەی ئەوەش چارەسەرێک دەخاتەڕوو".

'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و سەرجەم زیندانیانی سیاسی'

پاولا مارتین پۆنز هێمای بۆ ئەوەش کرد کە وەک هەموو زیندانیەکی سیاسیی رێبەر ئاپۆش دەبێت بتوانێت سود لە مافی هیوا وەربگرێت و لە کۆتاییدا وتی، "مافی هەموو زیندانییەکە کە بزانێت چ کاتێک ئازاد دەبێت. گۆشەگیری لەسەر ئۆجالان و سەندنەوەی مافی هیوا لەو، ئەشکەنجەیە. لە هیچ شوێنێکی جیهان ئەشکەنجە مایەی قەبوڵکردن نییە. عەبدوڵا ئۆجالان نەک هەر بە تێکۆشانی ٤٠ ساڵەی خۆی لەپێناو کوردەکان، هەروەها بە 'کوشتنی پیاوەتی لەناو خۆی' بووە نمونە بۆ هەموو جیهان. ئەندێشەکانی عەبدوڵا ئۆجالان نەک هەر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ تەواوی جیهان دەتوانێت ببێتە مایەی ئاشتی. داوای ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان دەکەم. داوای ئازادیی سەرجەم زیندانیانی سیاسی دەکەم".