پارێزەران نووسینگەی یاسایی سەدە بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری ڕەهای سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و عومەر خەیری کۆنار و حامیلی یەڵدرم و وەیسی ئاکتاش ڕاپۆرتێکی تایبەتیان پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
پارێزەران لەڕێگەی ڕاپۆرتەکەوە ئاماژەیان بەوە کردووە دەوڵەتی تورک ڕێگەی چاوپێکەوتنی قەدەغە کردووە. جەختیان کردۆتەوە، پێویستە ڕەچاوی ڕاپۆرتەکە بکرێت و هەنگاوی بەپەلە بنرێت.
سەرۆکی فۆرومی عەرەبی-ئەوروپی بۆ دیالۆگ و مافەکانی مرۆڤ لە ژنێڤ، ئەیمەن نەسڕی پەیوەست بە گۆشەگیری ڕەهای سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.
ئەیمەن نەسڕی ڕایگەیاند گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دژی یاسا و پێوەرە نێونەتەوەییەکانە و تورکیا ڕێگەی دیدار و دەسکەوتنی زانیاری داخستووە، گوتی: "ئەمە جێگەی شەرمەزارییە. هەرچەند ئەشکەنجەی دەروونیش بێت، بەڵام لە زیندان ئەشکەنجە هەیە. زیندانییەکان ڕۆژی ڕووناک نابینن و ناتوانن مافەکانیان بەکاربهێنن. ئەمەش لە ئایندە کاریگەری دەکاتە سەر ژیانیان".
نەسڕی داوای لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان کرد بەرامبەر گۆشەگیری ئیمراڵی هەڵوێست بنوێنن و هەنگاو بنێن، گوتی: "پێویستە ئەنجوومەنی نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ و ئۆفیسی کۆمیسەری باڵای مافەکان مرۆڤ دەستوەردانی بەپەلە بکەن. چونکە ڕێبەر ئاپۆ کەسایەتی بەناوبانگە، ڕۆڵ و پێگەیەکی مەزن و بەنرخی لەنێو جڤاکدا هەیە".