ئێشکگریی دادپەروەری دژی گۆشەگیری ئیمراڵی بەردەوامە

بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ئامەد و وان و ئیستەنبوڵ و ئەدەنە و مێرسین، ئێشکگری دادپەروەری بەردەوامە.

لە ئامەد بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی پشتیوانی بنەماڵەی زیندانیان و حکومدراوان (توای- دەر)، لە مێرسین بە پێشەنگایەتی (توای-دەر چوکرۆڤا)، لە ئەدەنە بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی پشتیوانی بنەماڵەی زیندانیان و حکومدراوانی ئاکدەنیز، لە وان بە پێشەنگایەتی (توای-دەر)، ، لە ئیستەنبوڵ بە پێشەنگایەتی (مە توای-دەر)، لە چوارچێوەی هەڵمەتی «ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری دیموکراتیک بۆ پرسی کورد» ئێشکگریی دادپەروەری دەستی پێ کرد و هێشتاش بەردەوامە.

لە چالاکییەکەی وان، بەڕێوەبەری (توای-دەر)، سۆسن ئۆکتای ڕایگەیاند، پێویستە گەل خاوەندارێتی لە مانگرتن لە خواردن بکات و گوتی: "دەمانەوێت بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و هەموو زیندانیان ئازاد ببن".

هەروەها لە ئیستنەبوڵ، هاوسەرۆکی (مە توای-دەر)، دیلەک سۆنمەرز، ڕایگەیاند، بۆ گەیاندنی داخوازی زیندانیان بە تەواوی جڤاک ڕێ و ڕێبازی نوێ دەگرنەبەر.

لە چالاکییەکەی ئەدەنە، بەشداربووان بانگەوازی پشتگیری چالاکییەکە و داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد.

هەروەها لە مێرسی ئێشکگرییەکە بەردەوام بوو، بنەماڵە و کەسانی بەشداربوو پشتگیریان لە چالاکی مانگرتنی بەکۆمەڵ کرد.

لە چالاکییەکەی ئامەد، هاوسەرۆکی دەبەپە، محەمەد شیرین گوربوز و بەپرسانی کۆمەڵەی پشتیوانی و هاوکاری کۆچبەران (کۆچ-دەر)ی ئامەد سەردانی ئێشکگرییەکەیان کرد، بۆ ڕێگری لە مردنی زیندانیان بانگەوازی هەڵگرتنی گۆشەگیریان کرد.

چالاکوانان درووشمی "بژی بەرخۆدانی زیندانەکان" و هەلهەلەیان بەرزکردەوە.