زیندانیان بە مانگرتن لە خواردن بەشداری هەڵمەتی ١٠ ی تشرینی یەکەم دەکەن

زیندانیانی دۆزی پەکەکە و پاژک، ڕایدەگەیەنن لەرێگەی مانگرتن لە خواردنی بەنۆرەوە، بەشداردەبن لە هەڵمەتی نێونەتەوەیی ١٠ ی تشرینی یەکەم بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی پرسی کورد.

بە ناوی زیندانیانی پەکەکە و پاژک، دەنیز کایا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، وەک هەنگاوی سەرەتا لەنێوان ٢٧ ی تشرینی دووەم و ١٥ ی شوبات بەشێوەی بەنۆرە مانگرتن لە خواردن ڕادەگەیەنن و بەم جۆرە بەشداردەبن لە هەڵمەتی ١٠ ی تشرینی یەکەم. لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، زیندانیانی نەخۆش و بەتەمەن و ئەوانەی ٢ ساڵ سزایان ماوە، بەشداری چالاکییەکە نابن.

سڵاو لە چالاکی ١٠ ی تشرینی یەکەم دەکەین

لە ڕاگەیاندراوەکەدا بە ناوی زیندانیانی پەکەکە و پاژک، سڵاو لە کەمپەینە دەکرێت. بانگەواز لە هەمووان دەکرێت بە چالاکی جۆراوجۆر بەشداری هەڵمەتەکە بکەن. پاشان تیشک دەخەنە سەر گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، باس لەوە دەکەن، سەپاندنی ئەم سیاسەتە دەریدەخات تێکۆشانی ئیمراڵی چەندێک بەرفراوانە.

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا، دووپاتکراوەتەوە، هەرچەن گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پێش هەموو لایەک ئازارەکەی بۆ کورد سەختە، بەڵام هاوکات هێرشێکە بۆ سەر ئایدیاڵی دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا.

فیکری نەتەوەی دیموکراتیک و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، بەهۆی زاڵبوونی ئایین‌پەرستی و نەتەوەپەرستی و ڕەگەزپەرستییەوە، جڤاک بێهێز و بێچارە کراوە. هیچ چارەسەرێک لەنێو ئەم ڕوانگەیەدا نییە، شەڕی ئیسرائیل و فەڵەستین دوایین خاڵی ئەم زیهنیەتەیە. ئەنجامەکەی هەرچی بێت، ئەم شەڕە بە کەڵکی مرۆڤایەتی نایەت.

باس لەوە دەکات، لەبەرامبەر ئەم ڕەوشەدا، چارەسەر کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە و هیوایەکە بۆ سەرلەنوێ بوژاندنەوەی ژیان. سەپاندنی گۆشەگیری هەوڵێکە بۆ ڕێگری لە چارەسەر و دەڵێت: "ئەم گۆشەگیرییە لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆدا، بەرامبەر هەموو گەلان و ئەڵتەرناتیڤی ژیانی ئازاد کراوە و تا دێت گرانتر دەبێت".

بەڵێنی شۆڕش لە ڕۆژئاوا، لە شەنگال بەدی هات

هاوکات لە ڕاگەیاندراوەکەدا دووپاتکراوەتەوە، سیاسەت لە تورکیادا بۆتە گۆڕەپانی بەرژەوەندیی گرووپەکان، ئۆپۆزیسیۆنە بەناو دیموکرات و کۆنفۆرمیستەکان، ناتوانن لەدەرەوەی سیستەم چارەیەک بدۆزنەوە. لە تورکیا هەردەم باسی ئەنجامەکان دەکرێت نەوەک هۆکارەکان. پرسی کورد هۆکاری سەرەکییە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دووپاتکراوەتەوە، ڕێبەری گەلی کورد لە هەموو هەلومەرجێکدا، ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری و دیموکراسی دەپارێزێت، ڕێگە دەگرێت لەوەی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە ئەم بەها و پێویستیانە لەناوببات. ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، هەر بەڵێنێک بدات بە جێی دەگەیەنێت، دەڵێت: " بەڵێنی شۆڕشی بە گەلانی ڕۆژئاوا دا، لە شەنگال هاتە دی، ئەم شۆڕشە لەڕێگەی جڤاکی کوردەوە بە هەموو گەلان و جیهاندا تەشەنەی کرد. ڕێبەر ئاپۆ ڕێبەرێکە هەمیشە ڕووی لە چاکە و جوانی و ڕاستیە، هەوڵ دەدات هەموو ئەمانە بگەیەنێت بە ژیان و مرۆڤەکان، لە هەموو ڕەوشێکدا لەسەر پێی خۆی دەمێنێتەوە؛ بیرکردنەوەی ئازاد بەرهەم دەهێنێت و بۆ هەموو کێشەیەک چارەسەری هەیە. لەسەر بناغەی ئەو بەهایانە فیکر و فەلسەفەی خۆی لەڕێگەی پارادایمی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیک و ئازادیخوازی ژنەوە، خستە خزمەتی مرۆڤایەتییەوە. بەم پارادایمە ئەمڕۆ و پاشەڕۆژیش بنیات دەنرێت".

