ئۆزتورک: پێویستە سۆسیالیستەکان بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆیان هەستن
سەرۆکی گشتی ئەهەپە هاکان ئۆزتورک ڕایگەیاند پێویستە سۆسیالیستەکانی تورکیا بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆیان هەستن، ڕای خۆیان دەربارەی پرسی کورد و ئاشتی و خوشک و برایەتیی دەرببڕن.
سەرۆکی گشتی ئەهەپە هاکان ئۆزتورک ڕایگەیاند پێویستە سۆسیالیستەکانی تورکیا بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆیان هەستن، ڕای خۆیان دەربارەی پرسی کورد و ئاشتی و خوشک و برایەتیی دەرببڕن.
سەرۆکی گشتی پارتی بزووتنەوەی کار (ئەهەپە) هاکان ئۆزتورک دەربارەی بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا و گوتی: "بانگەوازەکەی ئۆجالان، بانگەوازێکە بۆ چەکدانان و بەدیهێنانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و سیاسەت. پاش ڕووداوە مێژووییەکان و ڕووداوەکانی ئەم دواییە، دەبوو بانگەوازێکی وەها بکرێت". ئۆزتورک دووپاتی کردەوە، دەبێت ئەمە بە ئەرێنی ببینرێت، لە بابەتی پرسی کورددا فشار و کۆدەنگییەک هەیە، ئەم فشارە بەهێزە و پشت بە ڕاستی دەبەستێت و ڕەوایە، دەشێت ئەنجامێکی لێ بکەوێتەوە.
ئۆزتورک تیشکی خستەسەر "پرۆسەی چارەسەر"ـی پێشوو و ڕایگەیاند تەنها وەستاندنی خوێنڕشتن دەشێت وەک ڕەوشێکی ئەرێنی ببینرێت، لە ژینگەی پرۆسەدا هەندێک دەسکەوت پەیوەست بە بەکارهێنانی زمانی کوردی بەدەست هات، بەرخۆدانی گەزی هەبوو، هەدەپە ١٣٪ دەنگەکانی بەدەستهێنا، چیتر ئاکەپە نەیتوانی بەتەنها حکومەت پێکبهێنێت، هەروەها گوتی: "پرۆسەی نوێش ئەنجامێکی لەم جۆرەی دەبێت. فشار بۆ داخوازی دیموکراسی، لە فشاری ڕێگرییەکان بەهێزترە".
ئامادەکردنی کۆمەڵگەی تورک بۆ ئاشتی
ئۆزتورک ڕایگەیاند گەلی تورک دەتوانێت بۆ پرۆسەی ئاشتی ئامادە بێت، دەیان ساڵە پرۆپاگەندەی شۆڤێنی دەکرێت بۆیە کارەکە ئاسان نابێت، بەڵام هەمیشە تێکۆشانی خوشک و برایەتی بەهێز بووە، ئەم تێکۆشانە لەئێستەدا دەرفەتێکی مەزن دەهێنێت، گوتی: "کۆمەڵگە دەسکەوتی زۆری کۆکردۆتەوە، بەم ئەزموونانە دەتوانێت بەرچاوڕوون بێت. گوتی: "دەسپێکێکی باش هەیە، زمان و هەڵوێستەکان بەرەو دیموکراسی و ئازادی دەگۆڕێن. ئەمەش زۆر بە خێرایی ڕوودەدات. هەمیشە دەسپێک قورسترین هەنگاوە. لە سندوقە داخراوەکەوە ڕووناکی دەرکەوت. بە کاریگەریی هەنگاوە سەرەتاییەکان دەتوانین پەیوەندییەک لە نێوان ئامانج و مەرجەکانی دیموکراسیدا دروست بکەین، بەمەش کارەکە دەگۆڕێت بۆ هەنگاوێکی سیاسی".
سۆسیالیستەکانیش بۆ ئەم پرۆسەیە ئامادە نین
ئۆزتورک ڕایگەیاند پارتە سۆسیالسیتەکانی تورکیاش بۆ ئەم پرۆسەیە ئامادە نین، بەڵام دەتوانرێت ئامادە بکرێن، گوتی: "ئەرکی ڕوونکردنەوە پرسی کورد و خوشک و برایەتی و ئاشتی، بەردەوام لە ئەستۆی سۆسیالیستە کوردەکان بووە. پێویستە بێجگە لە سۆسیالیستە کوردەکان، ئەوانیتریش ئەم ئەرکە بگرنەئەستۆ. بۆ نموونە، باسکردن لە پرسی کورد و ئاشتی و خوشک و برایەتی نموونەیەکی باش بوو. پێویستە لەسەر ئەم بناغەیە هەنگاو بنێن. دواتر پێویستە ئەمە بۆ تەواوی کۆمەڵگە ڕوون بکرێتەوە. کاری سەرەتایی سۆسیالیستەکان ئەوەیە، باوەڕ بەوە بهێنن ئەم پرسە دەکرێت چارەسەر بکرێت".