"زمانی کوردی بۆ ئێمە هێڵی سورە"

پەرلەمانتاری دەم پارتی، گولجان کاچماز، دژی قەدەغەی سەر زمانی کورد لە ناوەندەکانی خوێندن لە تورکیا لەنێو پەرلەماندا بە زمانی کوردی قسەی کرد و گوتی "زمانی کوردی بۆ ئێمە هێڵی سورە".

ژنە پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، گولجان کاچماز، لە پەرلەمانی تورکیا بە زمانی کوردی قسەی کرد، سڵاوی لە زیندایانی مانگرتوو لە خواردن کرد و گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی شەرمەزار کرد.

کاچماز بە زمانی کوردی دوا و ئاماژەی کرد بە مافی هەمووان بۆ قسەکردن بە زمانی دایکی خۆیان، گوتی: "زمانمان، زمانی کوردییە و بۆ ئێمە هێڵی سورە".

لەمیانی قسەکانی کاچماز پەرلەمانتارانی ئاکەپە و مەهەپە و ئیی پارتی ناڕازەیەتیان دەربڕی، لە وەڵامدا کاچماز پێی گوتن: "دەتوانن وەرگێڕ بانگ بکەن". لە بەرامبەردا سەرۆکی پەرلەمان گوتی: "زمانی تورکی تاکە زمانی فەرمییە و دەبێت بەو زمانە قسە بکرێت".