ئێشکگری دادپەروەری بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە

بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چالاکییەکانی ئێشکگری دادپەروەری بەردەوامن.

چالاکی مانگرتن لە خواردن بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە، هەروەها لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری دیموکراتیک بۆ پرسی کورد" بنەماڵەی زیندانیان لە ئامەد و وان و ئەدەنە و مێرسین و ئەزمیر بەردەوامن لە چالاکی ئێشکگری دادپەروەری.

لە چالاکییەکەی ئامەد، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی ماف و پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانی و حکومدراوانی مەد، کەرەم جانپۆلات گوتی: " بۆ کۆتایی هاتنی مانگرتن لە خواردنی زیندانیان پێویستە دەنگ هەڵبڕین. بۆ ئەوەی ئەم چالاکییە نەگاتە قۆناغێکی سەختتر، تاوەکو تەرم لە زیندانەکانەوە دەرنەچن پێویستە هەنگاو بنرێت. دژی زوڵم و شەڕی تایبەت دەنگ هەڵبڕن".

لە چالاکییەکەی وان، دایکی ئاشتی، مەعسومە یاشار گوتی: "تا گۆشەگیری سەر ئۆجالان نەشکێنین ئاشتی نایەتە ئەم خاکە. بەتایبەت پێویستە دایکانی ئاشتی لەم بوارەدا لە هەوڵدا بن. بۆ کۆتایی هێنان بەم بێ مافییە دەبێت تێکۆشان بکرێت. پێویستە درێژە بە تێکۆشان بدەین دژی گۆشەگیری کە کاری کردۆتە سەر هەموو گۆڕەپانەکانی ژیان. تا ئازادی وڵات و گەلەکەمان تێدەکۆشین".

لە چالاکییەکەی ئەدەنە، زۆرێک لە دایکانی ئاشتی و بەڕێوەبەرانی دەم پارتی بەشداری چالاکییەکە بوون، داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرا.

چالاکییەکەی مێرسین ٣٥ ڕۆژە بەردەوامە، زۆرێک لە دایکانی ئاشتی بەشداربوون، لە چالاکییەکەدا سترانی کوردی گوترا.