" ئەڤین و باگەر، ئێوە خۆشەویستی و گەردەلولی شۆڕشەکەمانن"
شەڕڤانێکی ئینتر ناسیۆناڵیست لە رۆژئاوای کوردستان یادی ئەڤین گۆیی و باگەر نوژیان گەریلای ئینتر ناسیۆناڵیست بەرز دەنرخێنێت کە هەردوکیان لە مانگی کانوونی یەکەمدا شەهید بوون.
شەڕڤانێکی ئینتر ناسیۆناڵیست لە رۆژئاوای کوردستان یادی ئەڤین گۆیی و باگەر نوژیان گەریلای ئینتر ناسیۆناڵیست بەرز دەنرخێنێت کە هەردوکیان لە مانگی کانوونی یەکەمدا شەهید بوون.
هەفتەی رابردوو مەراسیمێکی یادکردنەوە بۆ شەهید باگەر نوژیان (میشێل پانسەر) گەریلای ئینتەرناسیۆناڵیستی ئەڵمانی بەڕێوەچوو، کە ١٤ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨ لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا شەهیدببوو.
لە مەراسیمەکەدا نامەی شەڕڤانێکی ئینتر ناسیۆناڵیست کە لە رۆژئاوای کوردستان لە تێکۆشاندایە، خوێندرایەوە، کە باسی شەهید باگەر و هەروەها شەهید ئەڤین گۆیی (ئەمینە کارا)ی کردووە، کە ٢٣ی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ لە گەڵ هونەرمەند میر پەروەر و وڵاتپارێز عەبدولرەحمان کزڵ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا تیرۆر کران.
دەقی نامەکە بەم جۆرەیە:
"لە خۆشەویستی و گەردەلولەوە
کانوونی یەکەم مانگی شەهیدانە.
هەروەها مانگی سەرما، مانگی تاریکیی و مانگی وچانە.
مانگی کانوونی یەکەم بوو کە دوو ڕۆحی جوان لە ئێمە ڕۆشتن، هەردووکیان میلیتانتی یەک خەبات بوون، هەردووکیان هونەرمەندی ژیان بوون، کە بە قەشەنگی لە خودی ژیان و هەرکەسێک نزیک دەبوونەوە کە پێیان دەگەیشت. هەردووکیان دوو سەماکەری کارامەی سەمای سەرپەت بوون و لە حەقیقەتێک دەگەڕان کە لێوانلێوبوو لە خۆشەویستی بۆ ئازادی. هەردووکیان لە گەشتی گەڕانێکدا بوون لە لەگەڵ ئامانجەکانیان کردبوونی بەیەک جەستە. کوردوتەنی؛ وەک کلیل و کێلون ببوونە یەک ئامانج. سەرتاپای هزر و کردار و وتار و ڕامانیان ببوونە خودی شۆڕش. هەردووکیان هێز و وزەیەکی بێکۆتابوون بۆ هەوڵدانێکی ئەبەدی بۆ پەروەردەکردن، مەشق و ڕاهێنان، فێربوون، پرسیارکردن، لێکۆڵینەوە، گفتوگۆکردن، ئەفراندن، گۆڕانکاری، داڕشتن، پەرەپێدان، بەخشین، وەرگرتن، هەوڵدان بۆ کۆتاییەکی شکۆمەندانە. هیچ پرسیارێک کە لێیان دەکرێت بێمانا نییە. هیچ کەسێک کە لەدیداری ئەوان بووبێت بێ بەهانیە. هیچ دۆخێک بێ بایەخ نییە، هیچ ڕووداوێک بێ واتا نییە. ئەوان لەومرۆڤانە بوون کە بە قووڵی دەیانڕوانی، کە بە ڕەهایی ژیان؛ تۆ بەو ڕەنگە دەبینن کە تۆیت و وەهاش خۆیان دەردەخەن هەر وەک ئەوەی کە هەن. ئەوانە لەومرۆڤانەن کە هیچ ڕیاییەک نازانن، پڕن لە خۆشەویستی بۆ مرۆڤەکان و بۆ پێکەوەژیان.
