ئەنجومەنی مەدەنیی گەلانی خۆجێیی هێندوراس رایگەیاند، دڕندەیی دەوڵەتی تورک دەگەڕێتەوە بۆ هاوکاری ڕای گشتیی نێونەتەوەیی و راشیگەیاند: "پشتیوانی لەو مرۆڤە ئازایانە دەکەین، کە سەرەڕای کۆمەڵکوژییەکان بۆ بونیاتنانی ئازادیی خۆیان تێدەکۆشن".
تاوەکو دێت گەلان و ژنانی جیهان لە سەرتاسەری جیهاندا لە دژی کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک، کە لە هەموو شوێنەکانی کوردستاندا ئەنجامیان دەدات، رادەپەڕن و ناڕەزایەتی دەردەبڕن. پەیامی پشتیوانیکردن بۆ گەلی کورد دەنێرن و دەڵێن، "ئێمە لەگەڵ ئێوەداین".
لە دژی هێرشەکان بۆ سەر گەلی کورد، ئەمجارە هەڵوێست و پەیامی پشتیوانیکردن لە گەلی کورد، لەلایەن گەلی خۆجێی هەرێمی ئینتیبوکای هێندوراس ئێسپێرانزاوە هات.
ئەنجومەنی مەدەنیی گەلانی خۆجێی هێندوراس (COPÎNH)، کە بۆ مافە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوری و ئابوورییەکانی هاووڵاتییانی مەدەنی و خۆجێیی لە هێندوراس تێدەکۆشێت، لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک پەیامی ئیدانەکردنی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنەکەدا هاتووە: "ئێمە ئیدانەی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورک دەکەین، کە دەوڵەتێکی تاوان و تاوانکارییە. ئێمە ئەو هێرشانە قبوڵ ناکەین، بۆ لە ناوبردنی بەرخۆدانی گەلی کورد ئەنجامدەردێن، چونکا گەلی کورد بۆ ئازادیی خۆیان تێدەکۆشن.
ئێمە ئەو هێرشانە قبوڵ ناکەین، کە دەوڵەتی تورکیای فاشیست لە ١ی شوباتدا لە ڕۆژئاوا و مەخمور و شەنگال ئەنجامی دان. ئێمە دەزانین ئەوە بە هۆی هاوکاریکردن لە تاوانکارییەکان و بێدەنگیی رای گشتیی نێونەتەوەیەدا ئەنجام دەدرێت. بێدەنگی بەرامبەر ئەو خۆڕاگرییە بێوێنەیەی ئەو کۆمەڵگایە، کە ویستیان لەناوی ببەن و نکۆڵی لە ناسنامەکەی بکەن و خاکەکەی داگیر بکەن، واتە هاوکاریکردنی تاوان بۆ هێزە هەژموونگەراکان.
ئێمە وەک ئەنجومەنی مەدەنیی گەلانی خۆجێی هێندوراس (COPÎNH) خاوەنداری و پشتیوانی لە بەرخۆدانی ئەو مرۆڤە ئازایانە دەکەین، کە لە دژی کۆمەڵکوژیی هێزە مەزنەکانی جیهان بۆ بەدەستهێنان و بونیاتنانی ئازادیی خۆیان تێدەکۆشن، لە ناخی دڵەوە خۆمان بە هاوبەشی ئازاری گەلی کورد دەزانین بۆ گیان لە دەستدانی خوشک و براکانمان لەو شەڕە ناڕەوا داسەپێنراوەدا.
هەڤاڵانی کوردمان لە ئامێز دەگرین، کە بۆ یەکڕیزیی گەلانی و ژیانی ئازاد تێدەکۆشن".
ژ.ت