ئێشکگری دادپەروەری: با یەکبگرین و گۆشەگیری بشکێنین
ئێشکگری دادپەروەری بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بەردەوامە.
ئێشکگری دادپەروەری بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بەردەوامە.
چالاکی مانگرتن لە خواردنی زیندانەکان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە، پاڵپشت بۆ ئەم چالاکییە، لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری دیموکراتیک بۆ پرسی کورد" ئێشکگری دادپەروەری لە ئامەد و وان و مێرسین و ئیستەنبوڵ و ئەزمیر بەردەوامە.
لە چالاکییەکەی ئامەد، دایکی ئاشتی، ئەمینە ئال گوتی: "تا گۆشەگیری سەر ڕێبەرمان نەشکێت، بە پێداگرییەوە تێدەکۆشین".
سەرۆکی لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ، ئەرجان یەڵماز گوتی: "پشتیگری لە چالاکییەکە دەکەین. گۆشەگیری سەر ئۆجالان نایاساییە. پێویستە دەستوبرد هەڵبگیرێت. سەرکەوتن بۆ دایکان دەخوازین".
لە چالاکییەکەی مێرسین، ئەندامی مەجلیسی دایکانی ئاشتی، عادیلە بەراک ئاماژەی بەوە کرد هۆکاری ئەم چالاکییە زوڵم و ناهەقی سەر خۆمان و ڕۆڵەکانمانە، بانگەوازی لە هەموو دایکانی مێرسین کرد هاوکاربن و گوتی: "با ڕۆڵەکانمان لە زیندان و شەڕدا نەمرن، کلیلی ئاشتی لە ئیمراڵییە. با لە ئیمراڵی چاوپێکەوتن سازبکەن. ئەوکات زۆر شت چارەسەر دەبێت. بەڵام ڕێگە بە چاوپێکەوتن نادەن".
لە چالاکییەکەی وان، پەرلەمانتاری دەم پارتی سینان جیفتورک ئاماژەی بەوە کرد ئەوە ٤٥ ڕۆژە مانگرتن لە خواردن بەردەوامە و گوتی: "داوای زیندانیەکان هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالانە. زیندانییەکان مافیان هەیە. بەڕێز ئۆجالان مافی هەیە لەگەڵ پارێزەر و بنەماڵەکەی کۆببێتەوە. بۆچی ٢٥ ساڵە لە زیندانە؟ پێویستە بەڕێز ئۆجالان ئازاد ببێت. با پێشوازی لە داوای زیندانیان بکرێت و گۆشەگیری کۆتایی بێت".
لە چالاکییەکەی ئیستەنبوڵ، یەکێک لە خزمی زیندانیان فینجە ئاکمان گوتی: "پێویستە هەموو کەسێک خاوەنداری لە زیندانیان و بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بکات. ئامانجی چالاکییەکەمان ڕۆڵەکانمان و بەڕێز ئۆجالانە. ئێمە دەڵێین ٣ ساڵە زانیاری لەسەر بەڕێز ئۆجالان نییە و (سی پی تی) بۆچی ڕۆڵی خۆی ناگێڕێت؟ بۆچی (سی پی تی) و هەموو کەسێک خۆیان کەڕ و کوێر و لاڵ کردووە. ئەمە نەوەک هەر کێشەی کورد، بەڵکو کێشەی دەوڵەت و هەمووانە. ئێمە تەنها داوای شکاندنی گۆشەگیری ناکەین، بەڵکو دەمانەوێت بەڕێز ئۆجالان بەشێوەی جەستەیی ئازاد ببێت".
لە چالاکییەکەی ئەزمیر، فاتمە سورمە دایکی سێ زیندانی ئاماژەی بەوە کرد گەلی کورد ئاشتی دەوێت و پێویستە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەڵبگیرێت و گوتی: "ناهێڵن ئۆجالان لەگەڵ پارێزەر و بنەماڵەکەی کۆببێتەوە. گۆشەگیری ئەمڕۆ لە هەموو زیندانەکان بڵاوبۆتەوە. پێویستە ئەم گۆشەگیریە ئیتر بەس بێت و عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد ببێت. من لێرەوە بانگ لە هەموو کوردان دەکەم، با ببینە یەک و پێکەوە گۆشەگیری بشکێنین".