چەندین نەوە لە نێوانیان ئەواندا هەیە، کاتێک ئەڤین - خۆشەویستی- لە ساڵی ١٩٨٨دا لە ڕیزەکانی هێزی گەریلادا چووە ناو خەباتێکی ئەبەدی، باگەر - گەردەلول - لە هەمان ساڵدا لە دارستانە دێرینەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا لەدایک بووە. و دواجار خۆیان لە یەکڕێگا بینیەوە. هەردووکیان دەستیاندایە بەرجەستەکردنی بەهاکانی مرۆڤایەتی لە میلیتانتەکانی بزاوتی پارتی کرێکارانی کوردستان نوێنەرایەتی دەکات. ئەڤین، کچی بۆتانە، کە دڵی دێرین و زیندووی میزۆپۆتامیایە، و باگەر، کوڕی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتە کە هەرکەسێک کەسایەتی و ژیان و کارەکانیان بناسێت، سیمای شۆڕشی داهاتووش دەناسێت، شۆڕشی داهاتوو کە لە مێژە بووە بە ئاوازی لاواندنەوی منداڵانی کوردستان لەم هەرێمەی کە منی لێم ئەوان کە لەتەکی گەورە دەبن، ئێستا ڕیتمەکانی لە دارستانی منداڵە ونبووەکانی خۆراوای ئەم جیهانەشدا دەنگ دەدەنەوە.
ئەوە کەسایەتی ئەو جۆرە مرۆڤانەن کە هەمیشە دەمانەوێت لە تەنیشتمان بن. ئەو هەڤاڵانەی هەمیشە داوای ئامۆژگاریمان لێدەکردن. ئەو هاوڕێیانە کە پێشتر بەناو خەیاڵدا گەڕاون و بیرۆکە و تێڕامانی قووڵیان ئەنجامداوە. ئەوانەن کە لەناو خۆیاندا ئارامییەکی وەهایان بوونیادناوە کە هەرگیز نالەرزێ و دڵنیایی و ڕۆشنایی دەبەخشن. ئەوان بوونەوەری دڵسۆزی و ئارامگرتن و سۆزن. ئەوانە دڵ و ڕۆح و خەونەکانیان لەگەڵمان بەش دەکەن. ئەوانە هەرگیز بێپاراستن نین! ئەوان دوژمنەکانیان لە تەوقی سەر هەتا نوکی پێ هەڵسەنگاندووە و خۆیان بۆ هەموو بارودۆخێک ئامادەکردبوو. ئەوان هەرگیز نەزان نەبوون! ئەوان هەردەم ئامادەبوون بە هەرچی کە شکیان دەبرد حەقیقەتی خۆیان، دڵە زیندووەکەیان و ئەو ژیانەش کە پێکیان هێناوە ، بیپارێزن. دڵنیایی ئەوانیش لە کارامەیی و ئەو ماندوونەبوونە بێوێنەیەدا بوو. ئەوان باوەڕێک بوون کە ئێمەی هەڤاڵیان پەروەر دەکرد. ئەوەی لەگەڵخۆی ڕاستگۆ بێت، دەتوانێ لەتەک ئەو هەڤاڵانەدا تا دوارادە پەروەردە ببێت. لەوانەیە پێویستە بەناچاریش قبوڵی بکەین، کە ئەوان بە قەبارەیەک مەزنن کە ئێمە هەرگیز بەدەستی ناهێنین. هەندێک جار سەرچاوەی هێزی ئەوان بۆمان دەبێت بە پرسیارێک ، کە هەرگیز وەڵام نادرێتەوە.
خۆشەویستی و گەردەلول (ئەڤین و باگەر) هەردووکیان منداڵی ئەم شۆڕشە دێرینە و ڕاپەڕینی مرۆڤایەتین. منداڵانی سەرگوزەشتەیەکن کە هەمیشە بەدوای ئەفراندندا دەگەڕێت. لەم سەرزەویەی منی لێم ، ئەو جەنگە ڕووخساری خۆی هەیە. پێکەوەبوون لێرە بە واتای هەڤالێتیەک دێت کە هەموو سنورە دەسکردەکانی جیهانی دەربازکردووە. لەهەموو بارودۆخێکدا تێکۆشان بەهەموو ئاستەنگیەکانیەوە بڵند دەکرێت، بە گوێگرتن و هزراندنەوە چیرۆکی و وەسفی نامرۆڤانەی دەوڵەتان وەلادەنرێ و شۆڕشێکی دادپەروەرانە بۆ مرۆڤایەتی دەئافرێنرێت.
