ئیهەدە: چارەسەر بە لابردنی گۆشەگیری دەبێت

ئیهەدە ڕایگەیاند لە مەڕمەڕە لە ماوەی ٣ مانگدا هەزار و ٥٩٦ پێشێلکاری تۆمارکراون و گوتی: "چارەسەر بە هەڵگرتنی گۆشەگیری ئیمراڵی بەدی دێت".

کۆمیسیۆنی زیندانی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) لە ئیستەنبوڵ "ڕاپۆرتی پێشێلکاریی ماف لە زیندانەکانی هەرێمی مەڕمەڕە" بۆ مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ ی ئاشکرا کرد.

لە ڕاپۆرتەکەدا دووپاتکراوەتەوە، لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا لە زیندانەکانی هەرێمی مەڕمەڕە، هەزار و ٥٩٦ پێشێلکاری ئەنجامدراون و مافی زیندانیەکان پشتگوێ خراوە،

هاوسەرۆکی کۆمەڵەکە گوڵسەرەن یۆلاری تیشکی خستەسەر بەردەوامیی گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە دوورگەی ئیمراڵی و مانگرتن لە خواردنی زیندانیان، گوتی: "لەم پرۆسەی مانگرتن لە خواردنەدا داخوازی هاوبەشی بنەماڵەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و یاسایی و تەندروستی، پێش ئەوەی ئەم مانگرتنە کاریگەری نەرێنی لەسەر زیندانیان بکات، پێویستە کۆبوونەوە لەگەڵ زیندانیان بکرێت و هەنگاوی پێویست بنرێت، چارەسەریش هەڵگرتنی گۆشەگیرییە لە زیندانی ئیمراڵی".

لەکۆتاییدا گوڵسەرەن یۆلاری دووپاتی کردەوە، پێویستە هەموو ئاستەنگەکان لەپێش مافی ئازادی زیندانیان لاببرێت، ئەو کەسانەی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ ئەنجام دەدەن دادگایی بکرێن و ڕێگە لەم پێشێلکارییانە بگیرێت.