ئێشکگری دادپەروەری بەردەوامە

بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چالاکییەکانی ئێشکگری دادپەروەری بەردەوامە.

بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری دیموکراتیانەی پرسی کورد لە چەند شارێک بنەماڵەی زیندانیان ئێشکگری دادپەروەریان دەست پێ کرد، ئەمڕۆش چالاکییەکە بەردەوام بوو.

چالاکییەکەی ئەدەنە بە پێشەنگایەتی دایکانی ئاشتی ٤٢ ڕۆژە بەردەوامە.

لە تەواوی چالاکییەکەدا، درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" بەرزکرایەوە.

چالاکییەکەی ئیستەنبوڵ ٣٣ ڕۆژە بەردەوامە. لە چالاکییەکەدا چەندین جار درووشمی "بژی بەرخۆدانی زیندان" بەرزکرایەوە.

ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵەی هاوکاری و پشتیوانی لە بنەماڵەی بێسەروشوێنانی ئەنادۆڵ، حوسەین ئاڤراس ئاماژەی بە مانگرتن لە خواردنی زیندانیان کرد بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتی: "لە کەسێتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانەکان مانگرتن لە خواردن دەستی پێ کرد. گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان وەستێنراوە. ئێمە لەگەڵ زیهنیەتێکی خاڵی لە ئەخلاق ڕووبەڕووین. نامانەوێت تەرمەکان لە زیندانەوە دەربچن. تا قبووڵکردنی داخوازی زیندانیان، تێکۆشانمان بەردوامە".