ژنان لە شاری شەمڕەخ نووسینگەیەکی هەڵبژاردنیان کردەوە

ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی مێردین نووسینگەی هەڵبژاردنی ژنانیان لە شاری شەمڕەخی مێردین کردەوە.

ئەنجوومەنی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان - مێردین، لە چوارچێوەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ٣١ی ئازار، نووسینگەی هەڵبژاردنی ژنانیان لە ناوچەی شەمڕەخی مێردین کردەوە.

ئەندام پەرلەمانی دەم پارتی مێردین بێریتان گونەش و کاندیدی هاوسەرۆکایەتی شارەوانی مێردین دەڤریم دەمیر و کاندیدی هاوسەرۆکایەتی شارەوانی شەمڕەخ قودرەت ئوچوک و ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بەشدارییان لە کردنەوەکەدا کرد.

ژنان لە بەردەم نووسینگەی هەڵبژاردنی ژنان کۆدەبوونەوە و بۆ ماوەیەکی زۆر سەمایان کرد و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" یان وتەوە.

کاندیدی هاوسەرۆکی شارەوانی مێردین، دەڤریم دەمیر لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند هەڵبژاردنی ناوخۆیی ٣١ی ئازاردا زۆر گرنگە و وتی، لە ڕاستیدا هەموو هەڵبژاردنێک بۆ ئێمە گرنگە. چونکە ئێمە وەک کۆمەڵگا تێکۆشان لەسەر بوون و مانەوە دەکەین. کاتێک لەم ڕوانگەیەوە سەیری دەکەین، باشتر لە گرنگی هەڵبژاردن تێدەگەین. هەموو شارەوانییەکانمان لەژێر دەستی قەیومەکاندان. ئەمە دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەلەکەمانە. بۆیە دەبێ ئێمە تێبکۆشین شارەوانیەکانمان وەربگرینەوە.

دوای وتارەکە، نووسینگەی هەڵبژاردن لەلایەن ژنانەوە کرایەوە.