ئێشکگری دادپەروەری: چالاکییەکانی ئازادی لە هەموو جێگەیەک بڵاودەبنەوە

ئێشکگری دادپەروەری لە چەندین شار بەردەوامە، ئەو پەیامە دووپاتکرایەوە: "چالاکییەکانی ئازادی لە هەموو جێگەیەک بڵاودەبنەوە".

دوای ئەوەی زیندانیانی سیاسی لە ٢٧ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد، بنەماڵەی زیندانیان بە هەمان ئامانج لە ئامەد و وان و ئیستەنبوڵ و مێردین و ئەدەنە و مێرسین درێژە بە ئێشکگری دادپەروەری دەدەن.

چالاکییەکەی وان ٤٩ ڕۆژە بەردەوامە، لە چالاکییەکەدا عەینە ئاتابای ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر تا ١٥ شوبات هەنگاو نەنرێت بۆ چارەسەری پرسی کورد و شکاندنی گۆشەگیری، زیندانیان دەست بە ڕۆژووی مردن دەکەن، بانگەوازی لە داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و وزەیری داد و ڕێکخراوە مەدەنیەکان کرد هەنگاوبنێین بۆ چاوپێکەوتنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

چالاکییەکەی ئامەد ٤٩ ڕۆژە بەردەوامە، دایکانی ئاشتی بیسمیل و کاندیدانی شارەوانی دەم پارتی لە بیسمیل مزگین ئەکینجی و چەندین هاوڵاتی سەردانی چالاکییەکەیان کرد و درووشمەکانیان بەرزکردەوە.

چالاکییەکەی مێرسین ٥٠ ڕۆژە بەردەوامە، چالاکوانان درووشمی "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "بژی سەرۆک ئاپۆ"یان بەرزکردەوە.

چالاکییەکەی مێردین بەردەوامە، هاوسەرۆکی دەم پارتی ناوچەی دێرک سەڵاحەدین ئەزگی ڕایگەیاند ئەم چالاکییە بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد لە هەموو جێگەیەک بڵاودەبێتەوە.

چالاکییەکەی ئیستەنبوڵ ٤١ ڕۆژە بەردەوامە، چالاکوانان یەلەکی "گۆشەگیری تاوانێکی مرۆڤایەتیە"یان پۆشی، بەردەوام درووشمی "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" بەرزکرایەوە.

چالاکییەکەی ئەدەنە ٥٠ ڕۆژە بەردەوامە، چالاکوانان بەردەوام درووشمی "بژی بەرخۆدانی زیندان"یان بەرزکردەوە و داوای ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد.