سەرۆککۆماری تورک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە بەرنامەیەکی تایبەت بە ساڵیادی دامەزراندنی دەزگایەکی ڕاگەیاندن قسەی کرد و ڕایگەیاند دوێنێ پرۆسەیەکی نوێ دەستی پێ کرد و ئەمەی وەک دەرفەتی پرۆسەیەکی مێژوویی نرخاند. ئەردۆغان گوتی: " کورد و تورک و هیچ هاوڵاتییەکی ئەم میللەتە ڕێگە نادەن وەک جاران بە چالاکی و قسەی پڕ لە دوودڵی، پرۆسەکە تێکبدرێت. بە هەموو دامەزراوەکانی خۆمانەوە ئەم پرۆسەیەمان دەست پێ کردووە و لە نزیکەوە چاودێری دەکەین تاوەکو بزانین ئامانجەکانی جێبەجێ دەکرێن یان نا. باوەڕمان وایە، ئەم پرۆسە مێژووییە گرنگە، بە ئارامگرتن و خوێنساردی و جدییەتەوە بەڕێوەدەبرێت. دەبێت بزانین کەسانێک هەن نایانەوێت ئەم پرسە بەشێوەیەکی هەمیشەیی و یەکلاکەرەوە چارەسەر ببێت کە زیان بە خوشک_برایەتی هەزاران ساڵەی ئێمە دەگەیەنێت. ئێمە ڕێکاری پێویست دەگرینەبەر بەرامبەر هەر هەوڵێکی تێکدەرانە. کاتێک چەک و تیرۆر کۆتایی دێت، بەشێوەیەکی سرووشتی، بواری سیاسەتی دیموکراتیکیش فراوانتر دەبێت. بەم هەنگاوە، تورکیا تەنها فێڵ و تەڵەکەی ئیمپریالیزمی خوێنمژ لەناونابات، بەڵکو هاوکات دەگاتە ئامانجەکەی خۆی بۆ پێشکەوتنی ئابووری و سیاسەتی ناوخۆیی. با گەلەکەمان ئارام و ئاسوودە بێت".