ئەڤین فەرماندەی یەکەمی گەریلا ئینتەرناسیۆنالیستەکان بوو کە لە ساڵانی نەوەدەکان لە شاخەکانی کوردستان. لێیان فێر دەبوو و فێری دەکردن، ئەڤین بە زمانێک دەدوا کە پێویستی بە هیچ وشەیەک نەبوو. هەر کەس پێی دەگەیشت چەندین کاتژمێری بە چاوتروکانێک دەرباز دەبوو، کە تیایدا وا ئەڤین بە زمانی دڵ دەدوا. باگەر یەکێک بوو لەو گەریلا ئەنتەرناسیۆنالیستە بێشومارانەی کە لە چەن دەیەی ڕابردوودا شاخەکانی کوردستانیان بە ماڵی دڵیان ناوبرد و لە بەرەی خەباتی دژە فاشیستی دژی کۆلۆنیالیزم و بەربەریزمدا بەشداری کرد. هەروەها زمانی ئەم شۆڕشە لە ڕادەبەدەر باش تێگەیشتبوو. نەک هەر زمانی مۆسیقا و ئەخلاق و هەڤاڵێتی، بەڵکو لە زۆرێک باشتر پەی بە پێکهاتەی کیمیای ئەم شۆڕشە بردبوو.
پێکهاتەی ئەم شۆڕشە چییە؟
“فۆرمە ئەفسوناویەکەی “ژن ژیان ئازادی” کە ئەمڕۆ بە تەواوی جیهاندا پرشنگ دەدات، لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟
لە ئەڵمانیا چی بەگوێی یەکدا دەچرپێنن؟
هەڤاڵمان باگەر لێکۆڵینەوەیەکی بۆ بەجێهێشتووین کە لە چەند مانگی پێش شەهیدبوونی نوسیبووی بەناونیشانی "ئینتەرناسیۆنالیزم و پێسەنگایەتی شۆڕش". ئەو دەربارەی چەندین مژاری گرنگ دواوە، لەناویاندا ئەوەش کە لە دووری هەزاران کیلۆمەترەوە، ئەفسەرێکی مووچەخۆر لەبەردەم شاشەکەیدا دادەنیشێت و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ڕەوانەی ئەو هەرێمەکانی گەریلا دەکات و شەهیدیان دەکات. چەکەکانی ناتۆ لە چیاکانی کوردستان بیر و هزر، ڕۆح، ئایدۆلۆژیایەکی ڕزگاریخواز دەکەن بە ئامانج. پرێشکی ئەو شۆڕشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ٥٠ ساڵ لەمەوبەر لە لایەن کوڕێکی ئەم زەمینەوە بە ناوی "عەبدوڵڵا ئۆجەلان" هەڵگیرساوە، کە لە زێدی خۆیدا بە سۆز و پێزانینەوە بە ڕێبەر ئاپۆ ناودەبرێت. ئەو شۆڕشگێڕە ٢٥ ساڵی ڕابردووی لە پشت دیواری زیندانەوە بەسەر بردووە و لەو کاتەوە لە بەرخۆدانێکی بەردەوامدایە، بەرامبەر ئەشکەنجە و گۆشەگیریی. هەر لەوێ، لەم زیندانە بوو کە بۆ یەکەمجار دروشمی “ژن ژیان ئازادی” لەسەر کاغەز نوسرا، کە دواجاربوو بە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی جیهانی. ئەمەش ڕێبەر ئاپۆ دەکاتە یەکێک لە ڕادیکاڵترین خەباتکارانی دژە سەرمایەداریی سەردەمی ئێمە و هۆکاری ئەو سەرکوتکردنە بێسنوورەیە کە ئێمە شاهیدین، دژی ئەم بزووتنەوەیە کە ماندوونەناسانە و بە شانازییەوە خاوەنداری لە ناوی خۆی دەکات.
بێ گومان گەردەلول (باگەر) یەکێک بوو لە خوێندکارە بەئەمەکەکانی ڕێبەر ئاپۆ و خۆشەویستی (ئەڤین) یەکێک بوو لە ئازاترین میلیتانتەکانی. ڕامان و کرداریان ئەو شتانەن کە ئەم شۆڕشەی ئەفراندووە. ئەوە هەڤاڵانی وەک ئەوان بوون کە ئەو دوونیایەیان بەرجەستە کردووە. ئەوان نیشانمان دەدەن کە چۆن خەونەکان دەبن بە ڕاستی، چۆن دۆگما کۆنەکان دەشکێن و ئێمەش هەموو پێکەوە ڕووداوەکانی شۆڕشێکین کە بە بوونی خۆمان دەیئافرێنین.
ئەڤین و باگەر، ئێوە خۆشەویستی و گەردەلولی شۆڕشەکەمانن. بیرەوەریەکانی ئێوە بەواتای سەرکەوتنمان دێت.
بمرێ فاشیزم
بژی پێکەوە ژیانی شکۆمەندانەی گەلان
بژی ڕێبەر ئاپۆ
۱٤ی کانونی یەکەم ۲۰۲۳
هەڤاڵێک".
هـ . ب