ئەسەپە داوایکرد لە دژی داگیرکاری ڕاپەڕن

پارتی سۆسیالیستی بندەستان (ئەسەپە) بانگەوازیکرد لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەسەر باشووری کوردستان ڕاپەڕن.

ئەسەپە-کوردستانی ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردوەوە و ڕایگەیاند: "ڕژێمی فاشیستی داگیرکەری ماوەیەکە هێرشەکانی لەسەر باشووری کوردستان و بەتایبەت لەسەر ئامێدی و سەرگەلێ بەردەوام دەکات. گوندەکانی هەرێمەکە چۆڵ دەکات و بۆردوومانەکانی بەردەوامە."

هەر لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە ماوەی سێ ساڵە دەوڵەتی تورک چەکی ناوەکی و کیمیاوی بەکاردەهێنێت و تاوانی جەنگی ئەنجام دەدات، کە بەگوێرەی هەموو یاسا نێونەتەوەییەکان قەدەغەکراوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەسەپە سەرنج دەخاتە سەر هاوکارییەکانی پەدەکە بۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک و دەڵێت: "بێگومان پەدەکە لەم هێرشە داگیرکارییانەدا بە هاوکاریکردنی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕێت. پەدەکە بەردەوامە لە نۆکەری و هاوکارییکردن بۆ دووژمن."

هەرەوەها ئاماژەی بەوەدەکات ئەم داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورک کە بە بەرچاوی جیهانەوە بەڕێوەی دەبات، ئامانجەکەی بۆ لەناوبردنی پەکەکە و پێکهێنانی خەیاڵەکانی میساقی میللیە.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا ئەسەپە بانگەوازی بۆ تێکۆشان لە بەرامبەر داگیرکارییەکان دەکات و دەڵێت: "جەنگی نەگریس هەژارییەکانی سەر گەلەکەمان زیاتر دەکات. لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە گەلەکەمان و هەموو لایەنە چەپگەرەکانی کرێکاران لەناو هێڵێکی مرۆڤایەتیانەدا بە تێکۆشانی حورمەت و ئازادی جێگەی خۆیان بگرن و بەشداری تێکۆشان بن."