ئێمە لەڕێگەی هەبوونی خۆمانەوە هەست بە قووڵی گۆشەگیری دەکەین

دووپاتی دەکەنەوە، چارەسەری پرسی کورد و ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان یەک شتن بۆیە هەڵمەتەکە ناونراوە"ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارسەر بۆ پرسی کورد".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێن: " وەک زیندانیانی پەکەکە و پاژک هەست دەکەین لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر ڕۆژێکدا هەلومەرجەکە قورستر دەبێت و هەموو چالاکییەکان لە هەلومەرجێکدا ئەنجام دەدرێن کە گۆشەگیریی قووڵتر بووەتەوە. لە هەر کوێ هەناسە بدەین، لە هەر کوێیەک بێت، هەرگیز دەستبەردار نابین لە  ژیانی ئازاد و باوەڕمان بە یەکێتی یەکسانی-ئازادی گەلەکەمان. ئێمە بە ئیرادەیەکی گەورە و ئاستێکی حزبایەتی مەزنتر، هەوڵ دەدەین شایستەی ڕێبەر ئاپۆ بین کە ئافرێنەری ئەم ئایدیاڵانەی ئێمەیە".

مانگرتن لە خواردنی بەنۆرە

زیندانیانی پەکەکە و پاژک ڕایدەگەیەنن، لە نێوان ٢٧ ی تشرینی دووم و ١٥ ی شوبات، چالاکی مانگرتن لە خواردنی بەنۆرە ئەنجام دەدەن. بەم چالاکییەش بەشدار دەبن لە هەڵمەتی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەر بۆ پرسی کورد". دەڵێن، نابێت نەخۆش و بەتەمەن و ئەوانەی سزای دوو ساڵیان ماوە بەشداری چالاکییەکە بکەن. ئاماژە بەوە دەکەن، نامە و پەیامەکانیان بۆ دامەزراوە و ڕێکخراوەکان زیاتر دەبێت و بەرپرسیارێتی (سی. پی. تی.) بەبیر دەهێننەوە.

زیندانیان دەڵێن: " بەم بۆنەیەوە بە هەڵمەتێکی نوێی بەرخۆدان پێشوازی لە ٢٧ ی تشرینی دووەم، ساڵیادی دامەزراندنی پارتەکەمان (پەکەکە) دەکەین، بەدڵسۆزییەکی مەزنەوە، سڵاو لە  ڕێبەر ئاپۆ دەکەین کە پارادایمی ژیانی ئازادی کردۆتە دیاری گەلان، بە ڕێز و سوپاسەوە شەهیدە قارەمانەکانمان بەبیردەهێنینەوە کە ژمارەیان دەگاتە ٤٠ هەزار شەهید، بەڵێن دەدەین، ئەم تێکۆشانە بە سەرکەوتن تاجدار بکەین. وەک زیندانیانی پەکەکە و پاژک سڵاو لە هەموو هاوڕێیان و گەلە تێکۆشەرەکەمان دەکەین و دەڵێین، ٤٥ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتەکەمان (پەکەکە) لە هەمووان پیرۆز بێت.

بە درووشـمی "گەلی ئازاد، نەتەوەی دیموکراتیک" سڵاو و ڕێز و خۆشەویستی خۆمان بۆ هەموو ڕای گشتی دیموکراتیک دەنێرین".