نوێنەرانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ شاندی بەریتانیا کۆبوونەوە
نوێنەرانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەریتانیا کۆبوونەوە.
نوێنەرانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەریتانیا کۆبوونەوە.
شاندێکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ پەرلەمانتاری پارتی فیدراڵی دیموکراتیک سامی ویلسۆن و نوێنەری پارتی موحافیزکار کارۆلین دنیناگ و دیپلۆماتکاری پێشوو لۆرد جای کۆبوونەوە.
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئیلهام ئەحمەد و هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییەکانی ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) حەسەن محەمەد عەلی لە شاندەکە بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا هەڕەشەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر بەنداوی تشرین کە ئەگەری هەیە کارەساتی لێ بکەوێتەوە، تاوتوێ کرا. هەردوولا جەختیان کردەوە، فشاردەکەن بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، باس لەوە کرا دەبێت هەموو هێزەکانی سوریا بەشداری کۆنفرانسی نیشتیمانی سوریا بکەن و ژنان بەشداری کارایان هەبێت لە دیالۆگ و بنیاتنانەوەی سوریادا. هەروەها جەختکرایەوە دەبێت مۆدێلی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بپارێزرێت و بکرێتە بەشێک لە ئایندەی سوریا.
شاندەکە داوایان کرد فشاربکرێت بۆ گەڕانەوەی کۆچبەرانی عەفرین و ناوچەکانی دی و دوورخستنەوەی چەتەکان لە هەرێمەکە. داوا کرا شاندێکی نێونەتەوەیی سەردانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بکات و لە نزیکەوە چاودێری ڕەوشی مرۆیی و ئاسایشی هەرێمەکە بکات.
پەرلەمانتار ویلسۆن ئامادەیی دەربڕی لەگەڵ شاندیک سەردانی هەرێمەکە بکات، تیشکی خستەسەر دواین پێشهاتەکان و دووپاتی کردەوە لە پەرلەمانی بەریتانیا پشتگیری پێویست پێشکەش دەکات. پشتیوانی خۆی بۆ چارەسەری سیاسی لە سوریا دەربڕی.
کاریگەری سزا نێونەتەوەییەکانی سەر سوریاش باسکران، شاندەکە جەختی کردەوە ئەم سزایانە دەبێتە مایەی زیادبوونی هەژار و پشێویی.
لەکۆتاییدا هەردوولا دووپاتیان کردەوە پێویستە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی پشتگیری لە هەوڵەکان بکات بە ئامانجی چارەسەری سیاسی لە سوریا، تاوەکو مافی پێکهاتەکان بپارێزرێت و ڕێز لە فرەڕەنگی ئایینی و نەژادیی سوریا بگیرێت.